نزیکەی سێ هەفتەیە دەروازەی سنووری مێران لە پارێزگای ئیلام داخراوە و قایمقامی شاری مێران دەڵێت: کێشە لە دیوی عێراق دایە، بەڵام لە هەوڵدان کێشەکە چارەسەر بکەن.
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا نە شۆفێر کاری کردووە، نە بازرگانەکان بارەکانیان گەیاندووەتە شوێنی مەبەست، نە کرێکار کاری کردووە، ئەویش لە دۆخی خراپی ئابووری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا.
رۆژی شەممە شۆفێری بارهەڵگرێک گوتی: بڕیار بووە بە رۆژێک بارەکانیان بەتاڵ بکەن، بەڵام ئەوە زیاتر لە 15 رۆژە لە دەروازەی سنووری مێراندا گیریان کردووە و هیچ بەرپرسێکیش لە پارێزگای ئیلامدا وەڵامدەری کێشەکەیان نییە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەکان هیچ نیشانەیەک نییە کە گومرکی ئیلام لە ماوەی رۆژانی داهاتووشدا بکرێتەوە.
عەلی عەباس شەفیعی، قایمقامی شاری مێران، رۆژی یەکشەممە گوتی: هۆکاری راوەستانی دەروازەی سنووری مێران بۆ یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتی عێراق دەگەڕێتەوە، حکومەتی عێراق گومرکی قورسی لەسەر بازرگانەکان داناوە و ئەمەش کێشەی بۆ بازرگانە عێراقییەکان دروست کردووە.
قایمقامی مێران دەڵێت: لەگەڵ قایمقامی شاری بەدرەی عێراق دانوستاندن کراوە و تەنانەت باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداش بەدواداچوونی بۆ ئەم کێشەیە کردووە.