Ana içeriğe atla

پەرلەمانی عێراق یاسایەکی سەردەمی بەعسی بە قازانجی کورد هەڵوەشاندەوە

کەرکووک
posted onJanuary 21, 2025
noyorum

 

پەرلەمانی عێراق یاسایەکی دەرکرد کە بەپێی یاساکە هەندێ بڕیاری سەردەمی حکومەتی بەعسی عێراق دژی کورد هەڵوەشایەوە و بەم پێیە 300 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ کورد دەگەڕێتەوە.

پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دوای مشتومڕی زۆری پێکهاتەکانی کورد، شیعە و سوننە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 21.01.2025 پەسند کرا و چاوەڕوان دەکرێت کێشەی خاک لە زۆر شوێنی ناوچە جێناکۆکان چارەسەر بکات.

ئەو زەوییانە لە دەیەی 70ی سەدەی رابردووی زایینیی و لە سەردەمی حکومەتی بەعسی عێراقدا، لە جوتیارانی کورد داگیر کراوە و بە عەرەبی هاوردە دراوە.

پەسندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە لەگەڵ پێشوازی رێبەرانی کورد لە باشووری کوردستان رووبەڕوو بوو، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا گوتی: ئەو "بڕیارە لە شوێنی خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف" و هیوای خواست "ئەمە دەسپێکێک بێت بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی" رابردووی حکومەتی عێراق.

ئەو زەوییانە لە ناوچەکانی کەرکووک، مەخموور، خانەقین و دوجێل بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە جوتیارانی کورد بوون، دەگەڕێنێنەوە.

دوای رووخانی حکومەتی بەعسیش، سوپای عێراق بە بیانووی ئەوەی ئەو زەوییانەی کورد خاوەندارێتییان بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، لە ناوچەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە رێگری لە جوتیاران و خاوەن زەوییەکان دەکرد، بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەکانیان و بیانکێڵن.

پرۆژەی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە پەرلەمانی عێراق دەستاودەستی پێدەکرێت، بەڵام لەگەڵ دوو پرۆژە یاسای دیکە کە یەکیان عەرەبی سوننە و ئەوی دیکەیان عەرەبی شیعە هێنابوویانە پەرلەمانی عێراق، کرانە یەک پاکێج و پەسند کران.

هۆکارێکی سەرەکی پەسندکردنی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ کورد، کۆدەنگیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان  بوو کە لە ماوە چەند مانگی رابردوودا پێکەوە هەوڵیان بۆ سەرکەوتنی پرۆژە یاساکە دەدا.