Ana içeriğe atla

قاچاخى مادەى هۆشبەر بۆ ئوردن لە لایەن سوپاى تیرۆریستى پاسداران

قاچاخى مادەى هۆشبەر بۆ ئوردن لە لایەن سوپاى تیرۆریستى پاسداران
AvaToday caption
posted onMay 20, 2022
noyorum

🌐  ئاڤاتودەی

 ماڵپەڕى میدڵ ئیست مانیتۆر، چوارشەممە ٢٨ى بانەمەڕ بڵاوى کردەوە "بەرپرسێکى سوپاى ئەردەن پشتڕاستى کردووەتەوە کە سەرەڕاى میلیشیاى حیزبوڵا و ڕژێمى ئاخوندى، سوپاى سوریاش هاوکارى قاچاخى ماددەى هۆشبەرى بۆ هاتنە نێو وڵات کردووە".

 

لە ماڵپەڕەکەدا باسى لەوە کراوە "بە پێى ڕاپۆرتی ڕۆژنامەى نێوخۆیی ئەلغد الاردنی، سەرتیپ ئەحمەد هاشم خەلیفە بەڕێوەبەرى ئاسایشى سنوورى سوپاى ئوردن باسى لەوە کردووە کە هێزە ئاژاوەگێڕەکانى سوپاى سوریە، هاوکارى باندێکى گەورەى حیزبوڵا و سوپاى قودسى پاسداران بوونە بۆ هێنانى بارێکى گەورەى مادەى هۆشبەر",

ئەم بەرپرسەى ئوردن گوتووشیەتى کە "قاچاخچییانى مادەى هۆشبەر و باندە ڕێکخراوەکانی نێو سوریە، میلیشیاى حیزبوڵا و ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى کە لە باشوورى سوریەن، پشتیوانى و هاوکارى ئەم هێز و ڕێکخراوە ئەمنی و سیخوڕییانە بوونە بۆ هاوردەکردنى مادەى هۆشبەر بۆ نێو ئوردن".

هەر باسى لەوەش کردووە کە قاچاخى مادەى هۆشبەر لە ڕێگەى سنوورەکانەوە بۆ ئوردن لەم چەند ساڵەى ڕابردوو زیادى کردووە و سنوورپارێزەکان لە سەرەتاى ساڵى ٢٠٢٢ى زایینییەوە تا ئەم مانگى بانەمەڕە، زیاتر لە ١٩ ملیۆن حەبی کاپتاگۆن و نزیکەى ٥٠٠ هەزار پارچە شیشە و ٥ کیسى حەبی جیاوازى هۆشیبەریان دەست بەسەردا گرتووە. لە ساڵى ٢٠٢١ تەنیا ١٥ ملیۆن و نیو حەب و لە ساڵى ٢٠٢٠ تەنیا ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار حەب دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمەش نیشاندەرى ئەوەیە کە ئەو بازرگانییە هەتا دێت گەورەتر و زیاتر دەبێتەوە.

 سەرهەنگ زەید ئەلدەباس ئەفسەرى سوپاى ئوردن باسى لەوە کردووە کە "مەترسیدارترین شت کە لەم ماوەیە ڕووبەڵاووى بووینەتەوە، یەکگرتنى گرووپگەلى چەکدار و قاچاخچییەکانى مادەى هۆشبەرە. ئەوان تاکتیکگەلى نوێ لە شێوەى تاکتیکى تاوانى رێکخراو و بە سوودوەرگرتن لە کەلوپەلى پێشکەوتوو و مۆدێڕنی وەک فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و کەرستەکانى گواستنەوە ئەنجام دەدەن". دەباس باسى لەوەش کردووە کە قاچاخچییەکان و ئیسکۆرتە چەکدارەکانیان کە لە باشوورى سوریەن، نزیکەى ١٦٠ گرووپن.

مستەفا ئەلهیارى ئەفسەرێکى دیکەى باڵاى سوپاى ئوردنە، بە ڕۆژنامەنووسانى گوتووە: "هەر کەسێک کە بیهەوێت مادەى هۆشبەر بە قاچاخ بهێنێتە نێو وڵاتەوە، گیانى لەدەست دەدات" و "ئوردن خەریکى شەڕێکى ڕانەگەیێنراوە لە هەموو سنوورەکان دژ بە قاچاخچییانى مادەى هۆشبەر و ئەو کەسانەى کە پشتیوانیانن".

نیگەرانییەکانى ئوردن لە قاچاخى مادەى هۆشبەر لە لایەن کۆمارى ئیسلامى و میلیشیاکانى بۆ ئەو وڵاتە، عەبدوڵاى دووەمى پاشاى ئوردنى هێنایە دەنگ و چوارشەممە لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ دامەزراوەى "هوور"ى زانکۆى ستێنفۆردى ئەمریکا، گوتى: بوونى ڕوسیە لە باشوورى سوریە، سەرچاوەى ئارامییە. هۆشدارى دەدەم لەوەى کە ڕوسیە بە هۆى سەرنجەکانى لەسەر شەڕى ئۆکراین، کۆمارى ئیسلامی و میلیشیا تیرۆریستییەکانى خەریکى پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە دەبن. بەمەش سنوورەکانى ئێمە نائارام دەبن. لە چەند حەوتووى ڕابردوو شاهیدى چەندین هێرش و نائارامى بووینە لە سنوورەکانمان و دەزانین کە کێ لە پشت ئەم هێرشانەوەیە.