Skip to main content

زەریف ئاگاى لەوە نییە ترامپ گوتوویەتى بەندکراوە ئەمریکییەکان بێ مەرج ئازاد بکرێن

زەریف ئاگاى لەوە نییە ترامپ گوتوویەتى بەندکراوە ئەمریکییەکان بێ مەرج ئازاد بکرێن
AvaToday caption
ئاگاشى لەوە نییە کە باسى لەوە کردووە ئەو تاوانبارانەی پەیوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، ئازاد ناکرێن؟!
posted onApril 25, 2019
nocomment

 

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە تاران شەش مانگ لەمەوپێش بە ئەمریکای گوتووە "ئامادەی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوانی هەردوولایە، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە وڵامێکی وەرنەگرتووە".

 

محەمەد جەوادی زەریف کە ئێستا لە نیۆیۆرکە، ئاماژەی بە بەندکراوانی ئێرانی لە ئەمریکا کرد و گوتی "پێمان وایە، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ بەندکراوەکانمان درۆیە و بڕوای ئەمریکاش سەبارەت بە بەندکراوانی ئەو وڵاتە لە ئێراندا دووبارە هەر درۆیە، بەڵام با لەسەر ئەم شتانە باس نەکرێت". وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی گوتیشی: وەرەن با پێکەوە زیندانییەکان بگۆڕینەوە، من ئامادەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و دەسەڵاتی ئەم کارەشم هەیە.

ئەم قسانەی زەریف لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێشتر بە دەیان جار باسیان لە سەربەخۆیی دەزگای دادوەری کردووە و دەستێوەردان لە کاروباری ئەم دەزگایەیان سەبارەت بە دۆسییەی کەسانی بیانی، لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتی خۆیان نەبینیوە.

با لەم درۆیەش بگەڕێین، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی نەیگوتووە کە"ئیزنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان" لەگەڵ ئەمریکای لە کێ و لە چ دامەزراوێک وەرگرتووە، بەڵام هەواڵدەری ئیرنا لە ڕاپۆرتێکدا لە نیۆیۆرک لە زمانی محەمەد جەواد زەریفەوە نووسیویەتى: تاقمێک هاووڵاتی ئێرانی لە ئەمریکا و ئەورووپا، بە تۆمەتی دەوردانەوەی گەمارۆکان لە زیندانن. ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان هەناردەکردنی کەرەستەى فڕۆکەی مەدەنییە نەک جێت، ئێمە وەرگێڕمان هەیە کە لە ئوسترالیا لە زیندانە و لەوێش منداڵەکەی لەدایک بووە".

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەروەها گوتیشی: سەبارەت بە نازەنین زاغری لێدوانمان داوە. هەڵبەت منیش بۆ بارودۆخی ئەو ناڕەحەتم و وەک وەزیری دەرەوە هەرچیم لە دەست هاتبێت بۆ یارمەتی ئەو کردوومە، بەڵام کەس لەسەر ژنێک کە لە ئوسترالیا لە زیندانە قسە ناکات". نازەنین زاغری لە مانگی خاکەلێوەی ۹٥ تا ئێستا بە تاوانی هەوڵدان بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە زیندانەکانی کۆمارى ئیسلامییە. نازەنین ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و تا ئێستاش بەردەوام داواکاریی بەریتانیا سەبارەت بە ئازادکردنی زاغرى لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگوێ دەخرێت.

جەواد و ترامپ

بەوتەی ئیرنا، زەریف گوتی "من ڕاشکاوانە ئەم پێشنیارە دەکەم ، وەرەن بەندکراەکانی هەردوولا  بگۆڕینەوە". محەمەد جەوادی زەریف سەبارەت بە چالاکانی ژینگەپارێز کە لە زیندانن گوتی: ئەمە ئیشی من نییە، دەم ودەزگای دادوەری ئێمە سەربەخۆیە. منیش لەگەڵ ئەو تاوانەی کە خراوەتە پاڵیان نیم، بەڵام قسەکردن سەبارەت بەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی من نییە. ئەرکی من ئەوەیە کە پێش لەشەڕ بگرم و گوشاری ئابووری لەسەر خەڵکەکەم هەڵگرم".

موراد تاهباز، هوومەن جەوکار، سپیدە کاشانی، نیلووفەر بەیانی، سام ڕەجەبی، تاهیر قەدیریان، ئەمیرحوسەین خالقی و عەبدولڕەزا کووهپایە لە مانگی ڕێبەندانى ۹٦ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و لەوکاتەوە تا ئێستا بە شێوەی کاتی ڕاگیردراون و حوکم نەدراون.

کاوس سەید ئیمامی یەکێکیتر لە دەسبەسەرکراوانی ئەم دۆسییە بوو کە دوو حەفتە پاش ڕاگرتنی لە زیندان، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. چوار لەو هەشت کەسە دەسبەسەرکراوانەش، بە تۆمەتی قورسی "مفسد فى الارض" و ئەوانیتریش بە تۆمەتی سیخۆڕی تۆمەتبار کراون و سەرەڕای دەربڕینی ڕاشکاوانەی وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە سیخۆڕنەبوونیان، بەڵام دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی سوورە لەسەر ئەو تۆمەتەی کە داوراوەتە پاڵیان.