Skip to main content

مەغاویری سووریا ڕێگرى لەئێران دەکەن چەک بگوازێتەوە

مەغاویری سووریا ڕێگرى لەئێران دەکەن چەک بگوازێتەوە
AvaToday caption
فەرماندەیەکى سەربازی ئۆپۆزسیۆنى سووریا: کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر ناوچەکە هەیەو
posted onOctober 1, 2018
nocomment

 

فەرماندەیەکى سەربازی ئۆپۆزسیۆنى سووریا ڕایدەگەیەنێت "ئەوان لە ناوچەى تەنەف بە تەواوى کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووەو، ڕێگری نزیکبوونەوەی هەر لایەنێک دەدەن کە بەرەو سنوورەکەیان دزە بکات".

 

عەقید موهەند تەڵاع، فەرماندەى سوپاى مەغاویری شۆڕش بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گووت "ئێستا ڕەوشى تەنەف هێزەکانى مەغاویری شۆرشی لێیەو، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانانى نێودەوڵەتى لە سەربازگەکان سەرقاڵى ڕاهێنان و دەورییەن، نزیکەى سەرجەم ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە".

ئاماژەى بەوەش داوە "هێزەکانى ئەمریکا لەگەڵ ئێمەن و، کاری پاڵپشتى لۆجیستى پێشکەشى مەغاویری شۆڕش دەکەن و، سەرپەرشتى بەشێک لە ڕاهێنانەکان دەکەن، هەروەها ڕاوێژکاری ئەمریکی لەوێبوونیان هەیەو، ڕێنوێنى بۆ بەرزکردنەوەى تواناى جەنگاوەرەکانیان پێشکەش دەکەن". تەڵاع دەشڵێت "کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر ناوچەکە هەیەو هیچ پەرینەوەیەک ڕوونادات و، کەسیش ناتوانێت بپەرێتەوە چونکە قەدەغەیە ئێمە لەوێبوونمان بۆ ئەوەیە کۆنترۆڵی بکەین و پارێزگاری لێبکەین".

ئەو فەرماندە سەربازییەى مەغاویری شۆڕش کەبەشێکە لە پێکهاتەکانى سووریاى ئازاد دووپاتی دەکاتەوە "تەنانەت ئێرانیش ناتوانێت نزیک ببێتەوە، قەدەغەیە بچنە ئەم ناوچەیە". لە دواى ٢٠١٢ کۆمارى ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکى بەرچاو ڕۆڵى سەرەکیی لەئاڵۆزی و قەیرانەکانى سووریا هەیەو، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان سەرووى دوو هەزار کوژراوى لەنێو سوپاى پاسداران لەسووریا هەیە.

ئەو هێزە سوورییەش کەناوچەیەکى 55 کیلۆمەترى لەدەوروبەرى دێر زور کۆنترۆڵ کردووە، خۆیان بەهێزێکى شۆڕشگێرو نیشتیمان پەروەر وەسف دەکات و، داوا دەکات " کۆمەڵگەى جیهانى پاڵپشتى سیاسی، مەعنەوی و لۆجیستیان پێشکەش بکەن". گووتیشى " ئەو ناوچەیەمان کۆنترۆڵ کردووە، کاری مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدەین، هەندێکجاریش کارى جەنگی دژى داعشەکان گەر بیانەوێت بێنە ژوورەوەی ناوچەکە ئەنجام بدەن، و ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە".

لە پەیامێکشیدا بۆ جیهان جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان "ئەم جەنگەى دژى توندڕەوەکان لەبرى زۆربەى وڵاتان و گرووپە زۆرەکانە کەلەپێناویان شەڕ دەکەین، بەتایبەت لەپرسى داعشدا".