پاش وەڵامە توندەکەى کۆمیتەى خۆپێشاندانەکانى عێراق بۆ بەیاننامەکەى بەرهەم ساڵحى سەرکۆمارى عێراق، ئایەتوڵا سیستانى خوازیارى هەڵبژاردنى پەرلەمان بوو!
سیستانى کە مەرجەعى باڵاى شێعەکانە لە عێراق، ئەورۆ خوازیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە بوو بۆ پەرلەمان و گوتى دەبێت بە زووترین کات ئەم کارە بکرێت!
سیستانى توندوتیژى و هێزى دژى خۆپێشاندەران مەحکوم کرد و پێداگرى کردەوە کە لە چوار مانگى ڕابردوو، خوێنى کەسانى زۆرى بێ تاوان ڕژێنراوە!
سیستانى لە خوتبەى ئەمڕۆى هەینى کە لە لایەن عەبدولمەهدى کەربەلایی نوێنەرى خۆى لە شارى کەربەلا خوێندرایەوە، دژایەتى "شێلگیرانە"ى خۆى بۆ تێکدانى مانگرتنى خەڵکى ڕایگەیاند و پێداگرى کردەوە کە درێژەى قەیرانى ئێستا لە ڕاستاى بەرژەوندییەکانى عێراق نییە!
عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى عێراق، دوو مانگ بەر لە ئێستا، تەنیا چەند سەعاتێک دواى ئەوەى کە سیستانى پاڵپشتى خۆى بۆ دەوڵەت ڕانەگەیاند، دەستى لە کار کێشایەوە. لەوکاتەوە تا ئێستا پەرلەمانى عێراق نەیتوانیوە جێگرەوەیەک بۆ عاد عەبدولمەهدى دیارى بکات.