لەدواى دانانى سوپای پاسدارانى ئێران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە هەشتى ئەم مانگە، واشنتۆن لە هەوڵی ئەوەدایە "سەرجەم ملیشیا ئێرانییەکان لەوڵاتانى ناوچەکە دەربکات"، تایبەت بەو پرسەش دکتۆر عەبدولرەزاق شەمەری، سەرۆکى گردبوونەوەى عەرەبی بۆ ڕەتکردنەوە و ڕزگارکردنى عێراق لەپاوانخوازی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گوتى "ئێستا سوپاى پاسداران و ملیشیاکان بڕیاری ئابووری و سیاسی عێراقیان بە دەستەوەیە" و ڕوونیشی کردەوە "دەرکردنى ئێران تەنها بە دوو ڕێکار یاخود ڕێگاى سەرەکی دەبێت، یەکەم گەلى عێراق، و دووەمیشیان هێزى ئەمەریکایە" و هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە "چونکە هێزە ئەمەریکییەکان بوون، کاتێک لە وڵات کشانەوە، عێراقیان لەساڵى ٢٠١١ ڕادەستى ئێران کرد". شەمەرى گووتیشى "ئێستا ئەمەریکا زەمینەیەکى بەهێز و پتەوى لە عێراق هەیە، ئەوانیش ڕۆڵەکانى پارێزگاکانى ڕۆژئاوا و باکوورە، هەروەها ڕۆڵەکانى ئەو پارێزگایانەى داعشیان تێ کرا، بۆ ئەوەى میلیشیاکان بە بیانووى ڕاوەدنانى داعش، داگیریان کرد".
ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:
ئاڤاتودەى: ویلایەتە یەکگرتووەکان داواى لە عێراق و سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدى کردووە، چەکدارانى ملیشیاکانى سوپای پاسداران لە وڵاتەکەى دەربکات، قەبارەى ئەو هێزانە لە خاکی عێراق چەندن؟
عەبدولرەزاق شەمەری: بێگومان ئێستا و لە دواى ساڵى ٢٠٠٦ واتە کاتى تەقینەوەى هەردوو گۆمەکەى سامەرا، عێراق بووەتە باخچەى پشتەوەى ئێران، بەجۆرێک ئەو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە لە ڕووى سەربازی و سیاسی داگیر کراوە، قاسم سولەیمانى و محەمەد جەواد زەریف و ئیرەج مەسجدى باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بوونەتە نوێنەرى باڵای وڵاتەکەیان لە عێراق. ئەوان دەسەڵاتى سیاسی عێراق بەڕێوە دەبەن. لە ڕووى سەربازییەوە هەمووان دەزانن و کەسیش سەماکانى سولەیمانى لە ئامەرلی و بەشداریکردنى کارا و مەیدانى لە جەنگەکانى ئازادکردن و دەرکردنى داعش لە فەلووجە، ئەنبار، موسڵ ودیالە لە بیر ناچێت. دەستێوەردان و پاوانخوازییەکانى سوپای پاسداران لە عێراق، کەس لەسەرى کۆک نییە و کەس ڕەتی ناکاتەوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ بڕیاری ئەمەریکاین، ئەگەر جددی بن لەپرسی دەرکردنى سوپای پاسداران لە عێراق، پشتگیری ئەو بڕیارە دەکەین کە دەڵێت سوپای پاسداران ڕێکخراوێکى تیرۆریستییە.
