Skip to main content

تاریکیی دیجیتاڵی؛ هەفتەیەکە ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران بڕاوە

تاریکیی دیجیتاڵی؛ هەفتەیەکە ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران بڕاوە
posted onJanuary 16, 2026
nocomment

بڕانی سەرانسەریی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران، کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕەزایەتییەکان پەیڕەو کراوە، پێی نایە دووەم هەفتەیەوە.
هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێوارەی پێنجشەممە (١٨ی بەفرانبار) بەتەواوی بڕان، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ فراوانبوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا کە ئینتەرنێت بڕاوە، راپۆرتی جۆراوجۆر لەبارەی کوژرانی هەزاران خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە رۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا بڵاوکراونەتەوە، بەڵام بەهۆی پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکان، تاوەکو ئێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ راستی و دروستیی ئەو ئامارانە پشتڕاست بکەنەوە.

رێکخراوی "نێت بلۆکس" (NetBlocks) کە چاودێریی باری ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، رێک هەفتەیەک پێش ئێستا ئێران بە بڕیاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە کەوتە نێو "تاریکییەکی دیجیتاڵییەوە". نێت بلۆکس ئاماژەی بەوەش کردووە، پاش تێپەڕبوونی ١٦٨ کاتژمێر، داتاکان دەریدەخەن کە پچڕانی ئینتەرنێت هێشتا بەردەوامە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەو دۆخە دەربڕیوە و داوایان لە تاران کردووە، دەستبەجێ کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنێت و مافی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستەبەر بکاتەوە.