Ana içeriğe atla

مەحموودزادە بایدەمیر و دیمیرتاشی تێپەراند

مەحموودزادە بایدەمیر و دیمیرتاشی تێپەراند
posted onDecember 8, 2018
noyorum

 

ژیوار رەسووڵی

 

ھیچ رووداوێك لەخۆوەو بە رێكەوت روونادات، ئەوەی روو دەدات پلان و پرۆژەو ئامانجێكی نادیاری لەپشتە، رووداوەكان ئەوە نین كە بەچاو دەیانبینین، ھەموو رووداوەكان پەیوەندییەكی نھێنیان بەیەكەوە ھەیە، ھەمیشە دەستێكی رەش لەپشت رووداوەكانەوە ھەیە، ھەموو بەدبەختی و سەگەمەرگییەكانی مرۆڤ لە ئەنجامی كرداری ھێزێكی خراپەكارو نھێنی و نادیارە، گروپێكی بچووك و دەستەبژێری سیاسی،سەربازی، دەروونی و زانستی مرۆڤەكان بەھەوەسی خۆیان بەكاردەھێنن، بەبێ ئەوەی ھەستی پێبكەن. گروپ گەلێك كار دەكەن بۆ ئەوەی رای گشتی بە مەسەلەی لاوەكی دیكەوە سەرقاڵ بێت بۆ ئەوەی خۆیان بە ئامانجی سەرەكی خۆیان بگەن. گروپێكی خەراپەكار لەپشت شۆرشی فەرنساوە بوون، جیھان لەلایەن بوونەوەری سەیروسەمەرەی بۆشاییگەری گەمارۆ دراوە، كۆمپانیاكانی دروستكردنی دەرمان بۆ ئەوەی دەرمانەكانیان بفرۆشرێن سەرەتا ڤایرۆسی ھەمان نەخۆشی بڵاودەكەنەوە، كۆمۆنیستەكان بانگەشەیان بۆ فلۆراید لەئاودا دەكرد بۆ ئەوەی ددانی ئەمریكاییەكان خراپ بكەن، رووداوی ھۆلۆكاست ھەرگیر رووینەداوەو ھەمووی بانگەشەی یەھوودییەكان بووە. لەئێرانیش بوومەلەرزەی ساڵی 1979-ی تەبەس لەلایەن محەمەد رەزا شا و بێگانەكان كرا، بۆ ئەوەی رای گشتی بەو بوومەلەرزەوە سەرقاڵ بكرێت. ھەموو ئەوانە تیۆری پیلاندارێژی (Conspiracy theory)یان فارس گوتەنی تئوری توطئه-یە. بە كورتی تیۆری پیلانگێری دەیھەوێ لەدەرەوەی ئەوەی بەچاو دەبینرێت خوێندنەوەیەكی دیكە بۆ رووداوەكان بكات، بۆ ئەوەی پاساو بۆ یەكەم: تێروانینەكانی خۆی،  دووەم: بۆ لاوازی خۆی لە گۆرانكاریكردن و سێیەم: خۆگەورەكردن یان خۆ لەوەھمی خۆ بەگەورەبینیندا ھێشتنەوە.

پەنابردن بۆ تیۆری پیلانگێری پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە هۆکاری سایکۆلۆژی و نەبوونی زانیاری و نەخوێندەوارییەوە هەیە، ئەو کەسانە دەیانهەوێ هۆکاری رووداوەکان بە کەس وکاراکتەرێکی خەیالی ببەستنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان وەکوو راستییە نەگۆرەکە نیشان بدەن، واتا فیدرالی دەتوانێ لەسەر زاری ئەوان واقیعی و حەقیقەتی بزوتنەوەی سیاسی بێت، بەڵام تەنانەت سەربەخۆییش لەسەر زاری لایەن یان کەسانی دیکە پیلانگێرییەکی مەترسیدار بێت!

هۆکاری دووەمی پەنابردن بۆ تیۆری پیلانگێری نەبوونی زانیاری و بێ ئاگاییە کە نەبوونی ئەو دوو خالە بەردەوام توورەییەکی هیستریکی لێدەکەوێتەوە، نەبوونی زانیاری لەسەر دیاردە یان رووداوێک وادەکات کە خوێندنەوەکان هەڵگری وەهمێکی زۆر جاران مەترسیدار بن.

