دواى دانانى سوپاى پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان، چاودێران لەو باوەڕدان کاریگەریى ڕاستەوخۆی لەسەر میلیشیا نزیکەکانى ڕژێمى ئێران دەبێت، چونکە سوپاى پاسداران لەرێگەى سوپای قودسەوە پرۆسەى پارەدار کردنیان ئەنجامدەدات.
ئوسامە هەتیمی، نووسەرو شیکارى سیاسی لە کاروبارى ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى لە قاهیرە، ئاماژە بەوە دەکات "زۆربەى میلیشیاکان لە لایەن تارانەوە شانسى کۆنتڕۆڵکردنى زۆربەى دامەزراوە ئابوورییەکانى ناوخۆى عێراقیان پێ دراوە."
گووتیشى "بە پلەی یەکەم ڕژێمى ئێران سوودمەندە لەو میلیشیایانە، بە هۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر کارى لە سەر پەروەردەکردن و دروستکردنیان کردووە تا گەیشتووەتە ئاستێک کە پشت بە خۆىان ببەستن، تەنانەت بەشێکیان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەى لە کاتى تەنگانەدا هاوکاری کۆماری ئیسلامی بکەن.
هەتیمی لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەى جەخت لەوە دەکاتەوە هێزە سوننەکان "کەوتوونە ژێر کاریگەری درووشمە چەواشەکانى بەرەنگاربوونەوەى زۆردارى و ڕزگارکردنى ستەملێکراوان کە لە ماوەی ڕابڕدوودا لە لایەن ڕژێمە عەرەبییە دیکتاتۆرەکان پشتیوانییان لێ دەکرا.
ئاڤاتودەى: کاریگەریى دانانى سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى لەسەر عێراق چییە؟
ئوسامە: بێگومان دانانى سوپاى پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى، کاردانەوەى لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران بە میلشیا و باڵەکانی لە عێراق دەبێت، هەم لەسەر ئاستى پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکان و هەم لەسەر ئاستی پەیوەندییە سەربازی و داراییەکان.
بەو پێیەى سوپای پاسداران بۆ پاڵپشتێکردنى میلیشیا عێراقییە نزیکەکانى پشت بە چالاکییە بازرگانییەکان دەبەستێت و ئەوەش ئامانجی یەکەمى بڕیارەکەى ئەمریکا بووە، سوپای پاسداران و ڕژێمى ئێران ناچار دەبن پشت لەو میلیشیانە بکەن، بۆ ئەوەى بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان سەرچاوە داراییەکانی خۆیان دابین بکەن، بەتایبەت لە پرسى پارەدارکردنى چالاکییەکانیان لەنێو عێراقدا..
لە لایەکی دیکە و لە ڕووى سەربازییەوە بێگومان ئێران کار لەسەر کاراکردنەوەى باڵەکانى لە عێراقدا دەکات، بە تایبەت لە کاتێکدا کە هێزەکانى ئەمریکا لە خاکی عێراق بوونیان هەیە. هەر بۆیە داوا لەو ملیشیاکانی دەکات ڕۆڵی خۆیان لە وڵاتەکەیان بگێرن بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە هێشتا ڕۆڵى سوپای پاسداران و ئێران کاریگەرە لە هێورکردنەوەى ڕەوشەکە، یاخود بانگەشەیەک بۆ ئەوەی تواناى سەقامگیرى عێراقی هەیە و هەڕەشەش لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا یاخود هێزەکانى لە عێراق ناکات.
لەو بارەیەوە دەتوانین بڵێین لە قۆناغەکانى داهاتوودا بێتو گرژی نێوان ئەمریکاو ئێران بەردەوام بێ، جۆرێک لە ناکۆکی و مەترسیی ڕووبەڕووى عێراق دەبێتەوە، کە لە بنەڕتدا بەرژەوەندییە ڕۆژئاواییەکان بەشێوەیەکى گشتى و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بەتایبەتى دەبنە ئامانج.