ئاڤاتودەى: حکومەتەکانى پێشوو، بەتایبەت حکومەتەکەى حەیدەر عەبادی، چەندین جار بوونى ملیشیاکانى سوپای پاسدارانى لە وڵاتەکەى ڕەت کردووەتەوە و بیانووى مانەوەیان وەک ڕاوێژکارى سەربازی گرێبەستکراو گەڕاندووەتەوە، تاچەند ئەو بابەتە ڕاستن؟
عەبدولرەزاق شەمەرى: ئەو قسەیە چەندین جار لەسەر ئەو بابەتە ئاراستەم کراوە و ئەوان بیانووى بوونى سوپای پاسداران و، قاسم سولەیمانیم لێ دەگرن (ئەوەى خوا پێی ناخۆشە بەسەریدا ببارێنێت) و دەڵێن کاری ڕاوێژکارییە، بەڵام ئەمەوێت لێیان بپرسم، ئاخو ڕاوێژکار بە شێوەى مەیدانى بەشداریی جەنگەکان دەکات، یاخود پێگەى لە ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانە بۆ سەرپەرشتى پلانى جەنگەکان؟ سولەیمانى ڕاستەوخۆ لەمەیدانەکان بەشداریی جەنگەکانى دەکرد، ئەمەش بەڵگەى سەلمێنراوە لەوەى فەرماندەى سوپاى قودس ڕابەرایەتى ئەو شەڕانە دەکات و، جەنگاوەرکان بۆ بەرەکانى جەنگ ڕەوانە دەکات نەوەک کارى ڕاوێژکارى بکات.
ئاڤاتودەى: ئەمەریکا ئاشکراى کردووە سوپای پاسداران کۆنترۆڵى %٢٠ ئابوورى عێراقی کردووە، ئەو زانیارییانە تا چەند دروستن؟
عەبدولرەزاق شەمەری: ئەگەر ئەمەریکا سەدا ٢٠ ـى ئاشکرا کردووە، ئەوا من دەڵێم ئێستا سوپای پاسداران وملیشیاکان بڕیاری ئابوورى و سیاسی عێراقیان بەدەستەوەیە و پێشتریش و بەر لە دواهەمین هەڵبژاردنەکانى عراق باسم کرد کە ئەو هەڵبژاردنە، کۆمەڵێک فەرماندەى جەنگ بەرهەم دەهێنێت، نەوەک نوێنەرانى گەل. ئێستا سەرکردەى ملیشیاکان کۆنترۆڵى سیاسەت و ئابوورى عێراق دەکەن و نووسینگە ئابوورییەکانی پارێزگاکانى ژێر دەسەڵاتى داعش کە دواتر کەوتە بن دەستى ملیشیا شێعەکان و سوپای پاسداران، ئەوانیشیان لە بن دەستە و بەمەیش کۆنترۆڵى لایەنى ئابوورى زۆرینەى شارەکانیان لە دەستە و ئەمەیش گەلى عێراق پێى دەزانن.
ئاڤاتودەى: دواى دانانى سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى، گەشەسەندنى سیاسی و سەربازی ملیشیاکانى حەشدی شەعبی عێراق کۆتاییان پێ دێت یان نا؟
عەبدولرەزاق شەمەری: پێموایە سوپای پاسداران شادەمارى ملیشیاکانە، ئەگەر هاتوو توانرا کۆنترۆڵ بکرێت و لەناو ببرێت، ئەوا کاریگەریى زۆر دەبێت. وەک چۆن دەڵێن مار بە پانکردنەوەى سەرەکەى دەمرێت، بۆیە ئەگەر سەرى مارەکە لێبکرێتەوە کە ئەویش سوپای پاسدارانە، ئەوا نامرێت و ئەم ملیشیانەش بەستراونەتەوە بەو سەرەوە.
ئاڤاتودەى: لەچەند مانگی ڕابردوو، دەنگى هێز و پێکهاتەى سوننەکان بەرز بوونەوە بۆ دامەزراندنى هەرێمێک تایبەت بە خۆیان، تا دەستى ئێران ببڕن. ئاخو ئێستا هەر سوورن لەسەر ئەو داواکارییە؟
عەبدولرەزاق شەمەری: ئێمە یەکەم لایەن بووین بانگەشەى ئەو پڕۆژەیەمان کرد. ناڵێم هەرێمێکى سوننە، بەڵکو هەرێمی پارێزگاکانى ڕۆژاوا، یاخود شارەکانى باکوورى ڕۆژاواى عێراق، تا دوور بکەونەوە لە لایەنى تایفی. من لەگەڵ ئەو پرۆژەیەم، چونکە تاکە رێگەیەکى ڕزگاربوونی ڕۆڵەکانى پارێزگاکانمانە لەپاوانخوازییەکانى ئێران. سەرەڕاى داواکارییەکانی پڕۆژەکەمان، تەنها بەوە ڕازی نابین و پێویستە لە حکومەتى ناوەندی بە پێی ڕێژەى ڕاستەقینەى خۆمان بەشدارییمان پێ بکرێت کە ئێستا زۆر کەمتر لەو ڕێژەیە حیسابمان بۆ کراوە.
