Skip to main content

ئاخووندەکان بە ڕێککەوتنێک ئێرانیان کردووەتە موستەعمەرەى چین

ئاخووندەکان بە ڕێککەوتنێک ئێرانیان کردووەتە موستەعمەرەى چین
posted onSeptember 22, 2019
nocomment

لە کاتێکدا کە عەلى خامنەیی و هەندێک لە بەرپرسانى ڕژێمى ئێران، سیاسەتى "نۆڕین بۆ ڕۆژهەڵات" بە سەرنجخستنە سەر باشترکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ چین دەبنە پێشەوە، و لە کاتێکدا کە ڕژێم نەیتوانیوە یەکێتى ئەوروپا لە داببینکردنى بەرژەوەندییە ماڵییەکانى خۆى، بەتایبەت لە بوارى ئینستکس کردەیی و بۆ ئێران بەرژەوەندیدار بکات، بەرپرسانێک لە ئێران ئاشکرایان کرد کە ئێران زیاتر لە جاران خۆى داوەتە دەست چینەوە.

 

لە چەند رۆژى ڕابردوو خاتوو فریاڵ مستەوفى سەرۆکى کۆمسیۆنى بازاڕى دراو و سەرمایە لە ژوورى بازرگانى تاران گوتى کە "بەڵگەکان نیشاندەرى ئەوەن کە هێڵێکى ئیعتبارى ٤٠٠ ملیار دۆلارى لە نێوان ئێران و چین وەڕێ خراوە".

بڵاوکراوەى پترۆلیۆم ئیکۆنۆمیست، لەسەر بەرژەوەندییەکانى چین لە ڕێککەوتنى ٢٥ ساڵەى لەگەڵ ئێران، نووسى کە "کۆمپانیا چینییەکان، یەکەم مافى هەڵبژاردن یا ڕەتکردنەوەى گەڵاڵە نوێیەکان یا ناتەواو و وەستاوەکانى بوارى پەرەپێدانى مەیدانەکانى نەوت و گازى ئێرانیان دەبێت، هەروەها یەکەم مافیش لە بوارى قبوڵکردن یا ڕەتکردنەوەى ئەنجامدانى پڕۆژە پترۆشیمییەکانى ئێران دووبارە لە دەستى ئەواندایە".

بە پێى ئەم زانیاریانە، بەلانى کەمەوە پێنج هەزار ئەندامى ئەمنیەتى چین (هەندێک شوێن باسى هەشت هەزار کەس دەکەن) لە ئێرانن تا بەرگرى لە پڕۆژە چینییەکان بکەن. هەروەها چین ئەو مافەشى هەیە کە "هەر بەرهەمێکى نەوتى و گازى و پترۆشیمى تا بەلانى کەوە بەداشکاندنى ١٢% تا شەش مانگ بکڕێت".

ئەم ڕێککەوتنە، ئەو "مافە"ش بە چین دەدات تا تێچووى بەرهە ئێرانییەکان تا دوو ساڵ درەنگتر بدات، نەک هەر ئەمە تەنانەت دەتوانێت دراوەکەى بە پارەى خۆى و یا بە دراوى بێهێزتر کە لە بازرگانى لەگەڵ ئەفریقا و وڵاتانى یەکێتى سۆڤیەتى جاران بەدەست هاتووە، بدات. کەواتە بە هیچ شێوەیەک سوود لە دۆلار وەرناگیردرێت بۆ مامەڵە وسەوداى نێوان چین و ئێران.

جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ڕژێم بە تازەیی لە چین بوو، پاش ئەویش دوو حەوتووى پێشوو محەمەد باقرى سەرۆکى گشتى هێزە چەمدارەکانى حکومەت چووە چین، بەڵام ئەوان لەمەڕ ئەم ڕێککەوتنە شکستخواردووەى ئێران هیچیان نەگوت.

بە پێى ئەو "ماف" و "ئیمتیاز"ە جیاوازانەى کە لەسەر بنەماى ڕاپۆرتەکەى "پترۆلیۆم ئیکۆنۆمیست"، دەوڵەتپیاوە لاوازەکانى ڕژێمى ئێران ئەو ڕێککەوتنە ٢٥ ساڵەیەى کە لەگەڵ چین بەستوویانە، ماڵپەڕى "تابناک" لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو پرسیبوو کە ئاخۆ ئێران خەریکە دەبێتە موستەعمەرە و ژێردەستى چین؟

واپێدەچێت کە وەڵامى ئەم پرسیارە ئەمە بێت کە ڕژێمى تاران، پاش ئەوەى کە چەندین ساڵە ئێرانى بەرەو لاوازى و کپبوون بەرامبەر ڕوسیە بردووە، ئێستا نۆرەى چینە دەست بەسەر ئێراندا بگرێت.

لەم نێوەندەشددا بوو کە دوێنێ و ئەوڕۆ مانۆڕێکى سەربازى هاوبەش لە نێوان چین و ئێران و ڕوسیە لە دەریاى عەمان بەڕێوە چوو.