ئەم هەلومەرجە پاڵنەرێکە بۆ بەشێک لەهێزە ڕۆژئاوایی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەى گوشارەکانیان بۆ سەر ئیدارەى کۆشکی سپی زیاتر بکەن تا ڕێبازی نوێتر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بگرنە بەر. لەو چوارچێوەیە دەکرێت بگەین بەو ئامانجە و بەپێی ئەو گوشارانە کە ئەمریکا خستویەتی سەر ئێران و بڕیارى بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی لێکەوتۆتەوە ، ئێران ناچار ناکات گرژییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کەم بکاتەوە، بەڵکو زیاتر سووری دەکات لە چەسپاندنى ڕۆڵى خۆى لە ناوچەکە.
لەلایەکى دیکەشەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران کار لەسەر ڕێکخراوە چەکدارە سوننەکان بکات بۆ ئەوەى نیشانى بدات هەتا ئێستاش ڕۆڵێکى کاریگەر و تەنیاى هەیە لە ناوچەکە بۆ ئەوەى مامەڵە لەگەل کەیسى ڕێکخراوە چەکدارەکانى عێراق و وڵاتانى دیکەى ناوچەکە بکات.
ئەمەش پێی دەگووترێت سرنجڕاکێشانى ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەشێوەیەکى گشتى بۆ ئەو ڕۆڵەى تاران لە ناوچەکە هەیەتى و ئەمەش درێژەپێدانى ڕۆڵى پۆلیسیەکەى سەردەمى شایە کە ڕۆڵێکى گرینگ و ستراتیژی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبوو.
ئاڤاتودەى: ئاخو بڕیارەکەى ئەمریکا دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى پاوانخوازییە سیاسی و سەربازییەکانی حەشدی شەعبی لەعێراق و سووریا؟
ئوسامە: لەڕاستیدا حەشدی شەعبی بۆتە پێکهاتەیەکى بنەڕەتى نێو عێراق، ئێران لە دواى ٢٠١٦ سەرکەوتو بوو لە پەسەند کرانی یاساى تایبەت بە ناساندنی حەشدی شەعبی وەک پێکهاتەیەکى سەرەکی نێو هێزە چەکدارەکانى عێراق و لە دوای ئەم بڕیاڕەوە ئەستەم بووە لە ڕووى یاساییەوە حەشدی شەعبی بە ملیشیا ناو ببردرێت، یاخود پێکهاتەیەکى دەرەوەى فەرمانگە فەرمییەکانى عێراق بێت. لە لایەکی دیکە بە پێی یاساییش ڕێگەی کارکردنی پێدراوە و ئەوە لە لایەن زۆرینەى پەڕلەمانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ڕەنگە ئەو پرسە کاردانەوەى لەسەر بەشێک لە ملیشیاکان دروست بکات کە بە شێوەیەکى چڕتر پشت بە پارەدارکردنى ئێران دەبەستن.
بە بۆچوونى من زۆربەى ملیشیاکان لە لایەن تارانەوە شانسى کۆنتڕۆڵکردنى زۆربەى دامەزراوە ئابوورییەکانى ناوخۆى عێراقیان پێ دراوە و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ پشتبەستنى تەواو بە ئێران تواناى دابینکردنى سەرچاوەی ماڵی بۆ دابین کردوون. بە بڕواى من، ئەوە ڕۆڵى سەرەکییە کە ئێران سوور بووە لەوەى درێژە بە پاڵپشتیکردنى ئەو ملیشیانە بدات بە هۆی ئەوەی ئەگەر ڕۆڵى ئەو ملیشیایانە نەبێت لە کاتى قەیرانەکاندا ئەى لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوو چی کردووە؟
بە پێی بنەماکانى ناردنە دەرەوەی شۆڕش، ئێران کارى لەسەر پەروەردە و دروستکردنى ئەو میلیشیانەى عێراق و چەندین گرووپی دیکە لە وڵاتانى ناوچەکە کردووە.
ئاڤاتودەى: ئاخود تاران باڵى لە نێو گرووپە سوننەکانى ناوچەکە بەتایبەت لە عێراق، لوبنان و وڵاتانى کەنداو هەیە بۆ ئەوەى دژى ئەمریکا بیانجوڵێنێت؟
ئوسامە: بێگومان، ناتوانین نکۆڵى لەوە بکەین لە دواى ساڵی ١٩٧٩، ئێران بە دروشمە بریقەدارەکانى زۆربەى لایەنە سوننەکانى وڵاتانى عەرەبی هەڵخەڵەتاند بەتایبەت لە عێراق کە تایبەتمەندی خۆى بۆ ئێران هەیە و یەکەم دەروازەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئێرانە لەناوچەکە.
