Skip to main content

ئێران دەیەوێت لە ڕێگەى ئەوروپا پاڵپشتى تیرۆر بکات

ئێران دەیەوێت لە ڕێگەى ئەوروپا پاڵپشتى تیرۆر بکات
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2019
nocomment

 

سیگال مندلکەر، بریکارى وەزارەتى خەزێنەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و هەواڵگرى دارایی ڕایگەیاند "دروستکردنى کەناڵێکى دارایی ئەوروپی بۆ پاڵپشتیکردنى ئێران، ڕێگە بە ڕژێمى تاران دەدات لەبرى خەرجکردن بۆ بەرژەوەندی گەلەکەى، درێژە بە پارەدارکردنى تیرۆر بکات".

 

مندلکەر، لەووتارێکی خۆیدا کە ماڵپەرى هێڵ، تایبەت بەهەواڵەکانى کۆنگرێسی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە ڕەخنەى لە هەوڵەکانى فەرەنسا، ئەڵمانیاو شانەشینى یەکگرتوو گرتووە، کە پاڵپشتى ڕێکەوتننامەى ئەتۆمی ئێرانى دەکەن، ئەویش لەرێگەى دروستکردنى کەناڵێکى تایبەت بۆ ئەوەى مامەڵەى بازرگانى نێوان ئەوروپاو ئێران ئاسان بکەن.

هەر سێ وڵاتى ئەوروپی ئەو کەرستە داراییانەى بەنیازن لەگەڵ تاران بیخەنە گەڕ، لەژێر چاودێرى بەرزترین پێوەرەکانى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوە پارەو، پابەندبوون بە سزاکانى یەکێتى ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت، بەڵام بریکارەکەى وەزارەتى خەزێنەى ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە "ئەو کەناڵە ناتوانێت هەماهەنگى لەگەڵ بانکى ناوەندی ئێران یاخود هەر دامەزراوەیەکى دیکەى ڕژێمى ئێرانى بکات، چونکە سەرپێچی سزاکانى ئەمریکا دژى ئەو وڵاتە دەکەن".

مندلکەر گووتیشى "ئێران بەسیفەتى وڵاتى زلهێزە لە پاڵپشتیکردنى تیرۆر، پلەبەندی یەکەمى  لەبرى بەخێوکردنى گەلەکەى بۆ پارەدارکردنى ڕژێمە وەحشیگەرى و تیرۆریستییەکانە". هێماشی بەوە کردووە "ئێران ملیارەها دۆلار بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان دابین دەکات، وەک حزبوڵا، حەماس، هەڵمەتەکانى بەشار ئەسەد دژى هاووڵاتیانى، هاوکات پەنابەرە بێدەسەڵاتەکان و منداڵە سەربازەکان بۆ مەرگ لە سووریا دەنێرێت، تا لەپێناو سوپاکانى پاسداران و قودس شەڕ بکەن".

بەرپرسەکەى واشنتۆن ڕاشی گەیاند "دواى سێ ساڵ لە ڕاگەینراوەکەى تاران لە پابەندبوون بە پێوەرەکانى گرووپى کارى تایبەتمەند بە ڕێکارە داراییەکان (FATF)، كە دەستەیەکى جیهانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارەو بەرەنگاربوونەوەى پارەدارکردنى تیرۆر، هێشتاش ئێران هیچ چاکسازییەکى پێویست بۆ پابەندبوونى خۆى لەزۆربەى پێوەرە بنەڕەتییەکان جێبەجێ نەکردووە".

دەشڵێت "ئێران هیچ شەفافیەتێکى دارایی نییەو، دیاریش نییە بۆ چ شوێنێک پارەکان لە ڕێگەى کەناڵە ئەوروپیەکە دەچێت، ئەم ڕێگایەشە تاران دەیەوێت ئەو گرووپانەى پارەدارکردنى تیرۆر دەکەن، وەک سوپای پاسداران و سوپاى قودس دوو هێزى نێو لیستى سزاکانى ئەمریکاو یەکێتى ئەوروپا، پارەکان لەژێر دەستیان بێت و، ئابوورى وڵاتەکەشیان کۆنترۆڵ بکەن".

بریکارەکەى وەزارەتی خەزێنەى واشنتۆن بۆ کاروبارى تیرۆرو هەواڵگری دارایی ئاشکرای کردووە "سزاکانى وڵاتەکەى دژى کەسایەتییەکان و گرووپ و کۆمپانیاکانى ئێران بووە، کە هەوڵیان داوە باز بەسەر سزاکان بدەن". هەروەها باسى لە پیلانگێرییەکانى تاران کردووە، لە هەوڵەکانى تیرۆرکردن و ئەنجامدانى تەقینەوە لەخاکی ئەوروپا، کە لەلایەن هەواڵگرییەکانى دانیمارک و فەرەنساو بەلجیکاوە ئاشکرا بوون.

مندلکەر سووریش بووە لەوەى "ئێران بەردەوام دەبێت لە ئیستغلالکردنى ئەو پارانەى لە ڕێگەى بەرنامە ئەوروپیەکە دەستى دەکەوێت، بۆ پاڵپشتیکردنى تیرۆر لەناوچەکەو، بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکانى".