Skip to main content

ژنانى ئێرانى لە نێو میترۆکانیشدا ئەمنیەت و ئازادییان نییە!

ژنانى ئێرانى لە نێو میترۆکانیشدا ئەمنیەت و ئازادییان نییە!
AvaToday caption
posted onAugust 4, 2019
nocomment

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر دژبەرانی حیجابی زۆرەملی، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ناوەندی گەشتی ئیرشاد کۆمەڵێک تابلۆی گرێدراو بە بێ حیجابی لە وێستگەکانی مێترۆی تاران بڵاو کردووەتەوە.

هەواڵدەری ئیرنا ڕۆژی یەکشەممە ١٣ گەلاوێژ لە زمانی موحسێن محەمەدیان بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و کاروباری میترۆی تاران نووسیویەتی: هەڵمەتى داکوتانى پۆستەر بە درووشمی "بە حیجابەوە وەرنە نێو میترۆ" لە ناو وێستگەکانی مێترۆی تاران دەستی پێ کردووە.

موحەمەدیان لە درێژەدا نووسیویەتی: ئەو هەڵمەتە نوێیە لە کاتێکدایە هێزەکانی پۆلیسی ژنانی تایبەت بە میترۆی تاران لە وێستگەکاندا هەن و بە هۆشداری و ئامۆژگاریکردن، داوا لە ژنان و کچان دەکەن کە حیجاب و ڕێوشوێنە ئیسلامییەکان بپارێزن. فەرنوشی نۆبەخت بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای میترۆی تاران و دەوروبەری ڕۆژی چوارشەممە ٩ گەلاوێژ گووتبوی: پاراستنی حیجابی ئیسلامی لە وێستگە و نێو ژووری مێترۆکان پێویستە.

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بێ حیجابی، هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا زیاد دەکات. پێشتر ئەبوئەلقاسم شیرازی، سەرۆکی یەکیەتیی جلوبەرگی تاران گووتبوی بە بڕیاری دادوەریی گشتیی تاران گەڵاڵەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مانتۆی کراوە دەستی پێ کردووە. لە لایەکی دیکە پۆلیس هۆشداری بە سلێبریتی و سینەماکاران داوە کە دەبێ حیجابیان بپارێزن. لە مانگی بەفرانباری دوو ساڵ لەمەوپێش ژنان و کچانی لاو بە فڕێدانى لەچکەکانیان، شەپۆلێکی دژایەتی حیجابی زۆرەملێیان دەست پێ کرد. تا ئێستا دەیان کەس لەو ژنانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و هێندێکیان ناچار کراون ئێران جێ بهێڵن.