Skip to main content

بۆڵتۆن: دەبێ پاڵەپەستۆى زیاتر بخرێتە سەر ئێران

بۆڵتۆن: پێویستە گەورەترین پاڵەپەستۆ بخرێتە سەر ئێران
نەرمى دەنوێنرێت بەرامبەر هەندێک وڵات کە ناتوانن هەموو بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕابگرن
posted onNovember 1, 2018
nocomment

 

بەرپرسێکى باڵاى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە "واشنتۆن دەیەوێت تووندترین پاڵەپەستۆ بخاتە سەر ئێران، بۆ ئەوەى کەرتى وزەى بگەیەنێتە ئاستى سفر"، هاوکات ڕاشیگەیاند "بەڵام ئەمریکا نایەوێت زیان بە وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانی بکەوێت، کە پشت بە نەوت دەبەستن".

 

جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕوونی کردەوە "ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا هەست بە ژمارەیەک وڵات دەکات کە لە ڕووى جوگرافییەوە لە ئێران نزیکن، تواناى ڕاگرتنى دەستبەجێی و  تەواوی کڕینى نەوتى ئێرانیان نییە".

ئەو لێدوانەى بەرپرسەکەى واشنتۆن نیمچە ئاشتبوونەوەیەکە لە پرسى سزاکانى ئەمریکا بەسەر کۆمارى ئیسلامی، کە یەکێکە لە هەوڵەکانى کۆشکى سپی لە پرسى سزاى ئابوورى بەسەر هەناردەکردنى نەوت لە لایەن تارانەوە. بۆڵتۆن گووتیشى "ئەو وڵاتە بەهۆى سزاکانەوە تووشى ئاڵۆزی بووە و، لەنێویاندا داڕمانى بەهاى دراوى تمەن"، جەختى لەوەش کردەوە " گرنگ ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک سڵکردنەوە لە هەوڵەکانیان نەکەن".

دوابەدواى کشانەوەى ترامپ لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییە جیهانییەکەى ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکەى جیهان کە ٢٠١٥ واژۆ کرابوون، لە ئایار (جۆزەردان)ى ئەمساڵدا سەرۆکى ئەمریکا کۆمەڵێک سزاى نوێی بە سەر تاراندا سەپاند، لەلایەن خۆیشیەوە وەزارەتى دەرەوە زۆربەى کڕیارانى نەوتى ئاگادار کردەوە "ئاستى کڕینى نەوتى ئەو وڵاتە بگەیەننە سنوورى سفر".

هیماشی بەوە کردبوو " کاتەکان بە خێرایی تێپەڕ دەبێت، پێویستە ئەو وڵاتانە پرۆسەى هاوردەکردنى نەوتى کۆماری ئیسلامی ڕابگرن"، هۆشداریشى داوەتە وڵاتە هاوپەیمانەکانى بەوەى پابەندنەبوون بە سزاکانەوە ڕووبەرووى سزایان دەکاتەوە.

ئیدارەى کوشکی سپی بۆ ئەو پرسەش تاوتوێی "لێخۆشبوونى هەندێک وڵات دەکات، بۆ ئەوەى بەئاستێکى نزمتر نەوت لە ئێران بکڕن، کە ئەوانیش بریتین لە هیندستان و تورکیا".

چاوەڕوانیش دەکرێت لەدواى ٤ تشرینى دووهەم (ڕەزبەر)ی ئەمساڵ قۆناغی دووهەمی سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوەو، ئەمجارەش کەرتەکانى نەوت و وزە و بانکی ناوەندی ئێرانی بگرێتەوە. ستراتیژییەتى واشنتۆن بۆ ملکەچکردنى تاران بۆ ئەنجامدانى دانووستاندنێکى نوێ لە پرسى بەرنامە ئەتۆمییەکەى، سەرجەم کەرتەکانى فەلەج بکات، بەتایبەت کەرتى وزە کە گەورەترین سەرچاوەى داهاتى دارایی تارانەو، ڕێژەیەکى گەورەى بودجەى گشتى وڵاتەکەى دابین دەکات.

مەرجەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر کۆمارى ئیسلامی بریتییە لە "دەستبەردارى بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دروستنەکردنى مووشەکى بالیستى و، پاڵپشتىنەکردنى میلیشیا تیرۆریستییەکان، ڕاگرتنى سیاسەتى شەڕانگیزەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست"ـن.

بە شێوەیەکى فەرمیی سێ گەورە کڕیارى نەوتى ئێران ئامادە نین کە پابەندی یاساکانى واشنتۆن بن، کە ئەوانیش بریتین لە "چین، تورکیا و هیندستان"، بەڵام بەڵێنی کەمکردنەوەى ئاستى هاوردەکردنەکانیان داوە. هەرچەندە کۆریاى باشوور چەند مانگێکە هاوردەکردنى نەوتی لە ئێرانەوە ڕاگرتووە، بەڵام حکومەتى سیئۆل داواى لە مایک پەمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کردووە " نەرمییەکى گەورە بۆ پرسى لێخۆشبوونى وڵاتەکەى بنوێنێت، تا کۆمپانیاکانى ڕووبەرووى سزاکانى کوشکی سپی نەبێتەوە". لەلایەکى دیکەشەوە وڵاتانى دیکە پشت بە بەشێک لە سووتەمەنى ئێرانى دەبەستن، وەک عێراق و ئەفغانستان، لەو بارەیەوەش واشنتۆن دەڵێت "هەردوو پرسەکە تاوتوێ دەکەن و، بەجیاوازیش بڕیاریان بۆ دەردەچێت".

چاودێران مەترسیی ئەوەیان هەیە "سەپاندنى سزا بەسەر کەرتى وزەو نەوتى ئێران، نرخەکانى ئەو کالایە بەرزبوونەوەیە بە خۆیەوە ببینێت، بە ئاستێک کاریگەرى لەسەر وڵاتانى هاوردەى نەوت بکات".