Skip to main content

ئەمریکا و ئاڵمان لەسەر کۆڕۆنایە مشتومڕیانە

ئەمریکا و ئاڵمان لەسەر کۆڕۆنایە مشتومڕیانە
AvaToday caption
posted onMarch 16, 2020
nocomment

 

کۆمپانیایەکی ئاڵمانی نیزیک بووەتەوە لە درووستکردنی دەرزی کۆڕۆنا و بەرپرسانی بێرلین دەڵێن واشنتۆن هەوڵی داوە بە پێشنیارێکی پارەیەکی زۆر بە شێوەی تاکلایەنە دەستی بەو دەرزیە ڕابگات.

 

وەزارەتی تەندروستی ئاڵمان پشتڕاستی کردووەتەوە کە دۆناڵد ترامپ ویستویەتی لەگەڵ کۆمپانیای "کیور- واک" بە ڕێککەوتن بگات بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێبێنێت تاقیگەکانیان بە تەواوی بۆ ئەمریکا بگوازنەوە.

نووسینگەی ناوەندی کۆمپانیای ئاڵمانی کیور واک لە توربیگنی ئاڵمان هەڵکەوتووە و دوو لقی لە فرانکفۆرت و بوستون هەیە. گۆڤاری ئاڵمانی دای وڵت کە یەکەمین جار ڕاپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاو کردەوە نووسیویەتی: واشنتۆن دەیهەوێ ئەو کۆمپانیا ئاڵمانیە لقی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی خۆی بە تەواوی بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە بۆ ئەوەی دەرزیەکەی تەنیا بۆ ئاڵمان درووست بکات.

بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە بوو بە هۆی توورە بوونی هێندێک لە سیاسەتوانانی ئاڵمان . کارل لوترباخ، نوێنەری سۆسیال دێموکراتەکان لە پەرلەمانی ئاڵمان گووتی: ئەمریکا کارێکی کردووە کە بە هیچ شێوەیەک دۆستانە نییە.
لوترباخ کە بۆخۆی لە بواری ئابوری تەندرووستی و نەخۆشیە هەمەگیرەکاندا مامۆستای زانستگایە لە یوتیترەکەی خۆیدا نووسی: بە هەر شیوەیەک بکرێت دەبێ پێش بە فرۆشتنی پاوانخوازانەی دەرزی کڕۆنا بە ئەمریکا بگرین، کاپیتالیزیمش سنوورێکی هەیە.

ئەگەرچی باڵیۆزی ئاڵمان لە بریتانیا لە تویتێکدا ڕاپۆڕتی گۆڤاری دای ولتی بە هەڵە ناوبرد بەڵام هورست سیهافر وەزیری ناوخۆی ئاڵمان ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە لەو بارەوە لەگەڵ گرووپی قەیران کۆبوونەوەیەک پێک دێنێت.

لە لایەکی دیکە دیتمار هوپ سەرمایەدانەری سەرەکی کۆمپانیای دەرمانسازی کیور وایک ڕایگەیاند تەمای فرۆشتنی کۆمپانیاکەی نییە و دەیهەوێ دەرزی کۆڕۆنا بۆ هاوکاری هەموو جیهان دروست بکات نەک ناوچەیەک.

حەوتووی ڕابردوو بەرپرسانی کۆشکی سپی ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمپانیاکانی دەرزی و دەرمانسازیە دیارەکانیان دەعوەتکرد هەتا سەبارەت بە ڤایروسی کۆڕۆنا قسەیان لەگەڵ بکەن.

دەنیل مێنی کلا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کیور واک لە نێو میوانەکان دابوو. لە ڕاپۆرتێکدا کە لە دوای دیدارەکە بڵاو بووە هاتبوو کە مێنی کلا بە بەرپرسانی واشنگتۆنی گووتوە کۆمپانیاکەیان خەریکی درووستکردنی دەرزی کڕۆنایە و هیوادارە هەتا سەرەتای هاوین بتوانن دەرزیەکە ئامادە بکەن.