Skip to main content

کاردانەوەى خەڵک بەرامبەر قسەکانی وەزیری کشتوکاڵ لەسەر گرانبوونی گۆشت

کاردانەوەى خەڵک بەرامبەر قسەکانی وەزیری کشتوکاڵ لەسەر گرانبوونی گۆشت
posted onJanuary 29, 2019
nocomment

 

مەحمود حوجەتی وەزیری کشتوکاڵی ئێران ڕۆژی شەممە ٧ ڕێبەندان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی و سەبارەت بە گرانی مریشک و گۆشت لە ئێران گووتی "سەرەتا دەبی شوکرانەبژێر بین کە مریشک و گۆشت هەیە"، ئەم قسەیەى وەزیر هەڵای لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نایەوە.

 

یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاردانەوەی قسەکانی حوجەتی و بە ڕەخنەگرتن لە شێوازی ئەو قسانەی وەزیری کشتوکاڵ گووتی "مەبەستی وەزیر ئەوەیە شوکرانەبژێر بین کە لە پشتی ویترینەوە مریشک و گۆشت ببینن. شیمانە دەکرێ ئەوەش نەمێنێ".

کەسێکی دیکە نووسیویەتی "خوا شوکر دەکەین کە هەناسە هەڵدەکێشین"  و هەروەها بەکارهێنەرێکی تویتەر بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کرێکارێکی شارەوانی کە لە پەنا دەزگایەکی مریشکبرژاندن خەریکە خۆگەرمکردنەوەیە، بە توانجەوە نوسیویەتی "لە کاتی شوکرانەبژێری، بەهۆی گەرمایی دەزگاى مریشکبرژاندن لە وڵات".

ناڕەزایەتی خەڵک لەمەڕ نرخی شتومەک بە تایبەت زیادبوونى نرخی مریشک و گۆشت لە کاتێکدا بە پێی ڕاگەیندراوی ناوەندی ئاماری ئێران لە بەفرانباری ئەمساڵ ڕیژەی هەڵاوسانی خاڵ لەسەر خاڵ "جیاوازی نێوان نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە نێوان ئەو ساڵ و ساڵی پاردا" نیزیک بە ٤٠% بووە. هەروەها گرووپی گۆشت لە بەفرانباردا بە جیاوازی لەگەڵ مانگی پێشووتر زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی بەخۆیەوە بینیوە. نرخی گۆشتی مەڕ لە بەفرانباری ڕابڕدوو ٧٠ لەسەد زیادی کردووە.

پێشتر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی قاچاخی گۆشتیان بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت دەزانى، پرسێک کە لە لایەن هێزی ئینتیزامی ڕەت کرایەوە و لە هەمانکاتدا دەزگای قەزایی خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی تووندی یاسایی بوو لەوبارەوە. سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادوەرى ئێران ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان ئاماژە بە قاچاخی گۆشت و کاڵاکانی دیکە گووتی "دادگاکانی سەرتاسەری ئێران پێویستە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووى قاچاخی پێداویستییە بنەڕەتییەکان ببنەوە و ڕێگە نەدەن لەو بارودۆخەدا کەسانێک لە بیری قازانجخوازی خۆیان دابن"، ئەگەرچی لاریجانی بە ڕوونی باسی سزای سێدارەی نەکرد، بەڵام بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی تووندترین سزا سێدارەیە.

 

ئەم ڕاپۆرتە لە دەنگى ئامریکا وەرگیراوە.