Skip to main content

خۆپێشاندەرە عێرقییەکان تا ڕووخانى دەسەڵات کۆڵ نادەن

خۆپێشاندەرە عێرقییەکان تا ڕووخانى دەسەڵات کۆڵ نادەن
AvaToday caption
ڕووی سەرەکی درووشمی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی و حەشدی شەعبییە.
posted onNovember 3, 2019
nocomment

ناڕەزایەتییەکان درێژەیان هەیە و دەیان کەسی دیکە لە خۆپێشاندانەکانی دوێنێ شەممە کوژران و بریندار بوون. هەواڵدەری فەرانسە نووسیویەتی ناڕازیان داوای ڕووخانی ڕژیم دەکەن و دژی کۆماری ئیسلامی دروشم دەڵێنەوە. لە نوێترن حاڵەتەکانی کوشتنی خۆپێشاندەران لە بەغدا دوو کەس شەوی شەممە و بەیانی یەکشەممە کوژراون و دەیانی دیکە بریندار بوون.

 

خۆپێشاندەرانی عێراقی شەوی شەممە ١٢ گەڵاڕێزان جارێکی دیکە لە مەیدانی تەحریر کۆبوونەوە و لە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانیان کرد و ویستیان بچنە ناوچەی سەوز کە فەرمانگە دەوڵەتییەکان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی لێیە. هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دا بە گازی فرمێسکڕێژ خۆپێشاندەران بڵاوە پێ بکەن.

یارمەتیدەرەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە ئاماری کوژراو و برینداران زۆر لە ئامارە فەرمییەکان زیاترە و بەکارهێنانی نارنجۆکی فرمێسکڕێژ یەکێک لە هۆکارەکانی کوژران و برینداربوونی خۆپێشاندەرانی عێراقییە. ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە ١١ گەڵاڕێزان لە بەندەری ئوم قەسر بە هۆی هێرشی هێزە دەوڵەتییەکان زیاتر لە ١٢٠ کەس بریندار بوون. بەندەری ئوم قەسر گرینگترین بەندەری نێوخۆیی عێراقە و گرنگییەکى ئابوری و ستراتژیی گەورەى هەیە.

خۆپێشاندانى عێراق

هەواڵددەری فەرانسە لە درێژەدا گووتویەتی خۆپێشاندەران داوای ڕووخانی دەسەڵات دەکەن. جگە لە خوێندکاران، یەکیەتی و سەندیکا و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانى وەک سەندیکاى کرێکارى و یەکیەتى مامۆستایان و پارێزەران و ٢٠٠ کەمئەندامی شەڕی عێراق چوونەتە نێو خۆپێشاندانەکانەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکەی هەواڵدەری فەرانسە وادە و بەڵێنەکانی دەوڵەت و هەروەها پێشنیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە دڵی خۆپێشاندەرانی ڕازی نەکردووە و ناڕازیان هیوایان بە هەڵبژاردن نییە. مەیدانی تەحریر لە بەغدا شوێنێکی گرینگە بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی عێراق و زیاتر لە حەوتوویەکە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆپیشاندەران دایە.

ڕووی ناڕەزایەتیەکانی ئەو جارە لە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراقە وەک حەشدی شەعبی. دەستێوەردانەکانی ئێران بووە بە هۆی توڕەبوونی خەڵک و خەڵک لە دژی ئێران درووشم دەڵێنەوە.