Ana içeriğe atla

پلانى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکانى عێراق تاوتوێ دەکرێت

پلانى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکانى عێراق تاوتوێ دەکرێت
AvaToday caption
posted onMay 13, 2022
noyorum

🌐  ئاڤاتودەی

رێبەرى گرووپی میلیشیاى عەسائیبی ئەهل حەق، بەرەنگاری رێبەرى ڕەوتى سەدر بووەتەوە و، بەڵێنى پێ داوە لەئەگەری دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان تووشى شۆکی بکات. قەیس خەزعەلى، کە گرووپەکەى میلیشیاییەکە و بەشێکە لەچوارچێوەى هەماهەنگی سەر بە کۆماری ئیسلامی، باسى لەوەش کردووە کە موقتەدا سەدر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەحەمەد حەلبووسی سەرۆکى پارتى تەقدومی هاوپەیمانی، ناتوانن هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى پاییزی ٢٠٢١ بە دەست بهێننەوە.

 

لێدوانەکەى ئەو رێبەرە میلیشیایەى سەر بە کۆمارى ئاخوندى، لەچوارچێوەى زنجیرەیەک هەوڵ دێت کە لایەنە سیاسییەکان پەیڕەوی دەکەن، بۆ ئەوەى بەردەپۆشی ئەو شکستە هەلبژاردنییە بکەن کە ڕووبەرووی بوونەتەوە. نزیکەى شەش مانگە گرووپە چەکدارەکانى سوپاى قودس لە عێراق، ئامادە نین دان بە دۆڕاندن بنێن و، سەرجەم بڕیارو خوێندنەوەکانى پاشەکشێی کورسییەکانیان ڕەت دەکەنەوە کە بریتی بووە لەوەى لەلایەن هاوڵاتیانەوە بووە مایەى بێزاری و، سزایەکى جەماوەرییش بووە دژیان پەیڕەو کرا.

بەڵام ئەوان سوورن لەوەى ئەنجامەکان "هاک کراوە"و، یاساى هەڵبژاردنەکانیش کە خۆیان بەشێک بوون لە داڕێژەرانى، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەى ئەو ئەنجامە لاوازە بەدەست بهێنن. بەو هۆیەوەش چوارچێوەى هەماهەنگی، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەى خۆى لەو دۆڕاندنە ڕزگار بکات و، گرنگترین ئەو هەوڵانەش جموجووڵەکانى عەمار حەکیم رێبەرى ڕەوتی حیکمەى عێراقییە کە پارتەکەى ٧٠% کورسییەکانى دۆڕاند و بەدواى یەکلاییکردنەوەیەکى سیاسیی دەگەڕێت تا لەنێو حکومەتى تازەدا جێگەی بێتەوە. لەبەرامبەریشدا رێبەرەکەى عەسائیب سوورە لەسەر دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان.

هاوپەیمانەکانى کۆمارى ئیسلامى لەو باوەڕەن ئەگەر هەڵبژاردنەکان دووبارە بکرێنەوە، ئەوا دەتوانن هەڵە ستراتیژییەکانیان چارەسەر بکەن و، بە ژیرانەش مامەڵە لەگەڵ یاساى هەڵبژاردنەکان و بازنە بچووکەکان بکەنەوە.

هاوکات هاوپەیمانیە سێقۆڵییەکەى سەدر و حەلبووسی و بارزانى، بەهەموو شێوەیەک بیروکەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکانى ڕەت کردووەتەوە، بەتایبەت ئەوان پشت بەوە دەبەستن دادگاى فیدراڵى ئەنجامەکانى پەسەند کردووە و، لایەنى نەیاریش هەموو کارێکى کرد بۆ ڕەتکردنەوەى ئەنجامەکان، بەڵام شکستى هێنا.

کەچی لێرەو لەوێ لەنێو پارتى دیموکراتى کوردستان، یەکەمین ئاماژەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان خرایە بەرباس، ئەویش لەسەر زاری بەنگین رێکانی، وەزیرى پێشووى نیشتەجێبوونى حکومەتى بەغدا کە وەک یەکێک لە بژاردەکان بۆ کردنەوەى ئەو چەقبەستووە سیاسییەى رووبەرووى بەغدا بووەتەوە. سەرەڕاى ئەوەى پارتى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بە پلەى یەکەم هاتووە و، خاوەنى ٣١ کورسییە لەکۆى ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنى نوێنەران، بە زمانێکى تەحددیەوە بە چوارچێوەى هەماهەنگی گووتوە " ئەوان تا چەند لەئاست ئەو باوەڕەن دووبارە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەنەوە".

لێرەو لەوێ چەند سەرچاوەیەکى نزیک لەهاوپەیمانى رزگارکردنى نیشتیمان، کە لە هاوپەیمانیە سێقۆڵییەکە پێک هاتووە، لەپشت پەردەوە گفتوگۆییان لەسەر ئەو پرسە کردووەو، پلانیان داڕشتووە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەگەرە بکەن. یەکێک لەو پلانەش بریتی بووە لەوەى ئەو هاوپەیمانییە لیستێکى هاوبەشى هەڵبژاردنەکان دروست بکات، بۆ ئەوەى برانەوەیەکى گەورە بەدەست بهێنن، کە ئەمەش بۆ رێگریکردنی زیاترى گرووپەکەى نزیک لە کۆمارى ئاخوندییە.

ئەوەى زۆربەى لایەنە سیاسییەکان تاڕادەیەک بیریان لێنەکردۆتەوە، بریتییە لەوەى لە ئەگەرى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان، تاچەند بەرەى ئێرانیش بە پەرتەوازەیی دەمێننەوەو، تاچەند سیاسیی نوێ چانسى خۆیان تاقی ناکەنەوە، وەک مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى ماوەبەسەرچوو"، چونکە کازمی لەسەر داواى سەدر، لیستی بۆ هەلبژاردنەکان دروست نەکرد، لەبەرامبەر هێشتنەوەى لەپۆستەکەى بۆ خوولى دووهەم، بەڵام لەدوایین هەنگاوی رێبەرەکەى سەدر، پشتى لێکردو، ئامۆزایەکى خۆی بۆ سەرۆکایەتى حکومەت کاندید کرد.

سەرۆکى ناوەندی بەغدا بۆ توێژینەوەى ستراتیژی پێی وایە " دوایین پرس هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی بیری لێدەکاتەوە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانە". مەناف موسوی راشیگەیاند "سەرەڕاى بانگەشە میدیاییەکان، بەڵام ئەوان پرسەکەیان بەجددی وەرنەگرتووە، ئەوەى دەردەکەوێت تەنها فشارەو، هەمووان هێزو پێگەى خۆیان دەناسن، تەنانەت پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش، ئەگەری ئەوەیان لەپێشە ئەو شانسەى بەدەستیانهێناوە، بیدۆڕێنن". گەشبینیش نەبووە لە سیناریۆى لیستێکى هاوبەش لەنێوان هاوپەیمانیە سیقۆڵییەکە، چونکە پێی وابووە بە ئامانجکردنیان ئاسانتر دەبێت و، ئەگەری شکستى گەورەتریشى بۆ دروست دەبێت.

بەڵام بەرپرسێکى ڕەوتى سەدر بێ ئەوەى ناوی خۆی ئاشکرا بکات، جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەوان شەش مانگە بە تۆکمەیی ماونەتەوەو، هیچ شتێک پاشگەزیان ناکاتەوە، تا ئێستاش لەنێوان بارزانى و سەدر و حەلبووسى هیچ پاشەکشێیەک رووی نەداوە". لەسەر واقیعی سیاسییشدا، چەندین ئەندامی بەرەى سووننەکان لەو هاوپەیمانییە کشاونەتەوە و، مەترسیی درزتێکەوتنیان لێدەکرێت، بەتایبەت لەپاش گەڕانەوەى چەندین سەرکردەى بەهێزى سووننەکان بۆ گۆڕەپانى سیاسیی عێراقی، کە هەڕەشەیەکى مەترسییە بۆ خودی سەرۆکى پەرلەمان.

دوایین کۆبوونەوەى هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەش بە جددی بیریان لەو بیروکەیە کردۆتەوەو، پلانێکى ئامادەشیان هەیە بۆ ئەگەرى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان و، پێشبینى ئەوەشیان کردووە، کە زۆرینەى کورسییەکان بەدەست بهێننەوە. لەئەگەرى جێبەجێکردنى ئەو پرۆسەیەش و، ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان بەهەر جۆرێک بێت، ڕەنگە بە دڵى هیچ لایەنێکى سیاسیی نێو گۆڕەپانەکە نەبێت، بەتایبەت گەر هاتوو سەدرییەکان، یاخود پارتى و سووننەکان هەمان ژمارەى کورسیی نەهێنایەوە، یاخود یاریزانى نوێ بێتە گۆڕەپانەکەوە و، بەڕەکە لەژێر پێیان ڕاکێشێت، ئەوکاتەش دیسانەوە چەقبەستووییەکى دیکە دروست دەبێتەوە.