کارن داگلاس توێژەرو ماموستای زانکۆی ئەمریکایی پێیوایە کە باوەرمەندانی تیۆری پیلانگێری بە گەورەو دەستپێرانەگەیشتوو نیشاندانی بەرامبەر ئەفسانەیەکی لێدروست دەکەن بۆ ئەوەی پاساو بە لاوازی یان بێ پلانی خۆیان بهێننەوە، ئەو تیۆرییە یارمەتیدەریانە کە بەردەوام پاساو بهێننەوە، خۆیانی پێ رازی بکەن و بە بەردەنگی خۆشیان بڵێن کە فریادرەسەکە خۆمم، چونکە ئەوە منم کە دەزانم پیلانگێرییەکی گەورە هەیەو جارێ گۆرینی واقیعەکە لە توانای ئێمەدا نیە! ئەو تێروانینە وادەکات کە تاک و کۆمەڵگە لەژێر ئەو پروپاگەندەیەدا متمانەی بەخۆی نەمێنێت، هەست بە لاوازی و نیگەرانییەکی زۆر بکات و بە کورتی کۆمەڵگە تووشی نائۆمێدی و بێ دەسەڵاتی بکات.

وەھم لە سیاسەتدا زۆر مەترسیدارە، چونكە چارەنووسی نەتەوەیەك یان گروپێكی پێوە بەستراوەتەوە، واتا ھەرگیز ناكرێ لە وەھمدا دیمەن یان میكانیزمێكی واقیعی بدۆزیتەوە، وەھم لەسیاسەتدا بەردەوام ئەمرۆ نا سبەی دەكات، چونكە ئەوەی دەیھەوێ بەو توانایەی كە لەخۆیدا دەیبینێت بەم ئاسانی دەست ناكەوێت. قەیرانە سیاسییەكان، كاریگەرییەكانی دیكتاتۆری سیاسی لەسەر كۆمەڵگە، نیگەرانی و ترس و تایبەتمەندییە مێژووی و كڵتوری و كۆمەڵایەتییەكان زەمینە بۆ لەدایكبوون یان بەھێزبوونی وەھمی سیاسی دروست دەكات.

وەھمی سیاسی ھەندێكجار رۆڵی بانگەشەكاری سیاسیش دەگێرێت، كاریگەریش لەسەر ئاگاھی و نائاگای تاك دادەنێت، ئەوەی ڕوونە وەھمی سیاسی بەردەوام میكانیزم و رێكاری لێل و نادیارو پڕ لەوەھمی لێدەكەوێتەوە، ھیچ كات رێگەیەك بۆ ناسین و دۆزینەوەی رێگەی گونجاو بە گەیشتن بە ئامانج ناداتە دەست. ئەو وەھمە وادەكات كە ھیوایەكی درۆینی گرێدراو بە كاتێكی نادیار كۆمەڵگە داگیربكات و لەكاتی ھەنووكەدا سیاسەت بكەوێتە پەراوێزەوە.

بەو کورتە باسە دەچینە ناو ئەو لێدوانە ٨ خولەکییەی جەلال مەحمود زادە نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەھم بەگشتی خراپەو لە سیاسەتدا ھەر زۆر خراپترە. جەلال مەحموودزادە لە كۆبوونەوەی ئاسایی مەجلیسی ئێران لە رۆژی ١٤ -ی سەرماوەز بۆ ٨  خولەك قسەی كرد، جیاواز لەوەی ئەو بەرێزە پێشتر چكارە بووەو دوایی دەبێتە چكارە كە باسی ئەوەش دەكەین، بەڵام دەكرێ لەسەر پێدراوی ئەو ٨  خوڵەكە برێك بوەستین.

مەحموودزادە لانیكەم 5 جار دووپاتی دەكاتەوە كە لە نیشتمانێكەوە ھاتووە كە مل بۆ ئیستبداد و زۆرداری دانانوێنن، دەلێ لە شێخ سەعیدی پیران و مەلا مستەفا بارزانی و قازی محەمەدەوە فێربووە كە ئامادەن بچنە بەردەم سێدارە بەڵام كەڵ دەژین و كەم دەژین. خودی ئەو رەستەیە ئەوپەری ناسیۆنالیستبوون و كوردایەتییەو لە ناخی ھەموو كوردێكدا رەنگی داوەتەوە. ھێنانی ناوی سەركردە كلاسیكە ناسیۆنالیستەكان ئەو پەری وریایی مەحموودزادە نیشان دەدات، چونكە راستەوخۆ باس لەویستێكی سیاسی و شوناسخوازانەی نەتەوەیەك دەكات، ئەگەرچی باسكردنی ئەوە بۆ گەیاندنی پەیامی بەشی دووەمی قسەكانییەتی. ئەو نوێنەرەی خەڵكی مەھاباد پەنجە لەسەر پرسێك دادەنێت كە كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر پێی تەنگەتاو دەبێ، نوخبەی پان ئیرانیست و ئێرانی پێیان خۆشە كە بەردەوام بلێن كە سایكس پیكۆ كوردی بەسەر سێ وڵاتدا دابەش كردووە، خۆشیان لە كتێب و وتارەكاندا دەیلێنەوە، ئەوان دەیانھەوێ لەتەنیشتەوە بڵێن كە بەشێك لەو كوردستانانە بەتایبەت ئەوەی عێراق ھی ئێمە بووە! بەڵام مەحموودزادە لە مەجلیسی ئێران دەلێ لەدەرەوەی ویستی خۆیان كوردەكان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشبوونە، واتا ئێران خۆشی داگیركەرێكی كوردستانە، ئەوە قسەیەكە كە تاكوو ئێستا بەدگمەن لەسەر زمانی سەركردەیەكی حیزبی سیاسی رۆژھەڵاتی كوردستان بەفەرمی بیستراوەو ھەمیشە لەپەنجەرەی ئێمەش ئێرانین و كەس لەئێمە ئێرانیتر نیە، باسی دۆزەكەیان كردووە.

