Skip to main content

دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیبراهیم جانەفەرد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

بۆکان
posted onJuly 19, 2025
nocomment

ڕۆژی شەممە ۲۱ی پووشپەڕ، ئیبراهیم جانەفەرد، تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی گوندی «ڕەحیم خان»ی سەر بە شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەكی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر، لە لایەن لقی ۱۱۰ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئیبراهیم جانەفەرد کە پێشتر ئەندامی یەکێك لە حیزبە کوردستانییەكی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، دوای جودابوونەوە لەو حیزبە و گەڕانەوەی بۆ زێدەکەی،لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.