Ana içeriğe atla

ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر ئێران زیاتر دەکات

ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر ئێران زیاتر دەکات
پۆڵەندا خاوەنداریی کۆبوونەوەیەکی گەورەی وڵاتان دژی ئێران دەکات
posted onJanuary 12, 2019
noyorum

 

مایک پەمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند مانگی داهاتوو، ئەمریکا دانیشتنێکی جیهانی لە وڵاتی پۆڵەندا (لهێستان) بە زەقکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتی ئێران بەڕێوە دەبات.

 

پەمپئۆ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ تۆڕی هەواڵدەری فاکس نیوز کە ڕۆژی هەینی بڵاو کراوەتەوە، گووتی "لەو دانیشتنەدا وڵاتانێک لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەبن"، ئەو دانیشتنە وا بڕیاڕە ڕۆژەکانی ٢٤و ٢٥ی ڕێبەندان لە پۆڵەندا بەڕیوە بچێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا گووتی "ئامانج لەو دانیشتنە کارکردنە بۆ ئاشتی و ئازادی و ئەمنیەت لەو ناوچەیە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ئێران پەرە بە کارەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیری دونیا نادات". بە پێی ڕاپۆڕتێک کە ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ترامپ بە هیوای زێدەکردنی گوشارەکانی سەر ئێرانە، نوێنەری کۆمەڵیک لە وڵاتانی دونیا بۆ باسکردنی پرسی دەستێوەردانەکانی ئێران لەو دانیشتنە، بەشداری دەکەن.

پەمپئۆ لە سەفەرێکی هەشت ڕۆژەدا بۆ وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕایگەیاندووە ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر ئێران دوو هێندە دەکات. مایک پەمپئۆ لە میسر وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی "گووتی ئەو سەردەمە تەواو بووە و ئەمریکا لە ژێر ڕێبەڕایەتی سەرۆک ترامپدا ڕووبەڕووی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەبێتەوە"، هەر لەو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا پەمپئۆ سێ جار ناوى کوردى برد و گوتى بەرگرى لە کورد و کوردانى ڕۆژاوا دەکەن.

مایک پەمپئۆ ئێوارەی پێنجشەممە لە زانکۆی ئەمریکایی قاهیرە گووتی "هەوڵنەدان و بەکارنەهێنانی هێز، بووە هۆکاری ئەوەی ئەو کاتەی بزووتنەوەی سەوز لە تاران دژی مەلاکان سەری هەڵدا، ئێمە بێدەنگی هەڵبژێرین. مەلاکان و پیاوەکانیان، ئاشقانی ئازادیان کوشت، قۆڵبەستیان کردن و ترساندیانن و بێ هۆ ئەمریکایان لەمەڕ ئەو نائارامیانە لۆمە کرد لە کاتێکدا سەرکوتکارییەکانی خۆیان بووە هۆکاری درووستبوونی ئەو ناڕەزایەتییانە".

پەمپئۆ لە میسر ـ وێنەى یەکەم

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا گووتی "خەیاڵپڵاوی ئەمریکا بووە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا جۆرێکی دیکە لە حیزبوڵای ئێران بڕوانێت و ئەو گرووپە گرێدراوەی ئێران ببێتە خاوەنی ١٣٠ هەزار موشەک و ڕاکێت. ئەوان بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو چەکانەیان لە شار و دێهاتەکانی لوبنان جێگیر کرد. ئەو چەکانە بە بەردەوامی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئێمەیان کردە ئامانج".

پەمپئۆ لە درێژەدا بەرامبەر بەو لایەنانەی لە هێزی ئەمریکا دەترسن گووتی "ئەوەتان لەبیر بێت ئەمریکا هەموو کات هێزێکی ئازادیخواز بووە و هێزێکی داگیرکەر نییە. ئێمە هیچکات ئاواتی زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان نەبووە بەڵام ئاخۆ دەتوانن وەها شتێک بەرامبەر بە ئێران بڵێن؟"

پەمپئۆ بە ئاماژەدان بە ڕیککەوتنی ئەتۆمی دەوڵەتی باراک ئۆباما لەگەڵ ئێران گووتی "سەرۆک ترامپ ڕوانگەی کوێرانەو  خۆهەڵبژاردەی ئێمەی لەبەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا گۆڕی و لە ڕیککەوتنی ناوەکی بە هەموو بەڵینە خراپەکانییەوە هاتە دەر".

پەمپئۆ لە میسر ـ وێنەى دووەم

 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو ئەو گەمارۆیانەی کە قەت نەدەبوو لە سەر کۆماری ئیسلامی هەڵبگیرێن گەڕاندەوە سەر ئەو وڵاتە. لەو بارەوە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا گوتى "گوشارێکی زۆرمان خستە سەر ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی داهاتەکانی ئەو ڕژیمە بپچڕێنین.  ئەو داهاتانەی کە تەنیا بۆ پەرەپێدان بە تیرۆر و وێرانکردنی دونیا بەکار دەهێندرا، ئێمە پەیوەستی ئەو خەڵکە بووین کە خوازیاری ئازادی و وەڵام دانەوەی کۆماری ئیسلامین بە داواکارییەکانیان".

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی سەرۆک ترامپ ئەوەشی ڕاگەیاند "ئێمە ڕوانینە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی پتەوتر کردووە. وڵاتانێکی زۆرتر دەگەن بەو قەناعەتەی کە دەبێ لە دژی مەلاکان بوەستینەوە نەک دەستیان بەسەردا بێنین".

شایەنى باسە، میسر، عەممان، کووەیت و ئوردون هەمویان بۆ پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران هاتوونە مەیدان.