Skip to main content

بڕیارە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رۆژی پێنجشەممە بڵاوبکرێتەوە

باکوور
posted onFebruary 26, 2025
nocomment

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز بڕیارە رۆژی پێنجشەممە پارتی دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بەڕێوەببات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دیدارەکانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەروەها بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی چاوەڕوانکراوی ئۆجەلان.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دادی تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان بکەن، کە لە مانگی دیسامبرەوە ئەمە سێیەم سەردانی لەو شێوەیە دەبێت.

پارتی دیموکراسی گەلان هیوای خواستووە پەیامەکەی ئۆجەلان بە شێوەی ڤیدیۆیی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی حکومەت و پارتی دەسەڵاتدار دژی ئەوە وەستاونەتەوە.

هەروەها سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک داواکاری پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە شاندەکە.

ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە زیندانێکی دوورەدەستی دوورگەی ئیمراڵی لە دۆخێکی گۆشەگیری تەواودا راگیراوە و تەنها دەرفەتی کەمی هەبووە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە.