Ana içeriğe atla

ئیدیعای ئامادەیی کۆماری ئیسلامی بۆ هاوکاری سەبارەت بە ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لە سەروبەندی چالاككردنی میكانیزمی ماشە

posted onSeptember 9, 2025
noyorum

 

لە کاتێکدا کە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت، دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسداران، “امواج مدیا”، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ ئەو دەزگایە بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بكات.

ئەم ئیدیعایە لە کاتێکدایە کە بڕیارە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەروبەندی وادەی ٣٠ ڕۆژە بۆ چالاککردنی میکانیزمی ماشە، لەگەڵ ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە میسر کۆببێتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان، دوای هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، چارەنووسی نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا ٦٠ نادیارە. عەباس عەراقچی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم یەدەگانە لە دامەزراوە بۆردومانکراوەکاندا، لەوانە فۆردۆ و نەتەنز  هەڵگیراون و ئێران لە شوێنی وردی ئەوان زانیاریی نییە. 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەروەها ڕایگەیاندووە، تا ١٣ی ژوئن ساڵی ١٤٠٤ (٢٣ی جۆزەردان)، ئێران ٤٤٠.٩ کیلۆگرامی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا ٦٠ی هەبووە، بەڵام دوای هێرشەکان، ئیمكانی زانیاری سەبارەت بەمە نییە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە دەستیان بە پرۆسەی چالاککردنی میکانیزمی ماشە کردووە، داوایان لە تاران کردووە، پێش تەواوبوونی مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژە، هاوکاریی دەزگاکە بکات و چارەنووسی ئەو بڕە نادیارە ڕوون بكەنەوە. لە مەرجەكانی ئەورووپا بۆ وەستاندنی میکانیزمی ماشە،  دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و هاوکاریی تەواو لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمییە.