Skip to main content

ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی سەردانی ئیسرائیلدەکەن

ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی سەردانی ئیسرائیلدەکەن
AvaToday caption
posted onJuly 22, 2019
nocomment

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند وەفدێکی شەش کەسى لە ڕۆژنامەنووسانی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت عێراق و عەرەبستان و ئوردون، سەردانی ئیسرائیل دەکەن. ئەوە یەکەمین دیداری ڕۆژنامەنووسانی وڵاتانی عەرەبییە کە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئامانج لەو سەفەرە ئاشنابوونی ڕۆژنامەنووسانە لەگەڵ هەڵوێستی ئیسرائیل سەبارەت بە پرسە دیپلۆماتیک و ژێئۆپۆلیتیکییەکان.  سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، چارەسەری پرسی فەلەستین بە مەرجی سەرەکی ئاساییکردنەوەی پەوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دادەنێن، بەڵام دوای چەندین دەیە دوژمنایەتی هەندێک نیشانەی نیزیکبوونەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەکان دەرکەوتووە.

نیزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبی و  پەرەدان بە تیرۆر و هەروەها درووستکردنی هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل لە ڕێگەی گرووپی حەماس و حیزبوڵای لوبنانی و ملشیاکانی دیکەی.

جگە لە قەتەر و عێراق زۆربەی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی و هەوڵە تێکدەرانەکانی هەڵوێستێکی هاوشێوەی ئیسرائیلیان هەیە. درووستبوونی ئەو هەموو دووژمنە ناوچەییە بۆ کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە لە ڕووی نێودەوڵەتیش ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی و پەرەدان بە سیستەمی مووشەکی بالستیک تا ئاستێکی زۆر پەرواێز بووەتەوە.