Ana içeriğe atla

ئەمریکا نۆپێک دژى ئۆپێک بەکار دەهێنێ

ئەمریکا نۆپێک دژى ئۆپێک بەکار دەهێنێ
نۆپێک وەک پڕۆژەى نەخێر بۆ کارتیلی پاوانخوازی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوت لەبەردەست ترامپدایە
posted onDecember 8, 2018
noyorum

 

رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک)، یەکێکە لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەى لە بوارى نەوتدا پاوانخوازی بەسەر بازاڕەکاندا ئەنجام داوە، بەڵام چەند ساڵێکە دواى خۆراوابوونى دەسەڵاتەکانى بەسەر بازاڕەکاندا خەریکە دووبارە دەگەشێتەوە.

 

لەدوای داڕمانى نرخەکانى نەوت لە جۆزەردانى ٢٠١٤، ئەو ڕێکخراوە نەوتییە، کە پشکى سەدا ٤٠ بازاڕەکانى نەوتى بەدەستەوەیە، لەهەوڵى ئەوە دایە کۆنترۆڵی بازاڕەکان بگرێتەوە دەست، بەتایبەت لەرووى ئاراستەکردنى ئاستى بەرهەمهێنان و نرخەکانى نەوتى خاو. ئۆپێک کە ساڵى ١٩٦٠ لەنێوان ژمارەیەک وڵاتى بەرهەمهێنەرى نەوت لەشارى بەغدا دروستبوو، کە ژمارەى ئەندامەکانى ١١ وڵاتن، حەوتیان عەرەبین و، سەدا ٧٠ یەدەگی گشتی نەوتى خاو پێک دەهێنن.

دواى دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا، ململانێیەکانى ئۆپێک و ئیدارەى واشنتۆن بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت، بەتایبەت لەپرسى ئاستى بەرهەمهێنان و نرخەکانى نەوتى خاو، کە دواى ڕێککەوتنەکەى ئۆپێک و بەرهەمهێنەرە سەربەخۆییەکان وەک ڕووسیاو ژمارەیەک بەرهەمهێنەر نرخەکان بەرز بوونەوە.

لە سەروبەندی کۆبوونەوەکانى ئۆپێک، واشنتۆن بەنیازە  پڕۆژە یاسایەکى نوێ دژى پاوانخوازییەکانى بەرهەمهێنەرانى نەوت دەربکات و، لەکاتى چوونە بوارى جێبەجێکردنیشى ئەوان بەلایەنى کەمەوە حەوت وڵاتى عەرەبی دەکەونە ژێر کاریگەرى ئەو یاسایە. یاساکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵێکى جددیە بۆ لەناوبردنى یەکجاری ڕێکخراوى ئۆپێک، ئەویش لە ڕێگەى سزادانی وڵاتانى ئەندامە لەنێو دادگاکانى ئەمریکا.

لە جۆزەردانى ٢٠٠٠ هێرب کۆڵ، سیناتۆری دیموکراتەکانى ئەمریکا، نەیتوانى پاڵپشتیەکى تەواو بۆ پرۆژە یاساى (نۆپێک) کورتکراوەى " No Oil Producing and Exporting Cartels " ـە، بە دەست بهێنێت، بۆ ئەوەى لە کۆنگرێسى وڵاتەکەى تێیپەرێنیت، هۆکاری شکستەکەش بەهۆى جیاوازی تێروانینەکانى یاسادانەرەکان و ناڕەزایی زۆرینەى ئەو ئەنجومەنە بوون.

لە ساڵی ٢٠٠٧ هەمان سیناریۆ لە لایەن جۆن کۆنێرز دووبارە بووەوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکى نوێکراو، بەهەمان پرۆسەى ڕابردوو نەیتوانى پاڵپشتییەکى تەواو بەدەست بهێنێت، هەرچەندیش لەلایەن هەردوو ژوورى کۆنگرێس لەپیران و نوێنەران لەگەڵی بوون، بەڵام جۆرج بۆشی کوڕ سەرۆکى پێشووترى ئەمریکا یاساکە سڕ کرا، کاتێک ڕایگەیاند "مافی ڤیتۆ دژى یاساکە بەکار دەهێنێت".

دواى ١٨ ساڵ لەخستنەرووى یاساکە ئێستا ڕەوشەکە لەژێر دەسەڵاتى سەرۆکایەتى ترامپ جیاوازییەکى گەورەى بە خۆیەوە بینیوە. پرۆژى یاسای " نەخێر بۆ کارتیلی پاوانخوازی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوت" کە بە نۆپێک ناسراوە، ئامانجی هەڵوەشانەوەى پارێزبەندی سەروەرى وڵاتانى ئەندامى ڕێکخراوى هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـە، بۆ ئەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێکارى یاسایی دژیان پەیڕەو بکات.

ئەو یاسایە ماوەیەکى درێژە جێی مشتومڕی زۆربەى سەرۆکەکانى ئەمریکا بووە، بۆیەش تا ئێستا ڕووناکی نەبینیوە، بەڵام ئەگەری ئەوەیە ئەم جارە پاڵنەرێکى گەورە لە لایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى کۆشکی سپی بەدەست بهێنێت، بەتایبەت دواى ئەو ڕەخنانەى لە ئۆپێک گرتووە، کە پاڵپشتى بەرزبوونەوەى نرخەکانى نەوتى کردووەو، پێشبینیش دەکرێت دووبارە نرخەکانى بگەرێنەوە سنوورى ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

نرخەکانى نەوت لەپێش داڕمانە گەورەکەى جۆزەردانى ٢٠١٤ لە سنوورى ١١٥ دۆلار بوون بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام تاکۆتایی ئەو ساڵە نزیکەى سەدا پەنجا بەهاکەى لەدەستدا، ئەو کات کۆمەڵێک هۆکار بۆ ئەو داڕمانە هەبوون، بەتایبەت بەهێز بوونى بەهاى دۆلار، نقوومبوونى بازاڕەکان لەنەوتى خاو. گرنگترین ئەو وڵاتە عەرەبیانەش لە نێو ئۆپێک ئەندامن و، مەترسیی ڕووبەرووى سزای یاسایی ببنەوە بریتین لە "جەزائێر، عێراق، کوەیت، لیبیا، قەتەر (سەرەتاى ساڵی نوێ لە ئۆپێک دەکشێتەوە)، سعودیە و ئیمارات"ـن.

گرنگیدانى کۆنگرێس بە پرۆژەیەکى لەو شێوەیە،کە ساڵانێکى زۆرە چانسى لەو شێوەیە نەبووە، بەهۆى سیاسەتەکانى ترامپ بەرامبەر ئەو ڕێکخراوەیە، هەرچەندە گرووپەکانى کارو کۆمپانیا نەوتییەکان دژایەتى ئەو یاسا دەکەن، بە بیانووى ئەوەى وڵاتانى دیکە هاوشێوەى ئەو یاسایە ڕووبەرووى سزایان بکەن، لەپاڵ ئەوانەش ژوورى بازرگانى ئەمریکا و پەیمانگەى پترۆڵى ئەمریکاش دژی وەستاوەتەوە، بەڵام هیچ لەو هەڵوێستانە کاریگەرى لەسەر پرۆژە یاساکە نابێت و، هاوشێوەى یاساى (جاستا)، سەرەڕاى دژایەتییەکى زۆر چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

نۆپێک چ لەبەرهەمهێنەرانى ئۆپێک دەکات؟

ترامپ و نەوت و ئۆپێک

 

پڕۆژە یاسای نۆپێک، دەیەوێت گۆڕانکاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەى پاوانخوازی ئەمریکى بگۆرێت و، بە تۆمەتى کەمتەرخەمی ڕێگەى بدات سزاى بەرهەمهێنەرانى نەوت بکات. هاوکات سنووردارکردنى بەرهەمهێنانى نەوت یاخود غاز یاخود سنووردار ردنى نرخەکانیان بە پێچەوانەى یاساکان.

هاوکات پارێزبەندی سەروەریشیان لەسەر هەڵبگرێت بۆ ئەوەى بتوانرێت لە دادگاکانى ئەمریکا ڕووبەرووى دادگایی ببنەوە، ئەمەش مەترسییەکى گەورەى بۆ وڵاتانى عەرەبی دروست کردووە کە پشکیان سەدا ٥٠ ئۆپێکە. ناوەرۆکى یاسای بەرەنگاربوونەوەى پاوانخوازی ئەمریکا، ڕێگرى لە هەر ڕێککەوتنێکیش دەکات لەنێوان کۆمپانیا بازرگانییەکان بۆ دیارییکردنى نرخى کاڵاکان و خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان، جگە لەوانەش هەموو دانووساندنێکیش لەنێوان کۆمپانیاکان هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەى نرخى بەرهەمەکە دیاریی بکەن، یاخود جێگیر بکرێت.

لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیەش ئۆپێک دەکەوێتە ژێر باری یاسایی و، بەهاکەشى وەک یاریکەرێکى سەرەکی و کاریگەر لە بازاڕەکان بۆ دیارییکردنى نرخەکان لەدەست دەدات. هەرچەندە وڵاتانى ئەندامی ئۆپێک بەهۆى داڕمانى نرخەکانەوە ڕووبەرووى قەیران و ئاڵۆزی دارایی بوونەوە، یاساکەش بارگرانییەکى زیاتر دروست دەکات.

 

هەنگاوەکانى ئۆپێک پاوانخوازی ئەنجام دەدات؟

هەنگاوەکانى ئۆپێک پاوانخوازی ئەنجام دەدات

 

لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ى ٢٠١٦، ئۆپێک دواى ٢٠٠٨ بۆ یەکەمجار گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەى بەرهەمهێنانى خۆى کەم بکاتەوەو، ئەو بڕیارەش نرخەکانى بەسەدا ٨٣ فڕاندە ئاسمان و،  تاڕادەیەک قەرەبووى زیانەکانى نیوەى دووهەمى ٢٠١٤ کردەوە، تا ئەمڕۆش پرۆسەکەى بەردەوامیی هەیە.

ئەو بڕیارەش بووە هۆى توڕەبوونى یاسادارێژەرانى ئەمریکا و، پێیان وابوو "بڕیارەکانى ئۆپێک زیان بە بەکاربەران دەگەیەنێت و، دەستێوەردانێکى گەورەى بازاڕى ئازادە". بۆ وڵاتە بەرهەمهێنەرانى نەوت بەرزبوونەوەى نرخەکانى نەوت، پرسێکى ئەرێنی و قازانجە، بەتایبەت لە ڕووى داخڵبوونى داهاتى زیاتر بۆ خەزێنەکانیان، بە پێچەوانەوەش بۆ بەکاربەران و کڕیاران زیانبەخشە، چونکە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخەکانى سووتەمەنى، بەتایبەت بەنزین و بەرهەمە پاڵاوتووەکانى.

سەرەڕاى ئەو بەرزبوونەوەیە گەورەیەى نرخەکان؛ ئۆپێک لە کۆبوونەوەى جەزائیر لە ٢٣ ئەیلوول (خەرمانان)ی ڕابردوو، بەبێ هیچ ڕاسپاردەیەکى فەرمیی کۆتایی بە کۆبوونەوە نیو ساڵانەى ڕاوێژکارى خۆی هێناو، هیچ بەرهەمێکى زیاترى نەخستە بازاڕ.

ئەو کاتەش قسەو باسی زۆر لەبارەى کاریگەریى بڕیارەکەى ئۆپێک هەبوون، بە تایبەت لە سەرووبەندی سەپاندنى قۆناغی دووەمى سزاکانى واشنتۆن دژى تاران، کە سێیەم گەورە بەرهەمهێنەرى ئۆپێکە. ڕێکخراوەکەش بە ڕوونى دژى بڕیارو داواکەى ترامپ ڕاوەستا، کە داواى "خستنەرووى زیاترى نەوت"ـى دەکرد.

لەو نێوەندەشدا ئۆپێک لەحوزەیران (جۆزەردان)ى ئەمساڵدا بڕیاری دا دەستبەرداری "سیاسەتى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان بێت"، ئەوکات خوێندنەوەى بازاڕەکان بۆ ئەوە دەچوون کە لە ژێر فشارەکانى کۆشکی سپی بووە، هەرچەند ئەو بڕیارەش ڕاست بێت یاخود پێچەوانەوە بێت، بەرهەمهێنانى وڵاتانى ئۆپێک بزوێنەرێکى سەرەکیی نرخەکانى نەوتى خاون، کەپێی دەگووترێت "ئابووری پاوانخواز".

