Skip to main content

تورکیاش پشتى کۆمارى ئیسلامى لە ئەرز دا

تورکیەیش پشتى کۆمارى ئیسلامى لە ئەرز دا
دانشتنەکانیان لەسەر گەمارۆ ئابوورییەکانى ئێران بووە
دیپلۆماتەکانى ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوە و خەزێنەدارى تورکیا کۆبوونەوە
posted onJuly 21, 2018
nocomment


ئەنکەرا پێشتر گوتبووى گەماۆى یەکلایەنەى ئەمریکا دژى ئێران قبوڵ ناکەن، بەڵام پاش چاوپێکەوتنى دیپلۆماتەکانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە ئەنکەرا، ئێستا تورکیە دەڵێت گەمارۆکانى ئێران تاوتو دەکات (واتە قبوڵیان دەکات!)

پاش دیدارى ڕۆژى هەینى بەرپرسانى ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا لەمەر گەمارۆکانى ئێران، ئەنکەرا ڕایگەیاند کە گەمارۆکانى خستووەتە ژێر چاودێرییەوە. هەر لەم بارەوە رۆیتەرز ڕاپۆرتێکى بڵاو کردەوە کە گەورەترین هاوردەکەرى نەوتى تورکیە لەم مانگانەى دوایی هاوردەکردنى نەوتى لە ئێران کەمتر کردووەتەوە

مارشاڵ بیلینگزلى، جێگرى وەزیرى خەزنەدارى ئەمریکا لەمەڕ پشتیوانى ماددى تیرۆریزم، ڕۆژى هەینى ٢٩ پووشپەڕ لەگەڵ شاندێک چاوى بە بەرپرسانى وەزارەتەکانى کاروبارى دەرەوە و خەزنەدارى تورکیە کەوت. بە پێى ڕاپۆرتى ئەسۆشیتد پرێس، پاش دیدارەکە بیلینگزلى دیدارەکەى لەگەڵ بەرپرسانى تورکیە ئەرێنى هەژمار کردووە و گوتوویەتى هەردوولا "کێشەیەک"ـمان لەگەڵ یەکترى نەبوو.

وەزارەتى دەرەوەى تورکیاش پاش چاوپێکەوتنەکە ڕایگەیاند کە چاودێرى گەمارۆکان دەکات و بەرپرسانى تورکیە لە هەوڵى ئەوەدان گەمارۆکانى ئێران کاریگەرى نەرێنییان لەسەر تورکیە نەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆیتەرز ڕۆژى هەینى ڕاپۆرتێکى بڵاو کردەوە کە پاڵاوگەى توپراش کە گەورەترین هاوردەکەرى نەوتى تورکیەیە، لە مانگى بانەمەڕەوە و پاش دەرچوونى ئەمریکا لە بەرجام، هاوردەکردنى نەوتى لە ئێرانەوە کەمتر کردووەتەوە.

بە پێى ڕاپۆرتى ڕۆیتەرز توپراش لە چوار مانگى یەکەمى ساڵى ٢٠١٨، رۆژانە بە شێوەى نێوەنجى ١٨٧ هەزار بەرمیل نەوتى لە ئێرانەوە بردووەتە تورکیا، لەگەڵ ئەمەیشدا لە مانگەکانى بانەمەڕ و جۆزەردان هاوردەکردنى نەوتى ئەم پاڵاوگەیە لە ئێرانەوە ٥٧ هەزار بەرمیل کەمى کردووە و ئێستا گەیشتووەتە ١٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ڕۆیتەرزى گوتووە کە بڕیارەکەى واشنتۆن تایبەت بە دووبارە دانانەوەى گەمارۆ لەسەر ئێران، هۆکارى سەرەکى کەمکردنەوەى هاوردەکردنى نەوتە لە لایەن توپراشەوە. ئەم سەرچاوەیە باسیشى لەوە کردووە کە سەرەڕاى گەمارۆکان، توپراش ئەگەرى ئەوەى هەیە کە درێژە بە هاوردەکردنى نەوت لە ئێرانەوە بدات. بەمەیش شڕۆڤەگەران گومانى ئەوە لێدەدەن کە توپراش لە مانگەکانى ئایندەدا هاوردەکردنى نەوت لە ئێرانەوە کەمتر بکەنەوە.

تورکیە بۆ دابینکردنى پێویستییەکانى خۆى لە ڕووى وزەوە، تەواو پشتى بە هاوردەکردن لە ئێرانەوە بەستووە و ئێران یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانى دابینکردنى وزەیە بۆ تورکیا. 
بە هۆى گەمارۆکانى پێشوو، هەرکاتێک تورکیە ناچار بووبێت هاوردەکردنى نەوتى لە ئێرانەوە کەم بکاتەوە، نەوتى عێراقى هاوردە دەکرد. شڕۆڤەگەران لەسەر ئەو بڕوایەن کە تورکیەیش ئەم جارەیان ئەگەرى هەیە ڕوو بکاتەوە عێراق بۆ دابینکردنى نەوت و وزەى خۆى.