Ana içeriğe atla

پرسى بەختەوەریی دونیا: گفتوگۆیەک لەگەڵ مورشید میشۆ کاریکاتێریستى بەنگلادشى

پرسى بەختەوەریی دونیا: گفتوگۆیەک لەگەڵ مورشید میشۆ کاریکاتێریستى بەنگلادشى
posted onFebruary 11, 2019
noyorum

 

کاریکاتێریستێکى ٢٥ ساڵەى بەنگلادش، بە شێوەیەک واقعى کردووەتە کارێکى هونەرى تا چاوەکانمان بشۆین و عەمران و کەسانى وەک ئەو بە جوانتر و جۆرێکى دیکە ببینین. وێناى ئەوە بکەن کە عومران کوڕێکى بەبزە و خوێنەرەوە بێت!

 

کاریکاتێرەکانى میشۆ، بانگهێشتى ئەوەمان دەکەن کە خەڵکى ئازاردیتووى جونیا نەک وەک "ئەویدى" هەمیشەیی و یا کەسانێکى شیاوى بەزەیی، بەڵکو وەک کەسانێکى وەک خۆمان هەژماریان بکەین. کاریکاتێرەکانى میشۆ بە ناوى "پرسى بەختەوەریی دونیا ـ The Global Happiness Challenge) لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوە و خۆشەویستییەکى زۆریان بۆ دەربڕدرا.

بیرۆکەى "پرسى بەختەوەریی دونیا" لە زەینى مورشید، لەو وێنە تاڵ و ئازاراوییانەوە دەستى پێ کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەوە.

پرسى بەختەوەریی دونیا

لە تایبەتمەندییە دیارەکانى دونیاى ئێمە، وێنەى کارەساتبارە لە سەرتاسەرى دونیا کە هەر شەوەى لەسەر ڕووپەڕى ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە نێو تەلەفزیۆن و تەلەفۆنەکانمانەوە دەبینرێن، هێندە ئەم دیمەنانە دووبارە بوونەتەوە کە بە بینینیان هەست بە دڵەخورپێ و ڕاچڵەکین ناکەین. لەم ساڵانەى دوایی، هیچ ڕووداوێک وەک شەڕ سوریە نەیتوانیوە هێندە کارەسات بخوڵقێنێت، بۆ نمونە وێنەى "عومران دقنیش"ـى کوڕیژگە پێنج ساڵانەکەى حەلەبى سوریە کە لە هێرشى ڕوسەکاندا ڕزگارى بوو، دڵى دونیاى گوشى، بەڵام کاتێک کە سەیرى عومران دەکەین، بیر لە چى دەکەینەوە و هزرمان بۆ کوێ دەچێت؟! ئاخۆ هەست بە بەزەیی بۆ کەسێک ناکەین کە هەزاران کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە؟ ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم تێڕوانینانە زۆربەیان لە باکوورى دونیاوە ڕوو لە باشوورى دونیان؟!

کاریکاتێریستە ٢٥ ساڵانەکەى بەنگلادش کارێکى کردووە کە وێنەکان بە جۆرێکى دیکە ببینین. عەمران بە بزەوە و خەریکى کتێبخوێندنەوە بێت، وێناى ئەوە بکەن کە شارێک هەمیشە بە بۆمبارانەوە بینیوتانە، ئێستا وەک پارکێکى سەرسەوزى پڕ لە ئاپارتمانى جوان ببینیت، ئەمە هەمان ئەو پرسەیە کە مورشید میشۆ کارى لەسەر کردووە، هونەرمەندێکى گۆڤارى "ئانمێد". ئەو چەند کاریکاتێرانەى مورشید وەک پرسێکى جددى هەژمار دەکرێن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆر بڵاو دەکرێنەوە و هەژمارى تویتەرەکەیشى زۆر بەرز کردووەتەوە و خەڵکێکى زۆر بووەتە بینەرى هەمیشەیی.