نیوەی یەكەمی قسەكانی مەحموودزادە مانیفستێكی نەتەوەیی بوو، كە لەسەر بنەمای مێژوویی باس لە خواست و ئیرادەی خۆبەدەستوەنەدانی كورد دەكات، بۆ ئەوەی لەنیوەی دووەمی قسەكانیدا بڵێ ئێستاش تەنانەت بەپێی یاساكانی خۆشتان ھیچ لەواقیعەكە بۆ كورد نەگۆراوە، چونكە رێگەی خوێندن بەزمانی كوردی نادەن، ھەژاری لەو پەری خۆیدایە، كۆڵبەری كارەساتێكی گەورەیەو كوردستانیش ھەر وەكوو جاران میلیتاریزەیە. پەیامەكەش ڕوونە ئەگەر بەھانای داخوازییەكانی ئەو خەڵكە نەچن، ئەوان ئێستاش ھەر نەوەكانی شێخ سەعید و قازی و بارزانین و ئامادەن لەسێدارە بدرێن بەڵام ملكەچ نەبن.

ئەو لەجاردانی لانیكەمی داخوازییە نەتەوەییەكانی كورد لە مەجلیسی ئێران كە بەو ھەڵبژاردنەش حیسابی بكەین، نوێنەری ھەموو ئێرانی لێیەو بڕیاری تێدا دەدرێت، قۆناغێكی گەورەیە كە موھەندیس بەھائەدین ئەدیب ھەنگاوی یەكەمی بۆ ھاویشت، حاسڵ داسە لەسەری رۆیشت و مەحموودزادەش لەو دۆخە داخراوو پڕمەترسییەدا گەیاندییە لوتكە.

بەخۆشییەوە دوای ئەوەی ڤیدیۆی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە بڵاوكرایەوە، كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە، بە ئاوەردانەوەیەكی ئاكەزایی دەبینین كە زۆرینەی كوردەكانی ناوخۆو دەرەوە پێشوازییەكی بەرینیان لێكردووە، بەڵام كەمینەیەكیش ھەن كە زۆرینەیان رەھایان لەتاراوگەن ئەوە وەكوو وەھمی پیلانگێری سەیر دەكەن و بەرێكخراو ھەموو توانایان بۆ لێدان لە جەلال مەحموودزادە چ وەكوو تاك و چ وەكوو ئەو بەرپرسیاریەتییە بەكارھێناوە.

ئەو كاردانەوە ھیستریكە كە بێگومان لەسەر بنەمای وەھم و تیۆری پیلانگێری دارێژراوە، لەچەند مەسەلەوە سەرچاوە دەگرێت كە ھەموویان لە دروستبوونی ئەو وەھم و تیۆرییەدا رۆڵیان ھەیە:

یەكەم- نەبوونی زانیاری و بێ ئاگایی: ئەگەر ئاورێكی ئاكەزایی لە لێدوانەكانی جەلال مەحمودزادە لەماڵپەری مەجلیسی ئێران بدەیتەوە كە پێداگری لەسەر بێكاری، كۆڵبەری، میلیتاریزەكردنی كوردستان، جێبەجێنەكردنی مادەی 15-ی دەستووری ئێران دەكاتەوە، ھیچ لێدوانێكی نیە كە سیستماتیك بەو دەسەڵاتەی ببەستێتەوە، وەكوو ئەو لێدوانانەی كە قەسیم عوسمانی، ئەحسەن عەلەوی، حیشمەتوڵا فەڵاحەت پیشە، عەبدوڵكەریم حوسێنزادە و بەشێك لەوانیتر دەیدەن، جگە لەوەش ساڵی رابردوو مەحموودزادە بە سایتی مەجلیسی ئێرانی گوت كە ریفراندۆم مافی خەڵكی كوردستانی عێراقە چونكە زوڵمیان بەرامبەر دەكرێت، لینكی ھەموو ئەو قسانەش مەوجوودە.

