ماوەیەکە لەسەر تۆڕی تلێگرام کاناڵێک بە ناوی "تیمارستان مەجازی" کراوەتەوە و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ژمارە تەلەفۆنی کچانی ڕۆژهەڵات، هەوڵی شکاندنی کەسایەتی تاکى ڕۆژهەڵاتی دەدات.
بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵە بە کۆپیکردنی وێنەی کچان لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان و دانانی نووسراوەی پڕ لە بێڕیزی و نێوزڕاندن لەسەریان هەوڵی باجگیری لەو کەسانە و هەروەها درووستکردنی بێ متمانەیی بنەماڵەکان بە کچەکانیان دەدەن.
بە پێی سەرچاوەیەکی تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی لە شاری شنۆ، ئەو پڕۆژەیە کە لە لایەن ئیتلاعاتی شاری شنۆ و لە ڕیگەی چەند ژن و کوڕی گیرۆدەبووی مادەی هۆشبەرەوە بەڕێوە دەبردرێت، تۆڵەکردنەوەی ئیتلاعاتە لە ژنان و کچانی کورد کە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات زۆر چالاکانە بەشدار بوون. ئیتلاعاتی شنۆ بەو شێوە دەیهەوێ بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵات هان بدات بۆ ئەوەی نەهێڵن کچ و کوڕەکانیان لە خەباتی نەتەوییدا بەشدار بن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەلاقەیەک بۆ هوشیاری و ڕۆشەنگەری لەسەر پیلانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەکار بهێنن.
سەرچاوەکەی ئاڤاتودەی لە شنۆوە پێی ڕاگەیاندین کە کاناڵی "تیمارستانی مەجازی" سەر بە ئیتلاعاتی سوپای شنۆیە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کچ و تەنانەت کوڕانەی کە بەرگی کوردییان پۆشیوە و یا خوازیارى هەندێک شێوازى جلپۆشین و قژداهێنانن، گووتنی ئەوەی ئەو کەسانە بێ ڕەوشتن و خراپن، هەوڵ دەدات کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی کچان و کوڕانى شارەکانى کوردستان و بەتایبەت شنۆ و مەهاباد بترسێنێت.
پێویستە لاوان و بە تایبەت بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پیلانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئاگادار بن و بە هەر شێوەیەکی بۆیان دەکرێت پێش بەو مۆرە و کەسە هەڵخەڵەتاوانە بگرن کە هیوای شکاندنی ڕۆژهەڵاتیان هەیە.