Ana içeriğe atla

ئیسرائیل و گرووپی حەماس لەسەر ئاگربەس رێککەوتن

غەززە
شەقامەکانی غەززە هاوکات لە بەرەبەری ئاگربەس
posted onJanuary 15, 2025
noyorum

بەپێی راپۆرتەکان، ئیسرائیل و گرووپی حەماس لەسەر ئاگربەس رێککەوتوون و بەپێی رێککەوتنەکە ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو لە غەززە دەکشێەوە و بارمتەکانی دەستی حەماسیش ئازاد دەکرێن.

رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی بە ١٥ مانگ شەڕ لە غەززە دێنێت کە دەیان هەزار کەس کوژراوی لێکەوتەوە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تووشی ململانێی گەورە کرد.

رێککەوتن هێشتا بە فەرمی رانەگەیەنراوە، بەڵام بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوو لایەن لەسەر ئاگربەسێکی شەش هەفتەیی رێککەوتوون و جگەلە کشانەوەی ئیسرائیل، بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماس لەگەڵ دەستگیرکراوانی حەماس، ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لە قۆناغی یەکەمدا ٣٣ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لەوانە هەموو ژنەکان و ئەو پیاوانەی تەمەنیان زیاتر لە ٥٠ ساڵ تەمەنە.

دانوستاندن لەسەر قۆناغی دوویەمی ئاگربەس، ١٦ رۆژ لە دوای دەسپێکی قۆناخی یەکەم دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بارمتە ئیسرائیلییەکانی دیکە ئازاد بکرێن، ئاگربەسی هەمیشەیی بێتە ئاراوە و ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە بکشێتەوە.

لە قۆناخی سێیەمیشدا چاوەڕوان دەکرێت، تەرمی بارمتە کوژراوە ئیسرائیلییەکان بگەڕێنرێتەوە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەلایەن میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستپێبکات.

رێککەوتن دوای چەندین مانگ لە دانوستاندنی پچرپچڕ دێتە ئاراوە کە وڵاتانی قەتەر و میسر ناوبژیوانییان دەکرد و ئەمریکاش پشتیوانیی لێدەکرد.

رێککەوتن لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە تەنیا ٥ رۆژی دیکە حکومەتێکی نوێ دێتە سەرکار.

حەماس رۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە ناکاو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ٢٥١ کەسی بە بارمتە گرت، ژمارەیەک لەوان ئازاد کراون، هەندێکیان کوژراون، بەڵام ٩٤ کەس هێشتا لەلای حەماس ماونەتەوە، ئیسرائیل دەڵێت، ٦٤ کەسیان زیندوون.

چاوەڕوان دەکرێت لە بەرانبەردا ئیسرائیل نزیکەی هەزار فەلەستینی ئازاد بکات.

لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و ٤٦ هەزار فەلەستینیش کوژران و هەزاران کەسیش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی کاناڵی هەواڵی سی بی ئێسی ئەمریکا، دوایین ناکۆکی ئیسرائیل و حەماس لەسەر دەروازەی سنووری فیلادلفی بووە، کە ئەویش چارەسەر بووە. ئەم دەروازەیە لە سنووری وڵاتی میسر دایە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێراوی ئەمریکا، گوتوویەتی: "لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا رێککەوتووین بارمتەکان ئازاد بکرێن. ئەوان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئازاد دەکرێن."

شەڕی غەززە  پەرەیسەند بۆ ناوچە و بووە هۆی لاوازبوونی نفووزی ئێران لە ناوچە کە پشتگیری لە حەماس دەکات، حیزبوڵای لوبنان دەستوەردانی کرد، ئیسرائیل لە وەڵامدا بە کوشتنی رێبەرانی حیزبوڵا ئەو رێکخراوەیە بە تەواوەتی لاواز بووە.

لە عێراقیش باس لەوە دەکرێت حەشدی شەعبی گرووپەکانی نزیک لە ئێران، هەڵوەشێنرێنەوە.

ئاگربەس لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی غەززەدا رووبەڕوو بووەتەوە.