کتێبی ناسنامهی ئیبراهیم یونسی کە به پشتیوانی ئهنجوومهنی شارهوانی بانه له چاپ دراوه، ئهم حهفتهیه لە شارى بانەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕوونوێنی کرا. لهم ڕێوڕەسمهدا قوتهبدین سادقی، خالید تهوهکولی، محهمهد مهحمودی، ڕەزا عهلی پوور و ڕەزا شهجێعی بهشدار بوون. کتێبی "ناسنامهی ئیبراهیم یونسی" کە کتێبێکى لێکۆڵینهوهییە، ههوڵی هەردوو توێژەر ئۆمێد وهزهنده و سهید شوجان نهینهوایە و وتاری چەندین نووسهری ناسراوی ئێرانییە که سهبارهت به ئیبراهیم یوونسی لێکۆڵینهوهیان کردووه، ههروهها ئهو گفتوگۆیانه له خۆ دهگرێت که ئهم نووسهر و وهرگێڕە گهورهی کورد له ڕۆژنامهکان بڵاوی کردووهتهوه.
سەرەتای دوکتور ئومید وەرزەندە باسی کتێبهکهی کرد و گوتی: لەم کتێبەدا هەوڵمان داوە سیما و ڕوخسارێکی هەمە لایەنە لە کار و بەرهەمەکانی دوکتور یونسی پێشکەش بکەین. ویستوومانە بە یارمەتیی هەندێ نووسەر و شارەزای کورد و فارس باسی هەموو لایەنەکانی ژیان و وەرگێڕان و نووسینەکانی ئەم نووسەر و وەرگێڕە بە توانایە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین بەشدا لێدوان و وتار، ژیاننامە و وتووێژ، ڕەخنە و توێژینەوەی زانستی کۆکراونەتەوە و ڕێک خراون و نووسراون، تەنانەت هەندێ نموونە لە بەرهەمەکانی یوونسی ئاراستە کراوە کە لە ڕێگەیانەوە خوێنەر دەتوانێت ئاگاداری زۆر لایەنی ژیانی ئەدەبی و سیاسی و کەسایهتی ئەم نووسەر و وەرگێڕە ناوازەیە و شێوازی کارکردن و وەرگێڕانی بێت.
دواتر دوکتور خالید تەوەکولی باسى یونسی کرد کە لەو پێشەکیانەدا کە خۆی نووسیونی، زۆر وریایانە خەسار ناسیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەکات. ئهو بهڕاستی له ڕووی وهرگێڕانهوه کهسێک بووه بۆ ههموو وهرزهکان و "ئهو کارانهی یونسی کردی بە کوردی گرنگی زۆری ههیه که دیسان کارهساتهکان دووباره نهکهینهوه، جیا لەوەی کورد لە تاکە سەرچاوەیی ڕزگار دەکات، ڕای دیگهرانیش سەبارەت بە خودی کورد دەردەخات. مێژووی سیاسیی کورد هەندێ خەساری تێدایە کە یونسی لەو پێشەکیانەدا دەریخستوون کە تا ئەمڕۆش گرنگن، هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ڕوانگەی یونسیەوە مێژوو نەنووسین، پیرۆز کردنی سەرکردەکان، بێدەنگی و خۆسانسۆڕ کردن و متمانەکردن و پشت بەستن بە بێگانە ( بەتایبەت ڕووسەکان و ئەمریکییەکان) لە گرنگترین خەسارەکانی سیاسهتی کوردەکانە."
پاش ئەم باسانە ڕەزا عەلیپور باسی لەوە کرد ئێمە دەبێ بەردەوام ئەم پرسیارە ڕەخنەگرانەیە بپرسین که بۆچی یونسی بە کوردی نەینووسیوە؟ خودی ئەم پرسیارە زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بەشێکی باشیان کهسهکی و شەخسی نین. هەروەها باسی ڕۆمانەکانی کرد و گوتی یونسی لە تەرجەمەی ڕۆماندا دەبێتە یونسی و دەگاتە ئهو جێگه بهرزه، ئەمەش ناڕاستەوخۆ شوناس و زمانی کوردی پێی دەدات، چونکو بە پێی تیۆرییە نوێیەکانی ئەمڕۆی تەرجەمە وەرگێران کاتێک ئیمکانی دەبێ کە شتێکی جیا لە زمانی مەبەست و دەستپێک بوونی ببێ و وەرگێڕ چەندە نزیک و ئاشنای هەر دوو کولتوور و زمانهکان بێت دەبێ هێندەش لێیان دوور و بێگانە بێت.
لە کۆتایدا ڕەزا شەجیعی باسی ئەوەی کرد کە یونسی کەسایتەییەکی چەند لایەنەیە و پاش کۆچ کردنیشی لە مەیدانی ڕۆشنبیریی کوردیدا کۆمەڵێک باس لە سەر پێوەندیی ئەو بە گوتار و شوناس و ئەدەبیاتی کوردییەوە هاتووەتە ئاراوە، کە دەتوانین ڕاشکاوانە بڵیین یوونسی خزمەتی بە گوتاری کوردی کردووە و بەردەوام ئەم فیکرەی بووە کە چی بکات بۆ ئەم گوتارە، بۆیە لە ڕێگەی ڕۆمانەکانی خۆیەوە و لە ڕێگەی تەرجەمە کردنەوەی هەندێ کتێبی مێژوویی ویستوویەتی بەشداری ئەم گوتارە کوردییە بێت و دەوڵەمەندی بکات و "هەندێ لە نزیکانی یونسی پێیان وایە لەم ساڵانەی دواییدا حەسرتی نووسین بە زمانی کوردیی بووە."