Ana içeriğe atla

لە ژێر پاڵەپەستۆی ئەمریکا بڕازیل ڕێگەی نەدا کەشتییە ئێرانییەکان لەو وڵاتە لابدەن

لە ژێر پاڵەپەستۆی ئەمریکا بڕازیل ڕێگەی نەدا کەشتییە ئێرانییەکان لەو وڵاتە لابدەن
AvaToday caption
posted onFebruary 13, 2023
noyorum

▪️ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی تایبەت و پشتبەستوو بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاوی کردەوە کە لە ژێر پاڵەپەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڕازیل ڕێگەی نەدا دوو کەشتی جەنگی ئێرانی لە ڕیۆ دی جانیرۆ لابدەن.

▫️بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمە لەو کاتەدا ڕووی داوە کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەشتەکەی لویس ئیناسیۆ لولا دا سێلڤیا، سەرۆکی بەڕازیل بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن بکات.

▫️ئەم بڕیارەش نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتەکەی بەڕازیل دەیهەوێت لە حکومەتەکەی جۆ بایدن نزیک ببێتەوە، لەکاتێکدا حکومەتەکەی پێشووی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی جایر بۆلسۆنارۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باش نەبوو.

▫️ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە داسێلڤیا هەوڵ دەدا هەڵوێستێکی بێلایەن لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئاخوندی نیشان بدات.

▫️بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی فەرمیی حکومەتی بەڕازیل، ڕۆژی ١٣ی ژانویە، ئەو وڵاتە ڕێگەی بە هەردوو کەشتیی "مەکران" و "دنا"ی کۆماری ئیسلامی داوە لە بەندەری ڕیۆ لە نێوان ڕۆژانی ٢٣ بۆ ٣٠ی ژانویە بمێننەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی دەرەوەی بەڕازیل ڕایگەیاند کە کەشتییە ئێرانییەکان دەتوانن لە ٢٦ی فێبریوەری تا ٣ی مارچ لەم بەندەرەدا جێگیر ببن.

▫️بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لادانی کەشتییە ئێرانییەکان لە ڕیۆ دی جانیرۆ لە سەروبەندی کۆبوونەوەی لولا لەگەڵ بایدن "شتێکی ناخۆش بوو و ئێمە ویستمان خۆمان لێی بە دوور بگرین".

▫️ژەم بەرپرسەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین گفتوگۆی پشت پەردە لەسەر ئەم بابەتە لە ئاستە جیاوازەکان کراوە و هەواڵێکی خۆش بوو کە ئەم بەروارانە چیتر لەگەڵ یەکتر وێک نایێنەوە.

▫️سەرچاوەیەکی سەربازی بەڕازیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی کردووەتەوە "حکوومەتی فیدراڵی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە، وادەی جێگیربوونی کەشتییە ئێرانییەکانی گۆڕیوە".

▫️لە هەمان کاتدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەڕازیل ئەو ڕاستییەی کە ئەم کارە لە ژێر پاڵەپەستۆی ئەمریکادا کراوە، بە "گریمانەیەکی نادروست" ناو برد.

▫️ڕۆیتەرز نووسیویەتی: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تا ئێستا وەڵامی داواکاری ئەم ئاژانسەی بۆ لێدوانیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوەتەوە.