Skip to main content

دژبەیەکبوونی زانیارییەکان لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و ئێران

دژبەیەکبوونی زانیارییەکان لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و ئێران
posted onFebruary 28, 2026
nocomment

لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ڕوو لە زیادبوونن، هەواڵی دژبەیەک دەربارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بڵاوکرانەوە. فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا و دوو کۆمپانیای ئێرانی بۆ تاران، کە بڕیاربوو شەوی هەینی ٨ی ڕەشەمە لە کاژێر ١٠ی شەو بەدواوە ئەنجام بدرێن، هەڵوەشێندراونەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، چوار گەشتی دیکەی ڕۆژی شەممە و گەشتێکی شاری تەورێزیش هەڵوەشێندراونەتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەندێک سەرچاوە هۆکارەکەی بۆ "زیادبوونی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا" لە دەوروبەری ئێران دەگێڕنەوە.

لە بەرامبەردا، یەحیا ئۆستوون، گوتەبێژی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (ترکیش ئێرلاینز) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، گەشتەکان بەپێی خشتەی ئاسایی خۆیان بەردەوامن.

تورکیا کە سنوورێکی ٥٥٠ کیلۆمەتری لەگەڵ ئێران هەیە، تاوەکو ئێستا وەک وڵاتانی دیکە هۆشداریی فەرمی بۆ هاووڵاتییانی سەبارەت بە گەشتکردن بۆ ئێران بڵاونەکردووەتەوە و بەرپرسانی ئەنقەرەش لەسەر ڕووداوەکان بێدەنگییان هەڵبژاردووە.