Skip to main content

ژنانی گرتووخانەکانى کۆمارى ئیسلامى دۆخیان زۆر خراپە

ژنانی گرتووخانەکانى کۆمارى ئیسلامى دۆخیان زۆر خراپە
AvaToday caption
ژنانى گرتووخانەی قەرەچەکی وەرامین ئاوی خواردنەوەیان نییە
posted onJuly 21, 2019
nocomment

دۆخی تەندروستی ژنانی گرتووخانەی قەرچەکی وەرامین زۆر ناجێگیرە و بەندکراوان بۆ ئاوی خواردنەوەی خۆیان دەبێ پارە بدەن. ئاوی گرتووخانەی قەرچەک سێ ڕۆژە نییە و بەندکراوان ناچارن ئاوی خواردنەوەی خۆیان لە دووکانی گرتووخانەکە بکڕن. ئەوە لە کاتێکدایە ئاوی دوکان نرخەکەی گرانە و کڕینی لە توانای هەموو بەندکراواندا نییە.

لە لایەکی دیکە و بە گەرمای هاوین و نەبوونی فێنککەرەوە، سێ ڕۆژە ژنانی ئەو گرتووخانەیە نەیانتوانیوە حەمام بکەن و بۆنێکی پیس سەرتاسەری ژوورەکانی داگرتووە. گرتووخانەی ڕێی کە بە "قەرچەک" ناسراوە لە ڕابردوودا کێڵگەی مریشک بووە و سەدان ژن بە تاوانی جۆراوجۆر لەوێ ڕاگیراون.

ڕاپۆرتەکان باس لە بڵاو بوونەوەی چەندین نەخۆشی، مادەی هۆشبەر لە ئاستێکی بەربڵاو و هەروەها تووندوتیژی لە گرتووخانەکەدا دەکەن. گرتوووخانەی قەرچەک لە بیابانەکانه ڕۆژهەڵاتی تاران هەڵکەوتووە کە بە هۆی خراپی جێگەکەی زۆربەی بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە ناتوانن سەردانی کەسە گیراوەکانیان بکەن.

ماوەیەک لەمەو پێش، دیکۆمێنتارێک بە ناوی "شێرپەنجەی پێشکەوتوو" لە لایەن چەند کەس لە چالاکانی ژنانی ئێران لەمەڕ دۆخی گرتووخانەکانی ژنانی ئێران درووستکرا کە کۆمەڵیک زانیاری لە سەر ئاستی کارەساتی ئەو گرتووخانەیە تێدا بڵاو بووەتەوە. ندا حاجی و عاتفە ڕەنگریز دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕۆژی کرێکار لە ئێران و هەروەها سپیدە قولیان پارێزەری دۆسیەی ناڕەزایەتی کرێکارانی حەوت تەپە لەو گرتووخانە ڕاگیراون.

ژمارەی ژنانی دەستبەسەر کراو لە گرتووخانەی قەرچەک هەزاروپێنسەد هەتا دوو هەزار کەس مەزەندە کراوە. چەندین ژنی دووگیان و تەنانەت ژنان بە منداڵەکانیانەوە لەو گرتووخانە راگیراون و خەریکی تێپەڕاندنی حوکمەکەیانن.