Skip to main content

ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەى شکستەکەى لە بەسرە شێعەکانى خستە بەرەیەکەوە

ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەى شکستەکەى لە بەسرە شێعەکانى خستە بەرەیەکەوە
عەبادى هیوایەکى وەهاى بە مانەوەى لە پۆستەکەیدا نەمانوە
قاسم سولەیمانى سەرکەوت لە نێزیککردنەوەى هاوپەیمانییە شێعەکان
posted onSeptember 16, 2018
nocomment

 

ململانێیەکانى ئەمریکا و ئێران لە عێراق چیتر لە پشت پەردە نەماوەتەوە، بەڵکو کەوتووەتە سەر گۆڕەپانى سیاسی و هەردوو لا ململانێ لەگەڵ کات دەکەن بۆ بەهێزکردنى بەرەکەى خۆى.

 

لەلایەک تاران هەموو هەوڵەکانى چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەى ڕێگاى بەردەم بردنەوەى خوولى دووهەم لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو بگرێت، کە لە لایەن واشنتۆنەوە پاڵپشتى دەکرێت. ئێستا گۆڕەپانى سیاسی بەغدا دابەش بووەتە سەر دوو ئاراستەوە کە هەردوو ئاراستەش پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی ئێران هەیە، بەبێ ئەوەى قورسایی لایەنێک بەسەر ئەویتردا بشکێتەوە، لە هەمان کاتیشیدا هەردوو بەرەکە لە ناکۆکییەکى گەورەدان کەپێی دەگووترێت "ململانێی شێعە ـ شێعە"، کە یەکێکیان هاوپەیمانى تارانەو ئەویتریش ناڕەزایی. عەبادی، کاتێک هەوڵێ دا لە ژێر باڵى ئێران بچێتە دەرەوە دەسەڵاتەکانى لەناوخۆى وڵاتەکەى کورت بکاتەوە، پۆستى سەرۆکوەزیرانى زیاتر لێی دوور کەوتەوە.

زانیارییەکانى نێو کۆبوونەوە شێعەکان ئاشکرایان کردووە "تاران گەیشتووەتە لێگەیشتنێک بۆ ئەوەى هەر پێنج لایەنە شێعە براوەکانى هەڵبژاردنەکانى ئایاری ڕابردوو لە یەک هاوپەیمانى یەکگرتوو کۆ بکاتەوە و کەسایەتێکى نوێ بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ دیاری بکەن". هەردوو لاش بێ ئەوەى خۆیان یەکلایی بکەنەوە، بانگەشە بۆ بردنەوەى بەرەکەى دەکات، بە بێ ئەوەى بەتەواوی زانیارییەکانى پشت پەردە ڕاست بکرێنەوە.

ئاراستەى یەکەم بەکۆمەڵێک بەڵگەوە زانیارییەکانى پشتڕاست دەکاتەوە، بەوەى سەرۆک وەزیرانى ماوەبەسەرچوو بەرەنگارییەکى کراوەى دژى پاوانخوازییەکانی ئێران دەست پێ کردووە و، لەدوورخستنەوەى فالح فەیاز لە ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتیمانى، لێسەندنەوەى سەرجەم دەسەڵاتەکانى بە بیانووی نزیک بوونى بووە لە بەرپرسانى تاران. هاوکات، کاریشى لەسەر کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکەى ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری دەستەى حەشدی شەعبی کرد کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى گرووپە میلشیاکان دەکات و بە پیاوە گرنگەکەى ئێران لە عێراق ناو دەبرێت. سەرچاوەکانی نێو حەشدی شەعبی ئاماژەیان بەوە کردووە "لە کۆى 150 هەزار چەکدار نزیکەى 100 هەزار کەسیان پشتگیری لە ئەبو مەهدی موهەندیس دەکەن". ئەمەش مەترسییەکى دیکەى ئەمنییە بۆ حکومەتەکەى عەبادی، گەر هاتوو سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانى حکومەتى نوێ.

یەکێک لە تیمە سیاسی و جێبەجیکارییەکەى سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو دووپاتی دەکاتەوە "عەبادی بەنیازە ڕیشەى دەسەڵاتەکەى ئێران لە عێراق ڕیشەکێش بکات". بۆ ئەنجامدانى ئەو کارەش پشتى تەواو بە پاڵپشتیە ڕوونەکەى واشنتۆن بۆ عەبادی دەبەستن، کە ئامانجی مانەوەیەتى لە سەرۆکایەتى حکومەت، بەڵام ئێران بە ئاشکراو بە نهێنى دژایەتى خۆیشى بۆ ئەو پرسە نیشان داوە. ئەوەى مایەى مەترسییە بۆ خودی عەبادی و بەرەکەى، سەرکەوتنى تارانە لە کەمکردنەوەى گرژییەکانى نێو لایەنە شێعەکان و، نزیکبوونەوەیان لە یەکتر بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى هاوبەش دوور لە عەبادی، تەنانەت لە نورى مالیکی، کەسە متمانە پێکراوەکەى عەلی خامنەئی ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێران.

