Skip to main content

 بێهروز بووچانى خەڵاتێکى دیکەى پێ بەخشرا

 بێهروز بووچانى خەڵاتێکى دیکەى پێ بەخشرا
AvaToday caption
posted onAugust 12, 2019
nocomment

بێهروز بووچانى کە پەنابەرێکى کوردە لە ئوسترالیا لە نێو ئۆردوگاى پەنابەراندایە. ئۆردوگایەک بە ناوى مانووس کە لە ئۆقیانووسى ئارام و لە نزیکى وڵاتى ئوسترالیا هەڵکەوتووە و وەک ئۆردوگایەکى پەنابەرە نایاساییەکانى ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت. بووچانى کتێبێکى نووسى بە ناوى "هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان".

بێهروز بۆ ئەم کتێبەى کە باسى بەدبەختییەکانى نێو ڕێگەى قاچاخى ئێران بۆ ئەندۆنیزیا و دواتر گەیشتنە ئوسترالیا و دەستبەسەرکردنى و خستنە نێو ئۆردوگا دەکات تا دەگاتە باسى ژیانە قورسەکەى نێو ئۆردوگاکە، بەم تازەییە خەڵاتى "نیشتمانى ژیاننامە"ى لە ئوسترالیا پێ بەخشرا و ئێستاش کتێبی "هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان" لە لایەن دکتور هاشم ئەحمەدزادەوە وا خەریکە دەکرێتە کوردى.

پێشتریش بۆ ئەم ڕۆمانە چەندین خەڵاتى گەورەى بەدەست هێناوە وەک خەڵاتى ڤیکتۆریەن پریمێرى ئەدەبی ئوسترالیا کە بەهاکەى ١٢٥ هەزار دۆلارى ئوسترالییە و خەڵاتى ئەدەبی نیوسات ویڵز پریمێر کە بڕەکەى ١٠ هەزار دۆلارى ئوسترالییەو خەڵاتى پیشەسازیی کتێبیى ئوسترلیا.

بێهروز بووچانى ١

بێهروز ئەم کتێبەى لە ڕێگەى نامەى واتس ئەپەوە بە مۆبایل بۆ هاوڕێیەکى بە ناوى ئومید تۆفیقیان ناردووە و ئەویش کۆى کردووەتەوە و لە فارسییەوە کردوویەتییە ئینگلیزى و دواتر چاپى کردووە.

ئەم خەڵاتە نوێیەى بێهروز کە بڕەکەى ٢٥ هەزار دۆلارە، ئەم دووشەممەیەى پێشوو لە کتێبخانەى ناوەندى ویلایەتى نیوسات ویڵز درایە بووچانى. ئەو خەڵاتەکەى لە ڕێگەى پەیوەندى واتس ئەپەوە قبوڵ کرد و گوتى "من نامەوێت لەبارەى ئەدەبیاتەوە قسە بکەم، تەنیا دەمەوێت بڵێم کە وا دەزانم کۆمەڵگەى ئەدەبی وەک بەشێک لە کۆمەڵگەى مەدەنى ئوسترالیا، بەشێکە لە بەرگرى ئێمە بەرامبەر ئەم سیستەمە و ئەمەش بەلاى منەوە زۆر بەهادارە و سوپاس بۆ هەمووان کە کارەکەى منیان هەڵبژارد".

بێهروز دوو جار هەوڵى داوە بە بەلەم لە ئەندۆنیزیاوە بچێتە ئوسترالیا، جارێکیان بەلەمەکە نەغرۆ دەبێت و ماسیگرە ئەندۆنیزییەکان ڕزگارى دەکەن. بۆ جارى دووەم هێزى دەریایی ئوسترالیا لەگەڵ ٧٥ پەنابەرى دیکە دەستبەسەرى دەکەن و دەیانگرن و دەیانبەنە جەزیرەى مانووس.

بێهروز بووچانى ٢

جەزیرەى مانووس سەر بە پاپواى غینیاى نوێیە، بەڵام ئوسترالیا لە ساڵى ٢٠١٣ـى زایینیەوە وەک زیندانی پەنابەران سوودى لێ وەردەگرێت، ئەو پەنابەرانەى کە دەیانهەوێت لە ڕێگەى نایاساییەوە بچنە نێو ئوسترالیا.

ئەو باسەى کە بێهروز بووچانى لەم ئۆردوگا زیندانئاسایەى دەکات، پڕیەتى لە دژایەتى لەگەڵ مافەکانى مرۆڤ، چونکە بەردەوام لەژێر چاودێرى قورس و بێ بەزەیی و ئەشکەنجە و ئازارێکى سیستەماتیکدان. بووچانى دەڵێت بە نووسینى ئەم کتێبە، وێنایەکى لە خۆى نیشان داوە تا بتوانێت لە دۆخى خراپى ئەم ئۆردوگایە، کەرامەت و ناسنامەى ئینسانیبوونى خۆى بپارێزێت، وێنایەک کە بە تەواوى دژە لەگەڵ ئەو شتەى کە پێى دەگوترێت سیستەم.

دەوڵەتى ئوسترالیا ڕێگە نادات بەوە  کە بووچانى لە نێو ئۆردوگاکە بێتە دەرەوە و بچێتە نێو خاکى ئوسترالیاوە.