Skip to main content

باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق دەستلەکارکێشانەوە عادل عەبدولمەهدى بەدوور نازانێت

باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق دەستلەکارکێشانەوە عادل عەبدولمەهدى بەدوور نازانێت
عێراق حەقیقەتى عێراق سانسۆڕ دەکات
posted onOctober 7, 2019
nocomment

لە کاتێکدا کە ڤیدیۆ و دیمەنە بڵاوکراوەکانى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق نیشاندەرى ئەوەیە کە چۆن لاوە خۆپێشاندەرەکان لە تووڕەیی دەستتێوەردانەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە وڵاتەکەیان و وڵاتانى دراوسێ، پۆستەرى خامنەیی و ئاڵاى کۆمارى ئیسلامى دەخەنە ژێر پێیان و دەیانسووتێنن، ڕژێمى ئێران هەوڵى سانسۆڕکردنى ئەو ڕووداوانە دەدات و عەلى خامنەییش خۆى لە گێلى دەدات.

 

خامنەیی دوێنێ یەکشەممە ٦ى ئۆکتۆبەر/ ١٣ى ڕەزبەر، سەبارەت بە ڕووداوەکانى عێراق گوتى "ئێران و عێراق دوو گەلن کە جەستەو دڵ و گیانەکانیان بە هۆى ئیمان بە خوا و دلۆڤانى بە ئەهلى بەیت و حوسێن پێکەوە گرێ دراوە و ڕۆژ دواى ڕۆژ ئەم پەیوەندییە زیاتر دەبێت".

هەژمارى کاربەرى خامنەیی بە زمانى عەرەبی لە تویتەر ئەوەى زیاد کردووە کە "دوژمنان هەوڵى دروستکردنى فەرق و جیاوازییان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە و پیلانەکەیان کاریگەرى نابێت".

تا نیوەشەوى یەکشەممە، ژمارەى کوژراوەکانى خۆپێشاندانە بەربڵاوەکەى گەلى عێراق گەیشتە ١٠٤ کەس. ژمارەى بریندارەکان سنوورى ٦٠٠٠ى تێپەڕاندووە. وتەبێژى وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆى عێراق، ئێوارەى یەکشەممە لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسی، بە پێداگرى لەوەى کە هێزە ئەمنییەکانى ئەم وڵاتە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران نەکردووە، کوژاروە زۆرەکانى ڕۆژى هەینى و بەتایبەت تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان کە بووە هۆى کوژرانى ٨ کەس، داویاننەتە پاڵ "دەستە خەبیسەکان" و گوتیان کە لەم بارەوە لێکۆڵینەوەیان دەست پێ کردووە.

ئەحمەد جبورى و فائق شێخ عەلى، دوو ئەندام پەرلەمانى عێراقن کە ڕۆژى شەممە بێ پەردە ددانیان بەوەدا نا کە قاسم سولەیمانى فەرماندەى باڵاى سوپاى قودس، بەرپرسى کوشتنى خۆپێشاندەرە عێراقییەکانن. ئەو دووە باسى قەناسبەدەستەکانى سەر بە سولەیمانییان کرد.

زیادبوونى زەرەر و زیانەکان لە ڕۆژى یەکشەممە لە کاتێکدایە کە بە کەمبوونەوەى بەشێک لە نائارمییەکان و ڕێوشوێنى یاساغکردنى هاتوچۆ لە شوێنەکانى عێراق هەڵوەشێنرایەوە. سەرەڕاى ئەمەش، فەلاح جەزیرى پارێزگارى بەغدا ڕۆژى یەکشەممە وازى لە پۆستەکەى خۆى هێنا. هاوکات دەوڵەتەکەى عادل عەبدول مەهدى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕۆژى یەکشەممە لە دانیشتنێکى بەپەلە، ڕێگەکانى وەڵامدانەوە خواستەکانى خۆپێشاندەرانى تاوتوێ و یەکەم ڕێکارى جێبەجێکردنیانى ئاشکرا کرد. ئەم ڕێکارانەش گەڵاڵەى نیشتمانى دروستکردنى خانوو بۆ ١٠٠ هەزار کەس و بەتایبەت لە ناوچە مەحروومەکان و پێدانى هاوکارى ژیان بە بێکارەکان لە چەند مانگدا و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى وەک تەندرووستى و بیمەى دەرمانى بە بریندارەکان و هەروەها بە شەهیددانانى قوربانییەکانى خۆپێشاندانەکانى ئەم چەند رۆژەى دوایی بە مەبەستى پێدانى هەندێک ئیمتیاز بە بنەماڵەکانیان، بوو.

دانیشتنى تایبەتى دەوڵەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لە کاتێکدایە کە متیۆ تۆلێر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق، ڕۆژى یەکشەممە بەدوورى نەزانى کە سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەى دوور نییە! بەڵام ڕژێمى ئێران بۆ ئەوەى کە ئیمانداران لە سەفەرى کەربەلا پەشیمان نەکاتەوە، سەرەڕاى سانسۆڕکردنى ڕووداوەکانى عێراق و بە ساختەکارى و دروستکردنى هەندێک دیمەنى جیاواز لە ڕاستییەکان، بانگەشەى ئارامبوونى دۆخەکەى لەم وڵاتە دراوسێیەى کرد و پێداگرى کردەوە کە دەیان هەزار زیارەتکەر لە پشتى سنوورەکانى مێهرانەوە چاوەڕوانى چوونە نێو خاکى عێراقن تا بەشدارى ڕێوڕەسمى ئەربەعین بکەن کە لە ٢٧ى ڕەزبەر هاوکاتە.