Skip to main content

٨٠ ملیۆن دۆلارى ئێران لە چلەى ئیمام حوسێن چووەتە گیرفانى عێراقییەکان

٨٠ ملیۆن دۆلارى ئێران لە چلەى ئیمام حوسێن چووەتە گیرفانى عێراقییەکان
کۆمارى ئیسلامى زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلارى بۆ پاڵپشتى ڕێکخراوە چەکدارییەکانى لە عێراق و سوریە و یەمەن خەریج کردووە
posted onNovember 1, 2018
nocomment

 

ئێران هەتا دێت لەسێبەرى کۆمارى ئیسلامیدا دۆخى خراپتر دەبێت و ژمارەى هاووڵاتیانى خوار هێڵى هەژارى لە ڕادەى خۆى زیاتر و مەترسیدارتر دەبێت.

 

کەچى لەم دۆخە و بە هەڵنان و پڕوپاگندەى کۆمارى ئیسلامى بۆ بەشدارى لە چلەى ئیمام حوسەین، داهاتێکى گەورە چووەتە گیرفانى عێراقییەکانەوە کە زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلارە.

حەمید میدەرى جێگرى وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى کۆمارى ئیسلامى گوتوویەتى "١٨ تا ٣٥%ى دانیشتووان لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن"، بە هۆى مەترسیداربوونى ئامارەکە لە لایەن پسپۆڕانى ئابوورى سەر بە کۆمارى ئیسلامى، ڕەت کرایەوە، لە بەرامبەردا حەمید شقاقى پسپۆڕى ئابوورى و مامۆستاى زانکۆى خوارزمى لە ئێران گوتوویەتى "٥٠%ى دانیشتووانى ئێران لە ژێر هێڵى هەژاریدان".

بە پێى ڕاپۆرتى سوپاى پاسداران، لە ساڵى ٢٠١٢ى زایینییەوە تا ئێستا، کۆمارى ئیسلامى زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلارى بۆ پاڵپشتى ڕێکخراوە چەکدارییەکانى لە عێراق و سوریە و یەمەن خەریج کردووە.

هەژارى ڕەها لە پارێزگاکانى سیستان و بەلووچستان، جیاوازى دابەشکردنى بودجەى ئێران دەردەخات. بودجەى مەرجەعى تەقلید و ڕۆحانیەکان و ناوەندى پەروەردەییەکانى ڕوحانییەت لە شارى قوم لە ساڵەکانى ١٣٩٦ و ١٣٩٧ى هەتاوى، نیشاندەرى ئەو ڕاستییەن کە ناوچە بێبەش و هەژارەکان، بە بودجەى وڵاتیش بێبەشن.

لە جۆزەردانى ١٣٩٧، عەلیم یارمحەمەدى، نوێنەرى خەڵکى زاهیدان لە پەرلەمانى ئێران گوتى "٧٥%ى خەڵکى پارێزگاى سیستان و بەلوچستان لە ڕووى خۆراکییەوە هەژارن و لە هەر ڕوویەکى دیکەیشەوە بگرن، لە دۆخێکى زۆر خراپتدان. یارمحەمەدى دەڵێت "هەموو نەخۆشییەک لەم پارێزگایەى داوە و ئەمەیش بێدەنگەى لێ ناکرێت. من لە سەردانیکردنێکى مەیدانى زۆرێک لە خەڵکەکەم بینى کە تووشى کێشەى ئیسک و هەناسەدان بوونەتەوە و چارەنووسیان باش نابێت. تەنانەت لە شارى زاهیدان، ٣٥٠ هەزار کەس ئاوى پاکیان نییە بۆ خواردنەوە و زۆرێک لە بەشەکانى دیکەى شارەکە بە تانکى ئاویان بۆ دەبرێت".

ئێستا دۆخى تمەن بەرامبەر دۆلارێک لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ هەزار تمەن لە داشکان و بەرزبوونەوەدایە، لە بەرمبەردا کۆمارى ئیسلامى کارئاسانییەکى گەورەى کردووە بۆ ئەو کەسانەى کە سەردانى نەجەف و کەربەلا دەکەن بۆ سەردانى مەزارى حوسێن کوڕى ئیمامى عەلى و تەنانەت دۆلاریشیان بە هەرزانتر دەفرۆشرێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەم کارە داهاتى وڵات دەچێتە نێو عێراق و خەڵکى ئێران هەژارتر و ژمارەى کەسانى بن هێڵى هەژارى بێ شوومارتر دەبن.