پرسى بەختەوەریی دونیا ٢

میشۆ خۆى لە بەنگلادیش نێوبانگێکى گەورەى پەیدا کرد و لەم دواییانەدا یەکێک لە پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەکانى بەنگلادش بە ناوى "کالێر کانتۆ" گفتوگۆیەکى دوور و درێژى لەگەڵ ئەنجام داوە. وەک بۆ ڕۆژنامەکەى باس کردووە، "پرسى بەختەوەریی دونیا" ئارەزووى هەبووە ئەو وێنە تاڵانە نەبینێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە و بوونەتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک تێدەگات کە ئەگەر نەشیانبینێت ناتوانێت لە زەینیەتى خۆى دەریان بکات. ئەو لە خۆى دەپرسێت "ئەگەر نەمهەوێت ئەم زوڵم و زۆرییە ببینم، کەوایە دەمەوێت چ ببینم؟"، لە زەینیدا دەگاتە وەڵامەکەش کە بریتییە لە "من دەمەوێت بزەکەیان ببینم. من دەمەوێت خەڵکى بە دڵخۆشى ببینم."

وێنەى باوکێکى گریاو کە منداڵەکەى لە باوەشە و هەڵدێت، بە گۆڕانکارییەک ئەم دیمەنە غەمبارانەیە دەگۆڕێت بۆ شادى و بڕیار دەدات بەختەوەرى بۆ هەموو تاڵییەکان ئەو وێنەیە پێشانى خەڵک بدات. میشۆ، هەروەک زۆرێک لە بنگلادشییەکان، نیشتماندۆستە و شانازى بە وڵاتەکەیەوە دەکات کە لە ساڵى ١٩٧١ و پاش شەڕێکى کورت بەڵام خوێناوى سەربەخۆیی خۆى بەدەست هێنا. ئەو لە گفتوگۆیەک ئەگەڵ ئێران وایر بەردەوام باسى شانازییەکەى بە بەنگلادش دەکات و پێداگرى دەکاتەوە کە نیشتماندۆستى لە بنەماڵەکەیەوە فێر بووە: "باوکم، عەبدولڕەزاق یەکێکە لە قارەمانە باڵاکانى ژیانى من. لەوەوە فێر بووم کە خۆشەویستى نیشتمانەکەم لە هەموو خۆشەویستییەک گرنگترە. هەمیشە حەزم لێ بووە کارێکى جوان بۆ وڵاتەکەم ئەنجام بدەم. باوکم خەباتکارێکى ئازادییە کە لە ساڵى ١٩٧١ بۆ سەربەخۆیی بەنگلادش شەڕى کرد. ئەو زەحمەتێکى زۆرى بۆ وڵاتەکەى کێشاوە و هێشتایش دەیکێشێت". میشۆ بە دایکى دەڵێت "خاتوونى ئاسنین"، چونکە وەک خۆى دەڵێت "هەموو منداڵەکانى پێشکەش بە وڵاتەکەى کردووە".

پرسى بەختەوەریی دونیا٢

میشۆ لەدایکبووى ساڵى ١٩٩١ى گەڕەکى "ئیبراهیم پوور"ى داکاى پایتەختى بەنگلادشە. لە منداڵییەوە کاریکاتێرى کێشاوە. هەمیشە لە بچووکیدا لەگەڵ برا گەورەکەى، کە کتێبەکانى کمیک ستریپیان دەخوێندەوە، وێنەکانیان دەکێشایەوە. هەڵبەت میشۆ بە بەردەوامى پێداگرى لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە برا گەورەکەى "ماهین" مامۆستاى ئەو بووە و کارەکەى لەو زۆر باشترە. هەروەک زۆرینەى لاوەکانى بنگلادش، میشۆیش سەرەتا هەوڵى داوە بچێتە نێو سوپاى وڵاتەکەیەوە. سوپاى بەنگلادش وەک زۆرێک لە وڵاتانى دونیاى سێیەم، بە نیشتمانپەروەرى و قارەمانى بەنێوبانگە. میشۆش ئارەزووى بووە خۆى لە نێو ڕیزەکانى سوپادا ببینێتەوە. براکەى لە هێزى دەریاییە و مێردى خوشکەکەى "بۆ ماوەیەکى زۆر" لە سوپادا خزمەتى کردووە: "کە لە قوتابخانە و زانکۆ بووم، وام بیر دەکردەوە کە چوونە نێو سوپا باشترین ڕێگەیە بۆ خزمەتکردنى وڵاتەکەم و تەنانەت مردن لە پێناویدا شەرەفە. بەڵام دوو جاران ڕەت کرامەوە و خەیاڵەکانم هەپروون هەپروون بوون. چیتر خەیاڵ و ئایدیا و ئارەزوویەکم نەما و تێک شکام".

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، زۆرێک لە ئەنجامانى بنەماڵەکەى هەمیشە پشتیوانى بوون، بەتایبەت مێردى خوشکەکەى کە لیوا "فردۆس قەیسەر خان" بووە و لەوبارەوە دەڵێت "هەرگیز هیواى بە من لە دەست نەدا".

خوولى دووەمى ژیانى بە "سەرکەوتن لە شکست" نێو دەبات. میشۆ دەستى بە نووسینى چیرۆک و شیعر و فۆتۆگرافى و وێنەگرتن کرد، بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتنى گەورەى بەدەست نەهێنا. تا ئەوەى کە ڕووى لە کێشانى کاریکاتێر کرد. لە ساڵى ٢٠١٢ بوو کە دەچێتە نێو ڕۆژنامەى بەزمەساتى "ئانمێد" کە یەکێکە لە باشترین و کۆنترین گۆڤارەکانى هیند.

پرسى بەختەوەریی دونیا ٤

"ئانمێد" لە سانسکریت بە واتاى "دێوانە" دێت. ئەم گۆڤارە لە ساڵى ١٩٧٨ دامەزرا بە هیواى ئەوەى کە نووسخە ئاسیاییەکەى گۆڤارى بەزمەساتى ئەمریکایی بە ناوى "مەد" بە واتاى "دێوانە" بێت. ئەم گۆڤارە ئەمریکاییە لە ساڵى ١٩٥٢ دامەزرا و تا دەیەى ١٩٧٠ گەیشتە نێوبانگێکى ئەفسانەیی. گۆڤارەکە بە سەرنووسەرى "ئال فلدشتاین" گەیشتە لووتکەى خۆى. ژمارەى چاپى گەیشتە دوو ملیۆن و لە سەراسەرى دونیا نێوبانگێکى گەورەى بەدەست هێنا.

دامەزرێنەرانى ئانمێد، لاوێکى ١٩ ساڵەشیان تێدا بوو بە ناوى "کازى خالد ئەشرەف". باڵانوێنى کرد بۆ ئەوەى ببێتە یەکێک لەو ڕۆشنبیرە درەوشاوانەى کە نمونەیان زۆرە لەم کیشوەرە. ئەشرەف دکتۆراکەى دواتر لە "زانکۆى پنسیلڤانیا" لە فلادلفیا وەرگرت کە یەکێکەلە لە زانکۆ بەنێوبانگەکانى ئەمریکا و ئەوڕۆش وەک ئەندازیار و مێژووناس بەنێوبانگە.

بە قسەى میشۆ، "گۆرۆ"ى ئانمێد "ئیحسان حەبیب" بوو، پیاوێک کە فەرمانبەرانى گۆڤارەکە بە "سەرۆک" بانگى دەکەن. میشۆ کە ئێستا بووەتە جێگرى سەرنووسەرى ئانمێد، هێشتا بانگى حەبیب هەر بەم ناوە بانگ دەکات و بە یەکێک لە پێشەنگەکانى پیشەى کاریکاتێر لە بەنگلادش ناو دەبات.

حەبیب لە بنەماڵە دیار و هونەرمەندگەلێکى وەک میشۆیە کە لە پیشەیەکى جیاوازەوە ڕووى کردە کاریکاتێریستى. لە باشترین زانکۆکانى بەنگلادش واتە "زانکۆى داکا" ماستەرى جوگرافیاى بەدەست هێنا، بەڵام چارەنووسى وەها بوو کە ماوەیەک سەرنووسەرى گۆڤارى زانستى ـ خەیاڵى بێت و لە دەیەى ١٩٨٠ لە لووتکەى ئانمێد دانیشێت و ڕۆڵى هەبێت لە درەوشانەوەى ئەو گۆڤارە.

پرسى بەختەوەریی دونیا ٥

میشۆ لەو بارەوە دەڵێت "پەڕجوویەکە لەوەدا بوو کە سەرۆک ڕێگەى بە من دا تا نیگارکێشى لە ئانمێد بکەم. گۆڤارەکە بڕوابەخۆبوونى منى بەرز کردەوە. شوێنگەى ئەوڕۆی من بەرهەمى دوو شتە: شکستى بەردەوام و ئانمێد."

ئەم کاریکاتێریستە لاوە لە وەسفى "سەرۆک"ى خۆى دەڵێت "خاڵێکى سەرنجڕاکێش لەوەدایە کە ئەگەر پێرستێک لە کاریکاتێریستە پیشەیی و لاوەکانى بەنگلادش دروست بکەن، ٩٠%یان لە ئانمێدن. کەوایە لەخۆڕت نییە بە حەبیب دەڵێن "باوکى کاریکاتێرى بەنگلادش".

کاریکاتێرەکانى میشۆ دەوامان لێ دەکەن کە بە جۆرێکى دیکە بڕوانین، چونکە لە چیرۆکە ڕاستەقینە غەمهێنەرەکان بەجۆرێکى دیکە بەختەوەرى و شادى دەبەخشێتەوە. ئەمەش بە بەرهەمى ماندووبوونى کەسانێکى زۆر دەزانێت کە لە گفتوگۆکانیدا بەردەوام ناویان دەهێنێتە سەر زمان و باسیان دەکات. ئەوانەى کە لەسەرەوە ناومان بردن و کەسانى دیکەى وەک "ئانیک خان"ى بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى ئانمێد کە یەکەم جار ناوى "پرسى بەختەوەریی دونیا"ى بۆ پێشنیار کرد و شیعرەکانى بۆ کاریکاتێرەکانى نووسى.

پرسى بەختەوەریی دونیا ٦

بەڵام کاریگەرترین چیرۆکێک کە مورشید لە نمونە باڵانوێنەکانى دەیگێڕێتەوە، چیرۆکى "عارف حوسەین"ـە، پیاوێک کە "مورشید بە چالاک و کاریگەریى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" ناو دەبات.

ڕۆژێکیان عارف چووەتە ئۆفیسەکەى و کەرەستەیەکى زۆر پێشکەوتووى دیجیتاڵى بۆ دروست دەکات "سەرەتا واقم وڕما و ئامادە نەبووم قبوڵى بکەم، بەڵا عارف پێى گوتم هونەرمەندەکانى دیکەى دونیا هەیانە و بەمە وێنەکانیان دەکێشن، بۆچى دەبێت هونەرمەندێکى بەنگلادشى لە دواوە بێت؟ ئەمە بگرە و بۆ وڵاتەکەت بکێشە".

کاریکاتێریستە لاوەکەى بەنگلادش هەوڵى دا بۆ وڵاتەکەى و بۆ بینینێکى جیاوازتر بکێشێت. ئەو لەم بارەوە دەڵێت "باوەڕم بەوەیە کە یەزدان بەرنامەگەلی گەورەتریى بۆ من لە مێشکدایە و هەر لەبەر ئەمەشە کە هەست بە بەختەوەرى دەکەم".

پرسى بەختەوەریی دونیا ٧