ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ خاکەلێوە لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا باسى لەوە کرد کە قاسم سلێمانی یەکێک لە مەترسیدارترین کەسانی دونیایە و نابێ سوپا و هێزی قودس بە کەم چاو لێبکرێن.
بۆڵتن لە بەشێکی قسەکانیدا گووتی نابێ سوپا و بە تایبەت هێزی قودس کە قاسم سلێمانی فەرماندایی دەکات و لە هەموو عێراق و سوریە خەریکی کاری تێکدەرانەن، بە کەم بگیرێن و هەر بۆیەشە بڕیاڕی ترامپ بۆ بە تیرۆریستناساندنی سوپا جێگەی بایەخە. ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا ئاشکرای کرد ڕاگەیاندنی تیرۆریستبوونی سوپا بەو واتایەیە کە هەر کەس لەگەڵ ئەو دامەزراوە یان دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو بازرگانی بکات لانیکەم بە ٢٠ ساڵ زیندانی سزا دەدرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە ئەو بڕیاڕەی ترامپ زۆر گرنگە و پەیامێکی گرنگە بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ئەوروپا سەبارەت بەوەی کە هەر کەس بیهەوێ بازرگانی لەگەڵ سوپای پاسداران بکات بە ٢٠ ساڵ زیندان سزا دەدرێت.