جەلال مەحموودزادە نە ئیسڵاحتەلەبە نە ئوسوڵگەرایە لەرۆژی یەكەم سەربەخۆ بووە، بەھۆی ئەوەی لەكاتی بەرپرسیارییەتی لە ئیدارەی كشتوكاڵی مەھاباد خزمەتی خەڵكی كردبوو، خەڵكیش دەنگیان پێدا. ھەوڵی زۆریشی بۆ دروستكردنی فراكسیۆنی كوردی دا بەڵام ھەر ھەندێك لەكوردەكان نەیانھێشت سەر بگرێت و بەناچاری پلانی بی بۆ كۆكردنەوەی دەنگی یەكگرتوو جێبەجێكرد و فراكسیۆنی سوننە مەزھەبەكانی دروستكرد، ھەر ئەویش بوو كە واژۆی بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری ناوخۆی ئێران كۆكردەوە كە دانراوی بناژۆخوازەكان و رێبەری ئێرانە.

دووەم- ترس لە فریادرەسێكی نوێ: ئیتر ئەوە یەكلایی بووەتەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران رژیمێكی دیكتاتۆری كورد كوژە، وتنەوەی بێ كرداری ئەو رەستەیە لەدروشم زیاتر ھیچیتر نیە، بەڵام باوەرمەندانی تیۆری پیلانگێری دەیانھەوێ بە بەستنەوەی ھەموو چالاكییەك لەنێوخۆی رۆژھەڵاتی كوردستان بە دەستێكی رەشی دەرەكی وەكوو سوپای پاسداران رای گشتی ئالۆزبكەن، چوار پێنج ساڵ لەمەوپێش ئەو شێوازە لەدژی چالاكوانانی نێوخۆش ھەبوون، بەڵام سەری نەگرت و بوون بە ئەمرێكی پیرۆزی واقیع.

سێیەم- رەتكردنەوەی خودی بەرپرسیاریەتییەكە: زۆرینەی حیزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڵبژاردنی مەجلیسی ئێرانیان بایكۆت كرد، ئێستا قبووڵكراو نیە كە لە دەرھاویشتەی ئەو ھەڵبژاردنەی كە رەتیانكردووەتەوە كەسێكی باش دەربكەوێت و ئەوان دانی پێدابنێن. تاكوو ئێستاش بۆ بەرەی یەكگرتووی كورد ھەر ئەو تێروانینەیان ھەیە، بۆ كۆمەلێك نوخبەی میدیایی كوردی نێوخۆی رۆژھەڵاتیش ھەر لەو قەوانە لێدەدەنەوە، تەنانەت كاتێك حاسڵ داسە نوێنەری پیرانشارو سەردەشت بەجلی كوردی شێعری كوردم ئەمنی گوتەوە، وتیان پیاوی خۆیانە، بەڵام ھەر لەو كاتەوە ھیچ ساڵێك سەڵاحییەتی بەرێز داسە لەلایەن شورای نیگابان قبووڵ نەكرایەوە، بە دڵنیاییەوە بەرێز مەحموودزادەش چیتر لە مەجلیسی ئێران نابینینەوە.

 جیا لە تیۆری پیلانگێری كە بەخۆشییەوە بەرامبەر پەرلەمانتارە باشە كوردەكان لەرۆژھەڵاتیش كاریگەری نەماوە، باسێكی دیكەی ئەرزشگوزاری ھەیە، رۆلی سەرەكی نوخبەی میدیای و سایبەری و نووسەرو چالاكوانان لەنێوخۆی رۆژھەڵات و لەتاراوگە ئەوەیە كە بەھا دروستبكات، وەكوو چۆن قسەكردنی سەڵاحەدین دیمیرتاش ئەویش بەتوركی لە پەرلەمانی توركیا بەو ھەموو ئازادییە لەلایەن باكوورییەكانەوە دەكرێتە ئەرزش و بەھایەكی گەورە، ئاواش دەبێ ھەڵوێستی نوخبەی سیاسی نێوخۆیی رۆژھەڵاتیش ھێندە بە ئەرێنی باس بكرێت كە وەكوو بەھای لێبێت و ئەوانیتر چاوی لێبكەن، لەواقیعدا قسەكانی جەلال مەحموودزادە زۆر لەو كوردستان لەناو دڵمدایەی عوسمان بایدەمیر گرنگتر و كاریگەرتر بوون، نابێ ئەو پوتانسیەلە گەورەیە بكەینە قوربانی لێكدانەوەی ھەڵە، چونكە تیۆری پیلانگێری كۆمەڵگەیەكی نائومێد و دەستەمۆ و بێ روانگەی كرداری ھەنووكەیی دروستدەكات.