نەوت یەکێکە لەو کاڵا سەرەکیی و گرنگییەى جیهان، ئەو بەرپرسە لە پڕکردنەوەى دوو لەسەر سێی بەکاربردنى جیهانى لە وزە، وڵاتانى دەوڵەمەندی ئەو سامانەش کە لە نێو بازاڕەکاندا بە "زێری ڕەش" ناو دەبردرێت، بزوێنەرێکى سەرەکییە لە جوڵانەوەى ئەرێنى گەشەسەندنى ئابوورى دادەنرێت.

لە دوای دۆزینەوەى نەوت لەساڵى ١٨٩٥ تا ئێستا ئەو کاڵایە پانتاییەکى گەورەى نەخشەى ململانێیەکانى داگیر کردووەو، شادەماری سەرەکیی پێکدادانەکانى جیهانیشە. هەموو هەوڵە جیهانییەکانیش بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرى ئەو زێرە لەنێو بازاڕەکان و، دۆزینەوەى سەرچاوەى دیکەى هەرزانتر لەو کاڵایە تا ئەمڕۆ شکستى هێناوە، هەوڵێکیش هەیە جیهان بەرەو وزەى خاوێن و تیشکی ڕۆژ ببردرێت، بەڵام پڕۆسەکە نەگەیشتۆتە قۆناغێکی تێربوون.

بەم دواییانەش ئۆپێک توانیویەتى "پێگەیەکى جیهانى"، لەنێو بەرهەمهێنەران دروست بکات، کە ئەمەش ڕووداوێکى مێژوویی و ناوازەیە، بەجۆرێک ڕووسیا وەک گەورە بەرهەمهێنەرى سەربەخۆی نەوت، بەشێوەیەکى بەردەوام لەنێو مێزەکانى ئۆپێک جێگەى هەیەو، بەشداریی لە گفتوگۆییەکانیش دەکات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا لە دەرەوەى کۆبوونەوەکانەو، تەنانەت دژى سیاسەتەکانى واشنتۆنیش بڕیار دەردەکەن.

بەشداری ڕووسیا و وڵاتانى ئۆپێک، بەشێوەیەکى دەستەجەمعی کاریگەرى لەسەر نرخەکان دروست دەکەن، بەو هۆیەوەشە ئەمریکا دەیەوێت ئەو ڕێکخراوە هەڵبوەشێنێتەوەو، کاریگەرییەکانى لە ناو بەرێت.

 

ئەمریکا جەنگێکى یاسایی دەوێتگ

ئەمریکا جەنگێکى یاسایی دەوێتگ

 

پێش ڕێککەوتنەکانى کۆتایی ٢٠١٦، زۆرێک لەچاودێران پێیان وابوو ئۆپێک هیچ ڕۆڵێکى سەرەکیی لەبازاڕى نەوتى جیهانى نەماوەو، ئەو هەنگاوانەشى ئەنجامیدەدات کاریگەری نیە، بەڵام دواى ڕێکەوتنەکانى متمانەکانی گەڕایەوەو، دەرکەوت ئەو ڕێکخراوە هێشتا بەهێزو یەکگرتووە.

لەو بارەیەوەش مەحمەد بارکیندۆ، ئەمینداری گشتى ئۆپێک دووپاتی کردەوە "ئۆپێک کۆتایی نەهاتووەو، سەردەمى نەوتیش هێشتا ماوە"، ئاماژەى بەوەش داوە " داهاتووی ئۆپێک پرشنگدارو گەشبینە"، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کەتواناى تێپەراندنى ئاستەنگ و ئاڵۆزییەکانى هەیە.

توانای ئۆپێک کۆنترۆڵکردنى دابینکارییەکانى نەوتى جیهانی هەیە، ئەگەر هاتوو پرۆژە یاساى نۆپێک بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوا ڕێکخراوەکە ڕووبەرووى فشاری گەورە دەبێتەوەو، ڕۆڵەکەشى لەبازاڕەکان لاوازتر دەکات، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو ڕێکخراوەیە بەیەکگرتوویی هەڵبوەشێتەوە، بەتایبەت ئێستا قەتەر لێی کشاوەتەوەو، پێشتریش دوو وڵاتی دیکە لەئەندامێتى ئەو ڕێکخراوە چوونە دەرەوە. ئەوەش پێچەوانەى سیاسەتە گشتییەکانى ئۆپێکن، کە هەوڵى ئەوە دەدات زۆرترین بەرهەمهێنەرى نەوت لەنێو خۆیدا کۆ بکاتەوە.

یەکێک لەو وڵاتانەى هەست بەوە دەکات ئۆپێک لاواز بووە خودی سعودیەیە، کە گەورە بەرهەمهێنەرى نەوتى نێو ئەو ڕێکخراوەیەو، بەردەوامیش هەنگاوەکانى جێی ڕەتکردنەوەیە لەلایەن ئێران، کە دژى باڵادەستى ڕیازە لەنێو ئەو ڕێکخراوە. ئەمەش لەلایەن کامل حەرمی، پسپۆڕی نەوتى کوەیتى باس کراوە، کە نیسان (خاکەلێوە)ى ڕابردوو بەئاژانسى فرانس پرێسى گووتبوو "هاریکارییەکى نوێ هەیە لە نێوان ڕیازو مۆسکۆ"، پێیان وابووە "ئەو هاوپەیمانییەى لە نێوان دوو زلهێزى بەرهەمهێنەرى نەوت ڕۆڵى ئۆپێک لاوازتر دەکات"، هەنگاوەکانى شانشینى سعودیەش بەم دواییانە دەری دەخات کە هەمیشە لە دەرەوەى ئۆپێک گرێبەست و ڕێککەوتنە نەوتییەکان ئەنجام دەدات.

سەرچاوە میدیاییەکان باسیان لەوە کردووە "هەردوو زلهێزى نەوت لە نێوان ڕووسیاو سعودیە ڕێککەوتنێکى نهێنى هەیەو، لە ئەیلوول (خەرمانان)ی ڕابردوو واژوو کراوە، بۆ ئەوەى بەرهەمهێنان بەرز بکەنەوە، تا نرخەکان هێور بکەنەوەو، ئاراستەى دابەزین بگرێتەوەو، پێشوەختیش ئەمریکای لێی ئاگادار کراوەتەوە، سەرجەم پڕۆسەکەش پێش کۆبوونەوەکانى جەزائیر بووە".

تویتەکەى ترامپ کە ماوەیەک لەمەوبەر لەبارەى دابەزینى بەرچاوى نرخەکان باشترین بەڵگەى جوڵانەوەکەى ڕیاز بوو لە دەرەوەى ڕێکخراوەکەى، کە دەستخۆشى لە شانەشینى عەرەبی سعودیە کردبوو بۆ خستنەرووى نەوتى زیاتر.

 

ئۆپێک چەکی وەڵامدانەوەى هەیە؟

بەهاى نەوت

 

زۆربەى چاودێران پێیان وایە ئۆپێک چەکى ڕاستەقینەى وەڵامدانەوەى یاساکەى ئەمریکاى نییە، گەر هاتوو ترامپ تێیپەڕاند، بەڵام ئەو پڕۆسەیە لەسەر وڵاتان دەمێنێتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنانى تایبەتیان دەکەن لە ئەمریکا، کە ئەمەش جەنگێکە هەمیشە هەمووان تێدا دەدۆڕێن، بەڵام لە ئێستادا ڕێکخراوەکە هەوڵى خۆپارێزی خۆی دەدات دژى هەر یاسایەکى لەو شێوەیە.

زانیارییەکان دەری دەخەن "ئۆپێک پەنای بۆ کۆمەڵێک ڕاوێژکاری یاسایی بردووە بۆ خۆپارێزی لەو جۆرە بڕیارانە". لەم چەند مانگەى کۆتاییدا تیمێکى یاسایی لە نێو ڕێکخراوەکە چاویان بە کۆمەڵێک گەورە نووسینگەى یاسایی جیهانی کەوتووە لە نێویاندا (وایت ئاند کایس)، بۆ ئەوەى بڕیارەکانى هاوتای یاساى بەرەنگاربوونەوەى پاوانخوازی جیهانى بێت، بەجۆرێک نەکەوێتە ژێر کاریگەریى یاساى ئەمریکا، بەڵام سەرجەم ئەو پرۆسەیەش پێشبینین و چاوەڕوانى داهاتوو دەکەن بۆ ئەوەى بزانن چ لە هەگبەیدایە.

