یۆرۆنیوز و دوو تۆڕی گەورەی هەواڵدەری جیهان بۆ پێشگرتن لە زیاتر بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا لە جیهان هەڵمەتێک وەڕێدەخەن. تۆڕی جیهانی بی بی سی، سی ئێن ئێن و یۆرۆنیوز بەڵێنیان داوە زیاتر لە ٤٦ ملیۆن یۆرۆ شوێنی تەبلیغات بدەن بەو دامەزراوانە کە لە بواری گەیاندنی زانیاری و هەروەها پاراستنی ئینسانەکان لە بەرابەر بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا چالاکی دەکەن.
ئەو سێ تۆڕە، بەشی زۆری بەرهەمە میدیاییەکانیان تەرخانی قەیرانی کۆڤید ١٩ کردووە و زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن کەسیان لە سەرتاسەری جیهان لە دوایین هەواڵو گۆڕانکاریەکانی پێوەندیدار بە ڤایروسی کۆڕۆنا ئاگادار کردووەتەوە.
مایک پیترز بەڕێوەبەری یۆرۆنیوز لەو بارەوە دەڵێ: لەو سەردەمە پڕ لە چالشەی جیهانی ئێمەدا، ئێمە لە یۆرۆنیوز بەرپرسایەتێکی قورسمان لەسەر شانە بۆ ئەوەی بتوانین بەربێژ و بەردەنگەکانمان لە ١٢ زمانی جیاوازی جیهان سەبارەت بەو دۆخە و لە رێوشوێنەکانی پێشگرتن بە بڵاو بوونەوەی زیاتری ڤایروسی کۆڕۆنا ئاگادار بکەینەوە.
لە درێژەدا گووتی: ژووری هەواڵی ئێمە شەووڕۆژ لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی وەک ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە پێوەندی دایە بۆ ئەوەی بەردەنگەکانمان لە دوایین پێشنیارەکان بۆ بەرگری لە زیاتر بڵاو بوونەوەی کۆڕۆنا ئاگادار بکەینەوە.
پیترز لە درێژەدا گووتویەتی: ئێمە دەمانهەوێ هەنگاوێک بەرەو پێش بچین و بە هاوکاری یەکتری دەمانهەوێ هاوکاری ڕێکخراوە تەندروستیەکانی سەرتاسەری جیهان بکەین بۆ ئەوەی پەیامی باش و تەندرووستی خۆیان بە شێوەی بەربڵاو لە جیهاندا بڵاو بکەینەوە و هیواداراین میدیاکانی دیکەش ئەو کارە بکەن.
ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی یەکەمین دامەزراوەی نێودەوڵەتیە کە وێرای پێشوازی لەو گەڵاڵەیە ڕایگەیاندووە کەمپینێکی ٧ قۆناغی بە بنەماگرتنی وشیارکردنەوەی جیهانی بۆ پێشگرتن لە بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا دەست پێدەکەن.