Skip to main content

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا زیاتر لە 3400 کەس کوژراون

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا زیاتر لە 3400 کەس کوژراون
posted onJanuary 16, 2026
nocomment

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) نوێترین ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ هەزار و ٤٢٨ خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.

رێکخراوەکە کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجه‌، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی رێگرییە ئەمنییەکان و شاردنەوەی زانیارییەکان، ئەگەری هەیە ژمارەی راستەقینەی کوژراوان زۆر لەو ئامارەی راگەیێندراوە زیاتر بێت.

بەپێی راپۆرتەکە، لە کاتی دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە ١٠ هەزار خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون. رێکخراوەکە هێزە ئەمنییەکانی تۆمەتبار کردووە بەوەی "تەقەیان لە بریندارانی سەر شەقامەکان و نێو ناوەندە پزیشکییەکان کردووە."

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی چارەنووسی دەستبەسەرکراوەکان دەربڕیوە و هۆشداری داوە لەوەی، ئەگەری هەیە دوای "دادگاییکردنی رووکەش"، حکومەتی ئێران پەنا بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خۆپێشاندەران ببات.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و رێگری لە "ئەنجامدانی تاوانەکان" و لەسێدارەدانی ناڕازییان، هەنگاوی بەپەلە و کردەیی بنێن.