Skip to main content

دۆنالد ترامپ: ئەگەر چین لەگەڵ ئەمریکا نەگاتە ڕێککەوتن خەسارێکى گەورەی بەر دەکەوێت

دۆنالد ترامپ: ئەگەر چین لەگەڵ ئەمریکا نەگاتە ڕێککەوتن خەسارێکى گەورەی بەر دەکەوێت
AvaToday caption
posted onMay 13, 2019
nocomment

 

سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی دوشەممە لە کاردانەوە بە هەڵوێستی چین سەبارەت بە ڕێککەوتنی بازرگانی دوولایەن لە تویتێکدا نووسی: زۆر بە  ڕوونی بە سەرکۆمار شی و هەموو دۆستانم لە چین دەڵیم ئەگەر ئامادەی ڕێککەوتن نەبن خەساری زۆرتان بەر دەکەوێ. دۆنالد ترامپ لە درێژەدا نووسیویەتی: بەرهەمەکانی چین زۆر گرانن، ئێوە لە ڕێککەوتنێکی زۆر باش کە بەرەو تەواوبوون چووبوو، کشانەوە.

 

ترامپ لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا ئامارێکی ئابوری چاوەڕواننەکراو و باشی بڵاو کردووەتەوە و گوتویەتی: ٣.٢ لەسەد بەرهەمی ناپاڵاوتەی نێوخۆییان بە هۆی باجی داندراو لەسەر بەرهەمە چینییەکانیان بەدەست هێناوە. کۆنگ شوانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانێکی کورتدا ڕۆژی دوشەممە گووتی: ئێمە جاران ڕامانگەیاندووە زیادبوونی باجەکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. ئێمە هیچ کات تەسلیمی گوشارە دەرەکییەکان نابین. ئێمە توانایی و متمانەی تەواومان بەخۆمانە و دەتوانین لە مافە یاسایی و ڕەواکانمان بەرگری بکەین. ئەو دەسەڵاتدارە چینییە باسی لەوە نەکرد کە کاردانەوەکانیان چۆن دەبێت.

لە دوای بڕیاری ڕۆژی هەینی واشنتۆن بۆ زیادکردنی ٢٥ لەسەدی باج لەسەر بەرهەمە چینییەکان، شەڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیادی کردووە. سەرکۆماری ئەمریکا لە لایەکی دیکە داوای لە نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ دانوسانەکانی تایبەت بە بازرگانی لەگەڵ چین کردبوو باج لەسەر هەموو ئەو کاڵایانەی دیکە دابنێن کە لە چینەوە هاوردە دەکرێن. ئەو بڕیارەی ترامپ بە بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار بەرهەمی چینی دەگرێتەوە.

لۆری کودلو ڕاوێژکاری ئابوری کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەگەری جددی هەیە لە پەراوێزی  دانیشتنی گرووپی ٢٠ کە مانگی ژوئەن لە ژاپۆن بەڕێوە دەچێت، ترامپ چاوی بە سەرکۆماری چین بکەوێ. دوو لایەن ڕۆژی هەینی باسیان لەوە کردبوو سێ ناکۆکی بنەڕەتی لە نێوان ئەمریکا و چین لە بواری بازرگانیدا هەیە و هەردوو لایەن ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی درێژە بە وتووێژە بازرگانییەکانیان بدەن.