Ana içeriğe atla

کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام ئێرانی تووشی کێشە کردووە

کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام ئێرانی تووشی کێشە کردووە
بە هۆى مایەپووچى ئابوورییەوە کۆمارى ئیسلامى لە سوریە و یەمەن کشایەوە
posted onJanuary 5, 2019
noyorum

 

سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی دوازدەی بەفرانبار و لە کۆتایی دانیشتنی کۆشکی سپیدا گووتی ئێران بە هۆی سیاسەتەکانی من گۆڕاوە و ئیستا کێشەی زۆری هەیە.

 

دۆناڵد ترامپ ئەو قسانەی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا هێنایە زمان کە گووتی چوونە دری ئەمریکا لە سوریە دەبێتە هۆی بەهێز بوونی ئێران. لە بەشێکی قسەکانیدا ترامپ ڕایگەیاند هەبوونی ئێمە لە سوریە و لەنێوبردنی داعش بە قازانجی ئێران و ڕووسیە بوو. بە گووتەی ناوبراو چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە سوریە نابێتە هۆی خۆشحاڵبوونی ئەو دوو وڵاتە  ئەویش بە هۆکاری ئەوەی ئیدی بۆخۆیان دەبێ شەڕی دژی داعش بکەن.

سەبارەت بە ئێران سەرکۆماری ئەمریکا گووتی: لەو کاتەوە من هاتوومە سەر کار ئێران گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەوکات ئێران هۆکاری هەموو کێشەکانی ناوچەکە بوو، لە هەر شوێنێ شەڕ هەبوایە هۆکارەکەی ئێران بوو. سوریە، یەمەن تەنانەت عەرەبستانیش لە گەمارۆی ئێراندا بوو. ئێرانییەکان بۆیە هەوڵی کۆنتڕۆڵی یەمەنیان دەدا، چوونکە سنوورێکی دورودرێژی لەگەڵ عەرەبستان هەبوو.

دۆناڵد ترامپ گوتى "بۆ چارەسەری ئەو دۆخە لە بەرجام هاتینە دەر و ئەگەر ئەو کارەمان نەکردبایە ئەو مافە یاساییەمان دەدا بە ئێران هەشت ساڵی دیکە بۆمبی ئەتۆمی درووست بکات؛.

لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: ئەوەی ئێستا بۆ ئێران گرنگە مانەوەیانە، ئێستا ئێران پاشەکشێ بە هێزەکانی دەکات لە یەمەن و سوریە. بە گووتەی ترامپ ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێزێکی گەورە بوو و هەوڵی دەدا دەست بە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت و ئیسرائیل لە نێو ببات.

سەبارەت بە ئێران و لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی: بە هۆی سیاسەتەکانی ئێمە بایەخی دراوى نیشتمانى ئێران لە دابەزیندایە و ئیستا ئەو وڵاتە لە قەیرانی گەورەدا دەژی.