ژووان ـ بانە
چەندین ساڵە ۸ی مارس خەریكە دەبێتە بۆنەیێكی ڕۆمانتیك و بیانووێك بۆ پیرۆزبایی لەو ژنانەی خۆشمان دەوێن و ئەمە هەندێ جار لە چوارچێوەی بەخشینی دیارییەک و هەندێ جار وەك پیرۆزبایی كەلامی خۆی دەنوێنێ و خەریكە دەبێتە كلتوور لە ناو كۆمەڵانی خەڵك و لە زۆرێك وڵاتانی جیهان و ڕەنگە زۆر نەخایێنێ، هەمووان لە ناوەرۆكی ڕاستەقینە و ئامانجەكانی ئەم ڕۆژە بە تەواوەتی دوور بخاتەوە. هەر چەندە ئەگەر جێژنێك و پیرۆزبایێكیش بوونی هەبێ بۆ گەیشتن بە هەندێك دەستكەوتی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ژنانە.
ڕاستییەكەی ئەوەیە كە ۸ی مارس سەرچاوەیێكی سیاسی ـ كۆمەڵایەتی هەیە كە بە تێپەڕبوونی كات، لە هەندێك وڵات چیتر ئەو لایەنەی تێدا بەدی ناكرێ.
ڕەنگە گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەكان و ئەو پڕۆسەی كە بووەتە هۆی ناودێركردنی ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی ژن، ئەو ڕاستییە دەربخات كە ۸ی مارس ڕۆژێكە بۆ وەبیرهێنانەوەی خەبات و تێكۆشانی بەردەوام بۆ وەدەستخستنی مافە زەوتكراوەكانی ژنان لە كۆمەڵگادا، دەنا ڕەنگە ئەوەی ئەوان، بۆ وێنە ژنانی نیۆیۆرك، لەو كاتەدا و لە بارودۆخ و پێکهاتەى كلتوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆیان چییان كردووە ڕەنگە لانیكەم بۆ ئێمە و لە بارودۆخ و پێکهاتەى كلتوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی تایبەت بە خۆمان زۆر گرنگ نەبێت.
ڕاستییەكە ئەوەیە كە هەموو ڕۆژێك بۆ ئێمە ۸ی مارسە
نایەمەوە سەر بژاردنی كەموكوڕییەكان و باسكردنی نەهامەتییەكان و دووبارەكردنەوەی ئەو مافانەی خانمان لە كۆمەڵگادا لێیان زەوت كراوە و ئەو بەربەست و كێشانەی ئێمە وەك ژن بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبینەوە، لەبەر ئەوەی پێم وایە پێویستمان بە دووپاتكردنەوەی ئەو بابەتە لە ڕادەبەدەر ڕوون و ئاشكرایانە نییە كە بەردەوام خەریكین لەگەڵیان دەژین و هێند تێكەڵاوی كلتوور و ژیانمان بوون كە جاروبار هەر هەستیشیان پێ ناكەین. ئەوەی بەڕای من جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە ئێمەی ژن نابێ لە خەباتەكانمان بۆ وەدەستخستنی مافە ڕەواكانمان خۆمان لە بەرامبەر پیاوانمان ببینینەوە.
بە پێچەوانەى هەموو ئەوانەی كە پێیان وایە بۆ باس لەسەر بابەتی ژنان لە كۆمەڵگای تا سەر ئێسك نەخۆشی ئەمڕۆ، ئەبێ لە ڕۆڵی پیاوانمانەوە و بە تاوانباركردنیان دەست پێ بكەین، من پێم وایە لە كۆمەڵگای ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتدا و لە ژێر سیستەمی حاكم كە تێیدا تەنها یاساى دارستان ڕۆڵ دەگێڕێ، پیاوانمان كەمتر لە خانمان قوربانی نین. جێی هیچ شك و گومان نییە كە یەكسانی ژن و پیاو و دەستەبەركردنی هەموو مافە ڕەواكانی ژنان پێویستی بە سیستەمێكه كە تێیدا، دادپەروەرى بوونی هەبێ و یاسا لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێ و ڕوون و ئاشكرایە كە بە بوونی سیستەمی دینیی حاكمی ئەمڕۆ لە ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی گەیشتن بەو ئامانجە زیاتر لە خەونێكی شیرین دەچێ، بۆیە لە جیاتی پێكهێنانی دوو بەرەی دژ بە یەكی ژن و پیاو لە كۆمەڵگادا كە ئەویش بە جۆرێک لێكترازان و تراژدیای كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە، پێویستە ژن و پیاو پێكەوە وەك مرۆڤ و دەست لە ناو دەست خەبات بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و سڕینەوەی زوڵم و زۆریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری كە بە تایبەت ئەم دواییانە تەنگی بە گەلەكەمان هەڵچنیوە.
گەیشتن بە كۆمەڵگایێكی ئازاد و یەكسان كە تێیدا مرۆڤ هەم وەك تاك و هەم وەك مرۆڤ سەیر بكرێ نەك وەك ژن یان پیاو لە لایێك و سڕینەوەی وشەی ژن و پیاو كە بە درێژایی چەندین ساڵ، چك چك كردوویانەتە مێشك و دڵی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە و دروستكردنی وشەی مرۆڤ كە هەموو تاكێك بێ جیاوازی بگرێتەوە و ببێتە هەوێنی یەكبوون و یەكڕیزی نەك لێكترازان، پێویستی بە خەباتی هاوبەش و یەكڕیزی هەموو تاكێكی كۆمەڵگایە بۆ وەدەستخستنی دواڕۆژێكی ئازاد و بنیادنانی سیستمێك لەسەر بنەماى دیموكراسی و یەكسانی.
باوە كە ئەم ڕۆژە لە ژنان پیرۆز دەكرێ، بەڵام من دەڵێم خەبات بەردەوام و ڕووی دەمم لە خانمان و هەروەها هەموو ئەو پیاوانەشە كە باوەڕیان بە ژن وەك مرۆڤ هەیە و ئەمە نە تەنها بە قسە بەڵكوو بە كردار و هەر هیچ نەبێ لە چوارچێوەی خانەوادە و بنەماڵەی خۆیاندا ڕەچاو دەكەن.