پێکهاتە و پارت وهێزە سوننەکان ملکەچى سیاسەتەکانی ئێرانن ئەویش بە هۆی ئەوەی دروشمە بریقدارەکانى بەگژدا هاتنەوەی سەهیۆنیزم بەسەریاندا زاڵ بووە. هەروەها سوننەکان بە کەوتنە ژێر کاریگەریى دروشمە چەواشەکانى بەرەنگاربوونەوەى زۆردارى و ڕزگارکردنى ستەملێکراوان لە ماوەکانى ڕابردوو کە لەلایەن ڕژێمە عەڕەبەکانەوە دەچەوسێندرانەوە بووە وایکرد کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو بێ لە جێگیر بوون لەنێو بەشێکی فراوانى سوننەکان، وەک پاڵپشتیەک و پشتگیری هەڵوێستەکانى ئێران.
هەرچەند ناکرێت ئەوە بکرێتە پێوەر بۆ ئەو دروشمە فریودەرانەی ئێران بەتایبەت بەوەی کە لە ماوەى ڕابردووی داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە واتە لە ٢٠٠٣ دەتوانین هەڵو بڵەین هەڵوێستى عەرەبی سوننە لەعێراق بەشێوەیەکى ڕیشەیی و گشتى بەبەراورد لەپێش ڕووداوەکانى ٢٠٠٣ گۆڕانی بەسەردا هات ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەو ساڵانە بۆ زۆربەى جەماوەرە عەرەبیە سوننەکان ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ڕووتاندنەوەی خەڵکی عێراق ق هەروەها پڕۆژە تایفی و مەزهەبیەکان ئاشکرا بوو.
ئاڤاتودەی: بەغدا چۆن دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان بەرزبوونەوەى گرژییەکانى ئەمریکاو پاوانخوازییەکانى ئێران لەناوچەکە ڕابگرێت؟
ئوسامە: بە ڕاشکاوی دەڵێم، بەغدا بەجۆرێک لەجۆرەکان لەژێر کاریگەرى هەژمونى بەرەى ئێرانە و پەیوەندییەکانیەشى لەگەڵ ئەمریکا تەنها تاکتیکێکی دەوڵەتی عێراقە بۆ ئەوەى ئەمریکا ڕازی بکات و پاوانخوازییەکانى کەم بکاتەوە، بەڵام عێراق بەشێوەیەکى ڕوونتر بەپێی خوێندنەوەى ڕووداوەکانى ڕابردوو و لەدواى ٢٠٠٣ هەتا ئێستا بە داخەوە ملکەچی ئێرانە و ناتوانێت لەو سنوورەى داڕێژراوەى تاران کێشاویەتى دەربچێت.
ئاڤاتودەى: جموجۆڵێکى عەرەبی بەئاراستەى بەغدا هەیە، ئایا ئەمە سەرەتاى کۆتاییەکانى پاوانخوازیی ئێرانییە؟
ئۆسامە: لە ساڵى ڕابردوو زەنگێکى لەو شێوەیە بوون، بۆیە هەستێکى دڵخۆشى لای زۆربەیان دروست کرد، بەڵام لەڕاستیدا ئێران تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوو لەسنووردارکردنى ئەو جموجۆڵە و لە لای هەمووانیش ئاشکرا بوو ئێران بە چ ئامانجێک لەو جموجۆڵە دەڕوانێت، بەتایبەت لەدروستکردنى ناکۆکی و ململانێیەکان بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر هاتنى ئەو جموجۆڵە لەناوچەکە دروست بکات
هاوکات هەوڵەکانى ئێران نامەیەک بوون بۆ ڕۆژئاوا، بەوەى تاران دەتوانێت سەرچاوەکانى ووزەى عێراق، کە یەکێکە لەگرینگترین وڵاتانى هەناردەکارى نەوت لەناوچەکە لەسەریان دابخات. بۆیە پێویستە ئەمریکا بە وردی بیر لەپرسى دەستێوەردانەکانی ئێران بکاتەوە لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە تاڕادەیەک سەرکەوتو بووە لە کارەکانی.