Skip to main content

خۆپێشاندانی ڕووسەکان دژى رەتکردنەوەی پاڵێوراوەکانی ئۆپۆزۆسیۆن

خۆپێشاندانی ڕووسەکان دژى رەتکردنەوەی پاڵێوراوەکانی ئۆپۆزۆسیۆن
AvaToday caption
posted onJuly 21, 2019
nocomment

زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بۆ بەرگریکردن لە هەڵبژاردنی ئازاد ڕژانە شەقامەکانی مۆسکۆ و خوازیاری بەشداری پاڵێوراوەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ناوچەیی مۆسکۆ بوون. ڕیکخراوە ناحکومییەکان باس لە دەستبەسەرکرانی چەند کەس لە خۆپێشاندەران دەکەن.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەری فەڕانسە، شاری مۆسکۆ ڕۆژی شەممە ٢٩ پووشپەڕ، بوو بە مەیدانی خۆپێشاندانی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ڕەتکردنەوەی کاندیدی دژبەرانی دەسەڵات لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی ناوچەیی مۆسکۆ.

لەو خۆپێشاندانەدا کە سیمای ناسراوی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕووسیە وەک " ئەلێکس ناوالنی" بەشدار بوو، بەشدار بووان دژایەتی خۆیان لەگەڵ ڕەتکردنەوەی پاڵێوراوەکانی ئۆپۆزۆسیۆن لەو هەڵبژاردنە دەربڕی.

بە گووتەی ڕێکخراوی مەدەنی " وایت کانتر" ٢٢ هەزار کەس لەو خۆپێشاندانە بەشداریان کردووە. پۆلیسی ڕووسیە هەمووکات ژمارەی خۆپێشاندەران کەمتر لە ئاستی حەقیقی خۆی بڵاو دەکاتەوە. پۆلیسی ڕووسیە دەڵێ ١٢ هەزار کەس لەو خۆپێشاندانە بەشدار بوون.


ڕووسیە ئازاد دەبێت!

یەکێک لەو درووشمانەی خۆپێشاندەران دەیانگووتەوە ئەوە بوو " ڕووسیە ئازاد دەبێت". پۆلیسی ڕووسیە چەند کەس لە خۆپێشاندەرانی قۆڵبەست کرد و دەستی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی شکاندووە.

ئەلێکسی ناوالنی کە دژبەرێکی تووندی ڤلادیمیر پوتین، سەرکۆماری ڕوسیەیە، لە کۆبوونەوەدا ڕووبە بەرپرسانی هەڵبژرادنەکانی گووتوە: ئێمە پێتان نیشان دەدەین ئەوە گەمەیەکی مەترسیدارە. ئێمە بۆ پاڵێوراوەکانمان خەبات دەکەین. ناوالنی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکردووە ئەگەر بەرپەرسان تا حەوتووی داهاتوو ڕێگە بۆ بەشداری نوێنەرانی ئۆپۆزۆسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا خۆش نەکەن، شەممەی داهاتوو خۆپێشاندانێکی گەورەتر بەڕێوە دەبن.

١٦ کەس لە پاڵێوراوانی ئۆپۆزۆسیۆن لە نامەیەکدا شارەوانی مۆسکۆیان بە درووستکردنی قەیرانی سیاسی لە پێتەختی ئەو وڵاتە تاوانبار کردووە. ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی مۆسکۆ ڕۆژی چوارشەممە ٥٧ کەس کە هەموو پالێوارەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی لەخۆدەگرتەوە لە بەشداری لە هەڵبژاردنە ناوچەییەکانی مۆسکۆ بێبەش کرد.