Skip to main content

ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هەناردەی بەرهەمی پترۆشیمی قەرەبووی گەمارۆکانی بکاتەوە

ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هەناردەی بەرهەمی پترۆشیمی قەرەبووی گەمارۆکانی دیکە بکاتەوە
AvaToday caption
posted onJune 12, 2019
nocomment

 

هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە زمان  سەرچاوەکانی پیشەسازی و بازرگانی و بەرپرسانی ئێران ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە سەرنجدان بە هاتنە خواری بەرچاوی داهاتی نەوتی، هەناردەی پترۆشیمی خۆی زیاد بکات.

 

ئەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا گەورەترین هۆڵدینگی پترۆشیمی ئێرانی وێرای هەموو ڕێکخراوەکانی خستووەتە لیستەی گەمارۆکان. لە ڕاپۆڕتەکەی ڕۆیتێرزدا هاتووە ئێران بۆ بەرهەمە پترۆشیمییەکانی بە بەهای ٢٦٠ هەتا ٢٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر تۆنێک ٤٠ دۆلار داشکاندن دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی بە دەست هێنانی قازانجێکی زۆر لە لایەن بازرگانانی تورکیە.

بازاڕی سوننەتی بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێران کە یەک لە سەر چواری هەناردەی غەیرە نەوتی ئێران لە خۆ دەگرێتەوە چین، هیند، پاکستان و تورکیەن، بەڵام هەواڵدەری ڕۆیتەرز نووسیویەتی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئێران هەوڵی داوە پەرە بە بازاڕەکانی خۆی بدات و ڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمی پترۆشیمی هەناردەی برێزیل کردووە.

ئەمریکا ساڵی ڕابردوو هەناردەی هێندێک لە بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێرانی یاساغ کرد کە بە نەوت بەرهەم دەهێندرێن، بەڵام زۆربەی بەرهەمە پترۆشیمییەکان لە گازی سرووشتی وەک مێتان و ئێتان بەرهەم دێت و گەمارۆکان نایانگرێتەوە. ئەو بەرهەمانەی کە گەمارۆکان نایانگرێتەوە بریتین لە ئامۆنیاک، مێتانۆڵ و ئورە، کە بەشێکی زۆری هەناردەی پترۆشیمی ئێران پێک دێنن.

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە هەوڵەکانی ئێران بۆ زیادکردنی هەناردەی پترۆشیمی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاستێکی زۆر توانیویەتی داهاتی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە و کۆماری ئیسلامی بە ناچاری ڕووبێنێتە هەناردەی ئەو جۆرە بەرهەمە. شایانی باسە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوە لە کاتێکدایە سەرەتای ساڵی پار ئەو ڕێژەیە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو.