Skip to main content

لەبەر گەمارۆکانى سەر ئێران خەریکە نەجەف مایەپووچ دەبێ

لەبەر گەمارۆکانى سەر ئێران خەریکە نەجەف مایەپووچ دەبێ
تواناى کڕینى گەشتیارە ئێرانییەکان لە نەجەف ٤% زیاتر دابەزیوە، کەچى پێش سزاکان ٧٠% بووە
posted onOctober 14, 2018
nocomment

 

 

سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامى ئێران و مایەپووچى تمەن کاریگەریی نەرێنى لەسەر جووڵەى بازاڕەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکانى نەجەفى باشوورى عێراق دروست کردووە، کە تا ماوەیەک بەر لە ئێستا ناوەندى باڵاى گەشتیارانى شێعەکانى ئێران بووە.

 

نەجەف، یەکێکە لەو شارانەى عێراق بەهۆى مەزارگەى عەلى کورى تاڵیب و هاوەڵەکانى، ساڵانە ملیۆنان گەشتیارى بیانى و ئێران ڕووى تێدەکەن، بەتایبەت لە لایەن شێعە مەزهەبەکانى ئایینى ئیسلام، بەڵام بەهۆى کشانەوەى یەکلایەنانەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى تاران و شەش وڵاتە زلهێزەکان و سەپاندنى سزاى ئابوورى بەسەر جووڵەى دارایی و بازرگانى کۆمارى ئیسلامى، بەهاى تمەن ڕووبەرووى داڕمان بووەوە و ئاڵۆزی ئابوورى بۆ هاووڵاتیانى ئەو وڵاتە دروست کرد.

سەرەڕاى ئەوەى ئومێدێک هەبوو لە دواى واژووکردنى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لە تەمموزی ٢٠١٥ ئابوورى ئێران بوژانەوەیەک بەخۆیەوە ببینێت و، دووبارە بگەرێتەوە نێو کۆمەڵگەى بازرگانیى نێودەوڵەتى، بەڵام خەونەکان لەگەڵ گەیشتنى دۆناڵد ترامپ، بە لوتکەى دەسەڵاتى کوشکى سپی هەموویان لە گۆڕ نران. کاریگەرییەکانى ئەو سزایەش ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ڕەوشى ئابوورى نەجەف کرد، کە سەرچاوەیەکى سەرەکیی داهاتەکانى لە ڕێگەى گەشتیاریی ئایینییەوەیە و، بەتایبەت لەلایەن گەشتیارە ئێرانییەکان.

دانیشتووانى ئەو شارە عێراقییە ئاماژەیان بەوە کردووە " بەبەراورد لەگەڵ ساڵى رابردوو ژمارەیەکى کەمیی گەشتیارە ئێرانییەکان کە بەزمانى فارسی قسە دەکەن، لە نێو شەقامەکاندا دەبینرێن". بازرگانەکان جەختیان لەوەش کردووەتەوە "ڕەوشى کارەکانیان لە ئاڵۆزییەکى خراپدایە و، ئاستى فرۆشتنەکانیان بەهۆى داڕمانى بەهاى تمەنى ئێرانییەوە، پاشەکشێی گەورەى تۆمار کردووە".

سزاکانى واشنتۆن لە ٧ى ئابی ڕابردوو بە شێوەیەکى فەرمیی چووە بوارى جێبەجێکردنەوەو، کۆمەڵێک سێکتەرى ئابوورى و بازرگانى و دارایی و پیشەسازی لەخۆ گرتبوون، چاوەڕوانیش دەکرێت لە 5 تشرینى دووهەمى داهاتوو قۆناغی دووهەمى سزایەکان بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە ئەمجارەیان کەرتى نەوت و وزە لەخۆ دەگرێت. ڕژێمى کۆماری ئیسلامى ئێران، هۆکارى ئەو داڕمانەش دەخاتە ئەستۆى ئەمریکاو، ڕایگەیاندووە "وڵاتەکەیان ڕووبەڕووى جەنگێکى ئابووری بووەتەوە، بۆ ئەوەى چۆک دابدەن".

لە دواى ئایارەوە، بەهاى تمەنى ئێرانى نزیکەى سەدا ٧٥ بۆ سەدا ٨٠ بەرامبەر سەبەتەى دراوە سەرەکییەکانى جیهان دابەزینى تۆمار کردو، لەپاڵ کاریگەرییە نەرێنییەکانى لەسەر شارى نەجەف، لەناوخۆى ئەو وڵاتەش هاووڵاتیان تووشى قەیرانێکى گەورە بوونەوە. بەئاستێک هاووڵاتیان توانای کڕینى کاڵاکانیان لە دەست داوەو، لەبەرامبەریشدا نرخى کاڵاکان بەرزبوونەوەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە.

ئاژانسەکانى هەواڵ باسیان لەوە کردووە "زۆربەى بازرگانەکانى شارى نەجەف، بەهۆى دابەزینى ڕێژەى گەشتیارانى ئێرانى، بازرگانییەکان هەڵوەشاندووەتەوەو، بەشێکى زۆرى دووکانەکانیش دەرگاکانیان داخست". ئامارە فەرمییەکانیش دەری دەخەن "تواناى کڕینى گەشتیارە ئێرانییەکان لەشارى نەجەف بەسەدا 3 بۆ چوار دابەزینى تۆمار کردووە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ پێش سەپاندنى سزایەکان لەئاستى سەدا ٧٠ بوون".

ئێستاش بەهۆى خراپی و ناسەقامگیری بەهاى تمەن، بازرگانە عێراقییەکان ئامادە نین، مامەڵەى بازرگانی بەو دراوە بکەن، بەڵکو لەبرى تمەن، کار بە دۆلار و دیناری عێراقی دەکەن. گرنگترین ئەو کەرتەى تووشى داڕمان بووە لەشارە عێراقییەکە کەرتى هۆتێلەکان بووە، کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکى بەرچاو پێشوازی لە میوانانى شارەکەیان بکەن، بەشێکیان دەرگاکانیان داخستووە و، کرێکارەکانیانیشیان ناردۆتە ماڵەوە.

لەبەرامبەریشدا بەهاى هەناردەکردنى ئێران بۆ عێراق لە دوانزە مانگی ڕابردوو نزیکەى شەش ملیار دۆلار بووە، کە ڕێژەى سەدا ١٥ ـى کۆى گشتى هاوردەکردنى بەغدای پێک هێناوە.