Skip to main content

هیندستان خودموختاریی کشمیرى هەڵوەشاندەوە

هیندستان خودموختاریی کشمیرى هەڵوەشاندەوە
AvaToday caption
posted onAugust 5, 2019
nocomment

دەوڵەتی هیند ڕۆژی دووشەممە ١٤ گەلاوێژ ڕایگەیاند خودموختاریی یاسایی کشمیر هەڵدەوەشێنێتەوە. بڕیاڕێکی بێ وێنە کە دەتوانێ ئەو ناوچە قەیراناوییە لەگەڵ کۆمەڵێک ئالۆزی نوێ ڕووبەڕوو بکاتەوە.

بە پێی بڕیاری سەرکۆماری هیند، خودموختاریی ویلایەتى "جامۆ و کشمیر" لە باکووری ئەو وڵاتە کە زۆرینەیەکی موسڵمانە و پێشتر لە ڕێگەی مادەی ٣٧٠ یاسای بنەڕەتی هیندستان پارێزرا بوو، ئیدی بەهایەکى نامێنێت. بە پێی ئەو یاسایە، دەوڵەتی هیند پێگەیەکی تایبەتی بۆ ویلایەتى کشمیر هەبوو و جگە لە کاروباری بەرگری، کاروباری دەرەوە و هەروەها پەیوەندی ناوچەیی، تەواوی دەسەڵاتەکانی دیکەش درابووە ناوەندێکی یاسادانەری ناوچەیی.

لە هەمان کاتدا سەرۆکوەزیرانی هیند گەڵاڵەیەکی ئاراستەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە کە بە پێی گەڵاڵەکە، بەشی ڕۆژهەڵاتی جامۆ و کشمیر ناسراو بە " لادخ" کە زۆرینەی بوداییە، لەو ناچەیە جیا دەبنەوە. لە لایەکی دیکە ناوی فەرمی ویلایەتەی فیدراڵی جامۆ و و کشمیر کە دوو بەشی باشوور بە زۆرینەی هیندوو و باکوور بە زۆرینەی موسڵمانە، لەو ناوچەیە دادەبڕێت و دەبێ بە ناوچەیەکی تایبەت بە ناوی " ناوچەی یەکیەتی" . ئەوە بە مانای ئەوەیە کە نیودێهلی بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئیدارەی ئەو ناوچەیە بە ئەستۆ دەگرێت و ئیدی هیچ خودموختارییەک نامێنێت.

هیند

هەڵوەشانەوەی خودموختاری کشمیر، یەکێک لە بەڵێنە کۆنەکانی کاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی هیندووە نەتەوەگەراکان بە سەرۆکایەتى نارندا مودی سەرۆکوەزیرانی هیند کە بەهاری ئەمساڵ جارێکی دیکە توانی ئەو پۆستە بە دەست بێنێتەوە. بەدوای ئەو بڕیارە، هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک لە دۆڵی سرینگری کەشمیر یاساغ کراوە و تەنیا هێزە سەربازییەکان لەسەر شەقامەکانن.

لە بەرامبەردا پاکستان بەم بڕیارە نوێیەی هیند ڕازى نییە و بە بڕیارێکى نایاسایی وەسف کرد. مەحبوبە موفتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمەڵگەی کشمیر لە تویتێکدا وێرای بە نایاساییناوبردنی بڕیارەکە، نووسی "ئەوڕۆ ڕۆژی ڕەشی دیموکراسیی هیندە".

هەر دوو دەوڵەتی هیند و پاکستان بانگەشەی خاوەندرایەتى تەواوی کشمیر دەکەن و بەو حاڵەش هەر وڵاتەو کۆنترۆڵی بەشێک لە کشمیری پێیە. نیودێهلی، ئیسلام ئاباد بەوە تاوانبار دەکات کە پشتیوانی ملیشیا و گرووپە چەکدارە جیاخوازەکانى کشمیر لە هیندستان دەکات و پاکستانیش وێرای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە دەڵێت تەنیا پشتیوانی دیپلۆماتیک و مەعنەوی جیاخوازەکانە.

لە ماوەی ڕابردوودا نیودێهلی ٣٥ هەزار سەرباز و هێزی نوێی بۆ کشمیر ناردووە. کشمیر بە هۆى ئەو ژمارە زۆریی هێزە سەربازییەکان کە لێیەتی، بە یەکێک لە ناوچە سەربازییەکانی جیهان دەناسرێتەوە.