
ئیستیو هانکە، ئابووریناسی ئەمریکایی ساڵانە لیستێک لە خراپترین و باشترین ئابوورییەکانی دونیا بڵاو دەکاتەوە، بۆ ئەمساڵیش لە ڕاپۆڕتەکەى خۆیدا ئێران و سێ وڵاتی دیکەی خستووەتە کۆتایی لیستەکەیەوە.
وڵاتانی شاد لە سەرەتاى لیستەکە دێن و وڵاتانی لێقەوماویش لە بەشی کۆتایی ئەو لیستە دان. هانکە دەڵێ "لە هەر وڵاتێکدا دەرفەتی کاری زۆر، گەشەی ئابوری بەهێز و هەڵاوسانی کەم دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خەم و ئازاری خەڵک". ئەو وڵاتانەی لە پلەکانی سەرووی ئەو لیستەدان ئەمساڵ تایلەند و مەجارستانن کە لە ڕووی هەلومەرجی ئابوورییەوە دۆخێکی باشیان هەیە.
لە بەشی کۆتایی لیستەکەدا چوار وڵاتی ڤەنزوێلا، ئاڕژانتین، ئێران و بڕازیل جێ دەگرن. ئابووری ڤەنزوێلا ڕوبەڕووی داڕمان بووەتەوە، ئابوری ئێران و ئارژانتینیش قەیرانییە و بڕازیل بە هۆی زۆربوونی تێچووی خزمەتگوزارییەکانی خانەنشینی، ڕووبەڕووى قەیران بووەتەوە.