هرزی هالوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە بنکەی هێزی ئاسمانی نەواتیم وتی: ئیسرائیل کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی نیازی هێرشکردنە سەر توانا ستراتژیکییەکانی ئیسرائیلی هەبوو، جەختی کردەوە: ئێمە پێداچوونەوە بە هەوڵەكانمان دەکەین.
هەر لەم پەیوەندییه، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٨٠ دڕۆنی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە و لانیکەم شەش مووشەکی بالستیکیان تێک شکاندووە کە شەوی شەممە ٢٥ خاکەڵێوه و بەرەبەیانی یەکشەممە لە ئێران و یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.
هەروەها پنتاگۆن له دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاندووه زۆرتر له پەنجا لە سەدی ئەو مووشەکانەی که سوپای پاسداران ئاراستەی ئیسرائیلی کردووه، هەر له نێو خاکی ئێران و تەنانەت له کاتی هەڵدان، به هۆی کێشەی تەکنیکی تەقینەتەوه.