 

چەکێکى نوێی ئەمریکا:

چەکێکى نوێی ئەمریکا

 

لەم ساڵانەى دواییدا ئەمریکا کۆمەڵێک چەکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەى قۆڵیان بگوشێت و ناچاریان بکات، ملکەچی داواکەى ببەن، کە ئەویش یاسای نوێیە. پێش یاسای نۆپێک، کۆنگرێس یاساى "دادوەرى دژى پاڵپشتیکارانى تیرۆر" کە کورتکراوەکەى (جاستا)ـیە، لە ئەیلوول (خەرمانان)ی ٢٠١٦ پەسەند کرد، کە یاساکە پانتایی پارێزبەندی وڵاتان و کەسە بیانییەکانى کەم کردەوە و، ڕێگەی دا لە دادگاکانى ئەمریکا ڕووبەرووى دادگایی ببنەوە، بە تایبەت ئەوانەى لە کردەوەى تیرۆر لەوڵاتانى جیهان تۆمەتبارن.

ڕێگەشى بە بنەماڵەى قوربانیانى ١١ ئەیلوول (خەرمانان)ی ٢٠٠١ ـداوە، بەرپرسانى سعودیە پەلکێشى دادگاکانى واشنتۆن بکەن بۆ ئەوەى ڕووبەرووی سزا ببنەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى سعودیە کرد لەنێو خاکی ئەمریکا کرد، بەو هۆیەوەش ڕیاز لە خستنەرووى پشکەکانى ئارامکۆ لە بۆرسەکانى جیهان پاشگەز کردەوە، کە چاوەڕوان دەکرا گەورەترین ڕووداوى ئابوورى بێت لە بازاڕەکانى بۆڕسەدا.

ئەمریکا ساڵانێکى زۆرە دژایەتى ئۆپێک دەکات، بەڵام بەبێ ئەوەى بەشێوەیەکى ئاشکرا ئەو جەنگە ئەنجام بدات، هۆکارە مێژوویەکەشى بۆ بایکۆتکردنەکەى ساڵى ١٩٧١ بوون، کاتێک ڕیاز دژى هێرشە سەربازییەکانى دژى میسر فرۆشتنى نەوتى بە ئەمریکا لەنێو ئۆپێک ڕاگەیاندو، گەورەترین قەیرانى ووزەى لەسەرئاستى جیهان دروست کرد و ئابوورى واشنتۆنیشى تووشى گەورەترین داتەپینى ئابوورى کرد.

گەورەترین دڵەراوکێی ئەندامانى ئۆپێک لەلایەن خودی ڕیازەوەیە، چونکە مەترسیی هەیە هاوشێوەى یاساى جاستا یاساى نۆپێکی دژى بەرپا بکرێت، ئەمەش وەبەرهێنانێکى یەک تریلیۆن دۆلارى شانەشینى سعودیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت چوونە بوارى جێبەجێکردنى یاساى نۆپێک.

ڕۆیتەرز لە سەر زاری خالید ئەلفالح، وەزیرى وزەى حکومەتى ڕیاز بڵاوی کردەوە "کاردانەوەى مەترسییەکان لە یاساى نۆپێک لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکى لە نێویاندا ڕێک بیری، وەزیرى وزە تاوتوێ کردووە".

ئۆپێک سەرەڕاى کەمبوونەوەى پشکى لەبازاڕەکانى جیهان بەبەراورد لەگەڵ سەرەتاکانى دروستبوونییەوە، بەڵام هێشتا کارتیلێکى کاریگەرە لەنێو بازاڕەکاندا، ئێستا کۆبوونەوەکانى لە ڤەیینا بۆ پرسى تاوتوێکردنى ڕەوشى بازاڕ، کاریگەرییەکانى نیشان دەدات.

بە جۆرێک بۆ یەکەمجارە هەڵوێستى تاران و ڕیاز لە بەرامبەر لێدوانەکانى واشنتۆن هاوتا بێت و دژى بووەستنەوە، کە هەردوو وڵات سوور بوون لەوەى "ئۆپێک بەشێک نییە لە سیاسەتەکانى ئەمریکا و، بە ئارەزووى ئەو وڵاتەش بەرێوە ناچێت".