ئاڤاتودەى: چەند مانگێک لەمەوبەر مەحمود مەشهدانی سەرۆکى پێشووترى پەرلەمانى عێراق، لە میدیاکان و بە ئاشکرا باسى کڕینى هەڵوێستى سوننەو سەرکردەکانى لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە کرد، بە تایبەت قاسم سولەیمانى. ئەگەر ئێران دەستى تووند کردووە بەسەر شێعە و سوننەکانیشى کڕیبێت، چۆن ئەو ڕژێمە لە عێراق دەردەکرێت؟
عەبدولرەزاق شەمەری: دەرکردنى ئێران بە دوو ڕێکار یاخود ڕێگاى سەرەکی دەردەکرێت، یەکەمیان گەلى عێراقە و ئەویتریشیان هێزەکانى ئەمەریکایە، ئاخر بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە ساڵى ٢٠١١ى زایینى بوو کە عێراق کەوتە دەست ئێران و هەر ئەمریکاش بوو کە کەیسى ئەمنى ڕادەستى تاران کرد، بۆیە خۆى بەرپرسیاریەتى تەواوی لەسەرشانە بۆ ڕزگارکردنى عێراق لە دەستى ئێران. ئەم قسەیەم پێشتریش گووتووەو دووبارەشی دەکەمەوە؛ ئەمەریکا لە ڕووى یاسایی و شەرعی و ئەخلاقییەوە بەرپرسیارە لە ڕادەستکردنى بەغدا بە تاران و هەر خۆشى بەرپرسیاری تەواوی دەرکردنى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق لەسەر شانە و دەبێت کۆتایی بە پاوانخوازییەکانی ڕژێمى ئێران چ لەرووى سیاسی و چ لە ڕووى سەربازی و ئابووریشەوە بهێنێت.
ئاڤاتودەى: ئەمەریکا بە تەنیا دەتوانێت ئێران لە عێراق دەربکات، لە کاتێکدا هیچ زەمینەیەکى بەهێزو کاریگەریى ئەو ئەرکەی نییە، تاچەند واشنتۆن لەکارەکەى سەرکەوتوو دەبێت؟
عەبدولرەزاق شەمەری: ئەمەریکا ئێستا زەمینەیەکى بەهێزو چەسپاوی لەعێراق هەیە، ئەوانیش ڕۆڵەکانى پارێزگاکانى ڕۆژئاواو باکوورە، هەروەها ڕۆڵەکانى ئەو پارێزگایانەى داعشیان تێ کرا، بۆ ئەوەى میلیشیاکان بە بیانووى ڕاوەدوونانى داعش داگیری بکەن. ڕۆڵى ئەو پارێزگایانە بە کۆی دەنگ، هێزى پاڵپشتى ئەمەریکییەکانە ئەگەر بێتوو جددی بێت لە ڕزگارکردنى عێراق لە دەستى ئێران.
دووەم؛ ئەگەر هێزەکانى ئەمەریکا زەمینەی نەبێت لە عێراق وەک باستان لێوە کرد، چۆن واشنتۆن توانى ڕژێمى پێشوو بڕووخێنێت کە ئەوکات هیچ زەمینەیەکیشى نەبوو؟!، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت ڕژێمى پێشوو (ڕژێمى بەعس) بڕووخێنێت بێ هیچ زەمینەیەک، ئەوا ئێستاش بەو زەمینەیەى کە هەیەتى دەتوانێت پاوانخوازییەکانی ئێران لەسەر عێراق کۆتایی پێ بهێنێت و لەناویان ببات. من ئەوە دووپات دەکەمەوە، ڕۆڵەکانى ئەو پارێزگایانە کە دوو لەسەر سێی گەلى عێراق پێک دەهێنن، هەموویان زەمینەى بەهێز و پاڵپشتى ئەمەریکییەکانن لە هەر ئۆپەراسیۆنێکى جددی بۆ ڕزگارکردنى عێراق.
ئاڤاتودەى : دەکرێت بڵێین ئەمساڵ (٢٠١٩) ساڵى کۆتاییهاتنى ئێرانە لە عێراق؟
عەبدولرەزاق شەمەری: ئومێدەوارم.. دەتوانم بڵێم سەرەتایەک بۆ ئەو قۆناغە هەیە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم کاتى پێویست هەبێت بۆ پرۆسەیەکى لەو شێوەیە. ساڵى ٢٠٠٤ى زایینى باسی ئەوەم کرد، ئەگەر ئێران عێراق داگیر بگات، ڕیشەییەکى قوڵى تێدا دادەکوتێت و بەئاسانیش هەڵناکەنرێت، بەڵام داگیرکردنى ئەمەریکا داگیرکردنێکى لەناوچووە، چونکە تەواوی گەلى عێراق کۆکە لەسەر ئەوەى ئەو پرۆسەیە داگیرکردنە. چونکە داگیرکردنى ئەمەریکا داگیرکارییەکى بەرژەوەندیخوازانەی ئابوورییە، ئەگەر ئەو بەرژەوەندییانەش هاتنە دی ئەوا داگیرکردنەکە کۆتایی پێ دێت، بەڵام داگیرکردنى ئێرانى داگیرکارییەکى عەقیدەییە، داگیرکارییەکى نەبینراوە و ڕزگارکردن و ڕیشەکێشکردنى ئاسان نابێت.
ئاڤاتودەى: دهۆڵى جەنگ لەسەر ئاسمانى ئێران لێدەدرێت، ئاخو بەم نزیکانە جەنگێک دژی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، یاخود بە هاوپەیمانى لەگەڵ وڵاتانى کەنداوی عەرەبی دەبینین؟
عەبدولرەزاق شەمەری: بەبۆچوونى من جەنگی داهاتوو لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەگەر ڕووی دا، ئەوا جەنگێکى تەقلیدی نابێت، بەڵکو جەنگێکى تەکنەلۆژییە لەوەى جەنگی تەقلیدی بێت.
ئاڤاتودەى: ئاخو ئەو جەنگەى باسی لێوە دەکەی، بەهەمان زنجیرەکانى پێشووى عێراق تێپەر دەبێت؟، یاخود ئیدارەى ئەمەریکا جددی نییە لەرووخاندنى ڕژێم، بەڵکو دەیەوێت هەڵسوکەوتى لەناوچەکە ڕێک بخات؟
عەبدولرەزاق شەمەری: ڕەنگە.. بەڵام ئامانجەکە ئێستا سنووردارکردنى ڕژێمى ئێران و نینۆککردنیەتى لەوەى پرۆسەیەکى ڕووخاندن بێت، چونکە ئەمەریکا مامەڵەکردنى لەگەڵ وڵاتان بە پێی بەرژەوەندییەکانیەتى، چۆن ٢٠٠٣ لەگەڵ عێراق کردی، دەتوانێت بەهەمان شێوە لەگەڵ ئێرانیش بیکات، ئەگەر بەرژەوەندییەکانى واى خواست، بەڵام بە پێى هەندێک لێدوانی ئەمەریکییەکان کە دزەیان کردووە، پێ دەچێت هەنگاوەکانى ئەمەریکا بەرامبەر ئێران، پڕۆسەى گۆڕینى ڕژێم و ڕووخاندنى نەبێت، بەڵکو سنووردارکردنى بێت. لەکۆتاییشدا ئەوە پرسێکى ئێرانییە و ئێمە باس لە واقیعی خۆمان وەک عێراق دەکەین. ئومێدی گەورەمان هەیە کە ئۆپەراسیۆنى داهاتوو لەنێوان ئەمەریکاو ئێران ڕزگارکردنى عێراق بێت لە پاوانخوازییەکانى ڕژێمى ئێران، دەنا بەلامانەوە گرنگ نییە ڕژێم لە ئێران بگۆردرێت یان نەگۆردرێت، چونکە ئەوە پرسێکى ئێرانییە.