Skip to main content

توڕەیی ئێرانییەکان لە کۆمارى ئیسلامى کڵپە دەستێنێت

توڕەیی ئێرانییەکان لە کۆمارى ئیسلامى کڵپە دەستێنێت
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنگەیەکى باشن بۆ سووککردنى بەرپرسان و ئاخووندەکانى کۆمارى ئیسلامى
posted onNovember 7, 2018
nocomment

 

زۆرینەى هاووڵاتیانى ئێران لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توڕەیی خۆیان بەرامبەر گەندەڵیی و زێدەرۆیی کەمینەى دەسەڵاتداران دەخەنە ڕوو، کە ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەى دانیشتووانى ئەو وڵاتە ڕووبەڕووى ئاستەنگی و ئاڵۆزی بووەتەوە لە دابینکردنى پێداویستییەکانى ڕۆژانەى.

 

لە دواى سەپاندنى سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا دژى کۆماری ئیسلامی، بارگرانى بۆ هاووڵاتیان دروست بووە و ئاستى کڕینى کاڵا بنەڕەتیەکانى بۆ ئێرانیەکان لاواز بووە. لەکۆتایی ساڵى ڕابردووەوە، زۆربەى شارەکانى ئێران، ڕووبەرووى خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژى دەسەڵاتداران بووەوە، کە سەرجەمیان پیاوانى ئایینى و دیپلۆماتی و بەرپرسانى باڵایان کردبووە ئامانج.

یەکێک لەو کەسایەتیانەى بەروونى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستگرام توڕەیی خۆی بەرامبەر گەندەڵى دەسەڵاتداران هێرشەکانى دەست پێ کردووە سەید مەهدی سەدر ساداتی ـیە، کە سەرووى ٢٥٦ هەزار فۆڵۆی هەیە. یەکێک لەکۆمێنتەکانى ڕەخنەى لە ژیانە خۆشگوزەرانەکەى فەرماندە سوپای پاسداران و کوڕەکەى گرتووە، کە لە وێنەیەکدا لە کوشکەکەى خۆیان دەردەکەون کە لە پشتیانەوە پڵنگێک بەسەر دار دەکەوێت.

لەئێراندا هەر ڕەخنەیەکى ئاشکرا لەیەکێک لەئەندامە ناسراوەکانى سوپای پاسداران، کەیەکەیەکى سەربازی بەهێزەو ڕاستەوخۆ بەعەلى خامەنەئی، ڕابەرى باڵاى کۆماری ئیسلامی بەستراوەتەوە، سزایەکى تووندی هەیە. ساداتى نووسیویەتى "پڵینگ لە ماڵدا؟ چی ڕوودەدات؟"، پاشان دەنووسێت "ئەمانە هەمووی هی گەنجێکى تەمەن 25 ساڵییە، کە تواناى دابینکردنى ئەو هەموو سامانەى نییە، خەڵکیش بە ئەستەم دایبیەکى بۆ منداڵەکەى پێ دابین دەکرێت".

لەدواى کشانەوەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا لەرێکەوتنە ئەتۆمییەکەى ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکەى جیهان، بەهاى تمەنى ئێرانى بەئاستى سەدا ٧٥ تووشى داڕمان بوویەوە، بە جۆرێک لەبازاڕى ڕەشی ئەو وڵاتەدا نرخى هەر دۆلارێک یەکسان بووە بە ١٤.٩ هەزار تمەن.

بەرزبوونەوەى تێچووى ژیان و کەمیی داهاتەکان و، هەڕەشەکانى واشنتۆن لەسزادانى زیاترى ئێران، زۆربەى کۆمپانیا بیانیەکان لەتاران کشانەوەو، بەشێکی دیکەشیان سەرجەم پرۆژەکانیان هەڵپەسارد. چاوەڕوانیش دەکرێت تا بەهارى داهاتوو کەسەرى ساڵى نوێی ئێرانییە، ئاڵۆزییە ئابوورییەکان تووندتر بن. لەترسى  پەرەسەندنى توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکەى خامنەیی، دادگایەکى تایبەتی بۆ سزادانى تاوانى دارایی دروست کردووەو، لە سەرەتاى کارەکەشى حەوت کەسى بەسزاى لەسێدارەدان دەست پێ کردووە.

بەگووتەى ئەو دادگایە " تاوانى گەندەڵیی لەزەویدا ئەنجام داوە"، ئەمەش لەئێراندا گەورەترین تاوانە بە پێی یاساکانى کۆمارى ئیسلامی. ئەو پرۆسەیەش بەبۆچوونى حکومەتى تاران، کەمکردنەوەیەکى توڕەیی خەڵکیە، بەڵام هاووڵاتیان سوورن لەدرێژەدان بەناڕەزاییەکان و توڕەیی دژى بەرپرسان و پیاوانى ئایینى و دەسەڵاتداران.

لەلایەن خۆیەوە سەعید لەیلاز، شیکارى ئابوورى و سیاسی دانیشتووى تاران دەڵێت "بەهۆى ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى خەڵک بەدواى کەسێک دەگەرێن، تاوانەکەى بخەنە ئەستۆ، بۆیەش تۆڵە لەسەرکردەو بەرپرسانى وڵات دەگرن". ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی ساڵانێکى زۆرە داواى خۆراگرى لە هاووڵاتیانى دەکات و، هاوکات بەرگرى لە ڕژێمەکەیان بکەن، بەڵام بەبێ ئەوەى گەرەنتى چارەسەر کردنى کێشەکان و ئاڵۆزییە ئابوورییەکان پێشکەش بکات، کە لە دواى ١٩٧٩ ـەوە ڕووبەرووى هاووڵاتیان بووەتەوە.

لەوبەرى ئۆقیانووسى ئەتڵەنتیکەوە واشنتۆن خۆشحاڵە بە ڕەخنەگرتن لەدامەزراوە ئایینى و سیاسییەکانى ئێران، بۆ ئەوەى تاران ناچار بێت بەهۆى فشارى ناوخۆیی و دەرەکییەوە سنوورێک بۆ بەرنامە ئەتۆمیی و سیاسەتە شەڕانگێزییەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دابنێت. لە خۆپێشاندانە گەورەکەى ئێرانیش کە لە کۆتایی ساڵى ڕابردوو بۆ سەرەتاکانى ئەمساڵ درێژەى کێشا هەشتا شارو شاروچکەى گرتەوە، بە هۆیەوەش نزیکەى ٢٥ کەس کوژران. پیاوە ئایینەکەى ئێران لەیەکێک لەگرتە ڤیدیۆییەکاندا بەکوڕی پارێزگارى پێشووى بانکی ناوەندی ڕاستەوخۆ لێی دەپرسێت "چۆن دەوڵەمەند بووی و، کاتژمێرێکى زێرى زەبەلاحت لە دەست کردووە".

جگە لەو کەسایەتیانەى ناویان هێنراوە، لەپاڵ دەیان بەرپرسانى دیکەى وڵات نازناوی "ئاغازادە"، واتە بنەچەى شکۆمەندەکان پێیان بەخشراوە، وەک هێمایەک بەو زێدەڕۆییەى لە ساماندا ئەنجامیان داوە.