Skip to main content

دوای دوو مانگ فڕۆکە گیرخواردووەکەى نۆروێژ ئێرانی جێهێشت

دوای دوو مانگ فڕۆکە گیرخواردووەکەى نۆروێژ ئێرانی جێهێشت
AvaToday caption
posted onFebruary 23, 2019
nocomment

 

کۆمپانیاى فڕۆکەوانى نۆروێژی دووپاتی کردەوە "فڕۆکە گیرخواردووەکەیان لە ئێران، فڕۆکەخانەى شیرازی بەرەو ستۆکهۆڵمى پایتەختى سوید جێ هێشت".

 

ئەو فڕۆکەیە کە بڕیاربوو لە ١٤ کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ٢٠١٨ لەدوبەى بەرەو ئۆسلۆ بە ١٨٠ سەرنشینەوە بەڕێ بکەوێت، بەڵام بە هۆى کێشەیەکى تەکنیکییەوە لە یەکێک لە بزوێنەرەکانی ناچار بوو لە فڕۆکەخانەى شیراز بنیشێتەوە و، سەرنیشینەکانیشى دواى ڕۆژێک مانەوە لەو شارە گەڕانەوە شوێنى خۆیان.

ئەو کۆمپانیایە لە ڕاگەینراوێکدا ئاماژەى بەوەش داوە "سەرەتاى هەفتەى ڕابردوو بزوێنەرى نوێ بۆ ئێران ڕەوانە کراوە، بۆ ئەوەى لە ڕێگەى تیمێکى بچووکی ئەندازیارى کارى گۆڕینى بزوێنەرى فڕۆکە پەکخراوەکە ئەنجام بدەن". چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردووە "سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ئێران بە تایبەت بۆ کەرتەکانى پیشەسازی ئاسمانى تاران، هۆکارى سەرەکیی دواکەوتنى پڕۆسەى چاککردنەوەى فڕۆکە نۆروێژیەکە بووە".

واشنتۆن ڕێگە بە هیچ بەرهەمێک نادات بچێتە ئەو وڵاتە کە هاتوو پشکدار بێت بەسەدا ١٠ ـى بەرهەمهێنانى ئێران، هەموو ڕێگەپێدانێکیش دەبێت تەنها لەرێگەى وەزارەتى خەزینەوە بێت. ئەو پارچە یەدەگەى فڕۆکە نۆروێژیەکە پێویستى بوون، پەیوەندی بە کۆمپانیاى بوێنگی ئەمەریکی بووە، کە بەئاسانى ڕێگەى بەچوونى ئەو پارچە یەدەگانەى نەدەدا.

لەبارەى چۆنیەتى بەدەستهێنانى ڕەزامەندی واشنتۆن بۆ گەیشتنى ئەو پارچە یەدەگانە هیچ زانیارییەک لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئێران و نۆروێژ بڵاو نەکراونەتەوە. دواى واژۆکردنى ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی نێوان ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکەى جیهان لە ٢٠١٥، حکومەتى ئەمریکا ڕێگەى بە هەردوو کۆمپانیاى بوێنگ و ئێرباس داوە بۆ ئەوەى کەرستەى پێویست بە ئێران بفرۆشن، بەڵام سزاکانى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا سەرجەم ڕێگەپێدانەکانى هەڵوەشاندەوە.

دواى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەش ئێرباس سێ فڕۆکەى ڕادەستى تاران کرد، دواتر بەهۆى سەپاندنەوەى سزاکان سەرجەم داواکارییەکانى کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەستهێنانى فڕۆکەى نوێ کە بەهاکانیان نزیکەى ١٩ ملیار دۆلار بوون هەڵوەشاندەوە. لەلایەن خۆیشیەوە بوێنگ ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنى ٨٠ فڕۆکەى سەرنیشین بەکۆمپانیاى فڕۆکەوانى ئێرانى نیشان دابوون، بەڵام سزاکان ڕێگەى نەدا دەست بە دروستکردنی ئەو فرۆکانە بکرێن.