لە لایەن خۆیەوە قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسی ئێران و، سەرپەرشتیارى ڕاستەوخۆى پرۆسەى سیاسی بەغدا، سەرکەوتوو بووە لە نزیککردنەوەى تێروانینەکانى هەردوو بەرەى شێعەى دژ بەیەک بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران. سولەیمانى سەرجەم پێنج لایەنە شێعەکەى ڕازی کردووە بەوەى "پێویستە کەسایەتییەکى نوێ بۆ پێکهێنانى حکومەتێک دیاری بکەن"، هەوڵەکەشى بۆ پشتبەستن بەهەڵوێستى مەرجەعیەتى باڵای شێعەکان لە عێراق بووە و هەر لە هەڵبژادنى سەرۆکى پەلەمانى عێراق ئەمە دەرکەوت و هەر سێ هاوپەیمانییە گەورەکەى سائیرون و حیکمە و فەتحى خستە بەرەیەکەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوەکانى سولەیمانى بۆ هەڵمژینى توڕەیی شەقامی شێعەکان بووە، کە دوو مانگە دژى گەندەڵى و نەبوونى خزمەتگوزاری خۆپێشاندانیان ڕێک خستووە. سەرەڕاى ئەو هەوڵەى فەرماندە ئێرانییەکە، خەونى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران لەلایەن عەبادییەوە لە گۆڕ نرا، بەڵام کۆمەڵێک بەڵێنى وەرگرتووە کە ڕۆڵێکى کارای لە حکومەتى داهاتوو هەبێت.

زانیارییە دزە پێکراوەکان هێمایان بەوە کردووە "هەر پێنج لایەنە شێعەکان، کەب ریتین لە سائیرون کە موقتەدا سەدر ڕابەرایەتى دەکات، هاوپەیمانى فەتح کە هادی عامری نزیک لە ئێران ڕابەرایەتى دەکات، هاوپەیمانى نەسری سەرۆکوەزیران، دەوڵەتى یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتى دەکات لەگەڵ ڕەوتى حیکمەى عەممار حەکیم، ڕێککەوتوون لەسەر دەستنیشانکردنى سێ ناو بۆ لایەنى کوردەکان و سوننەکان تا یەکێکى وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکرێت".

هەروەها کورد و سووننەش هاوشێوەى شێعەکان ناوەکانیان ڕەوانەى یەکتر بکەن، تا پۆستە باڵاکانى عێراق پڕ بکەنەوە لە سەرۆکى کۆمار و حکومەت و پەرلەمان. چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنى ناوەڕاستى ئەم مانگەدا "نەخشە ڕێگاى شێعەکان بۆ یەکلاییکردنەوەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق یەکلایی بێتەوە، کە سەرجەم پێشبینیەکان بەو ئاراستە دەچن، کەسایەتی نوێ بۆ پۆستە باڵاکان دیاریی بکرێن".

ئەو سەرچاوانە جەخت لەوە دەکەنەوە "تاران نایەوێت لە نێو گۆڕەپانى عێراقدا ڕاستەوخۆ بەرەنگارى ویلایەتە یەکگرتووەکان ببێتەوە، بۆیە خۆى بە دوورى گرتووە، تەنها گەرەنتى ئەوەى داوا کردووە عەبادی خوولى دووهەمی سەرۆکایەتى وەزیران بەدەست نەهێنێتەوە". ئێران لە دواى خۆپێشاندانەکانى بەسرەوە، کۆمەڵێک ملکەچبوونى پێشکەش بە دانووستاندنەکانى پێکهێنانى حکومەت کردووە، کەتوڕەیی لەشەقامی عێراقی بروێنێتەوەو هاوکات ئەمریکاش توڕە نەکات. ئەگەریش هاتوو پلانەکەى سولەیمانى لە کۆکردنەوەى سەرجەم هاوپەیمانە شێعەکان لە یەک فراکسیۆندا، بە شێوەیەکى پراکتیکی ئەمریکا بە دۆڕاوی لەو پرۆسەیە دەچێتە دەرەوە، گەر هاتوو سەرۆکوەزیرانیش نزیک ئێران نەبێت.

چونکە پلانى واشنتۆن لە عێراقدا پەرتەوازەکردنى بەرەى شێعەکان بوون، تا باڵى نزیک لە تاران بە یەکجاری لاوازی بکات، کە خۆیان لە بەرەى مالیکی ـ عامری دەبینیەوە، بۆیە ئێستاش دەبێت بە دوای پلانێکى جێگرەوە بگەرێت تا ڕێگری لە پاوانخوازییەکانى تاران بگرێتەوە.